ژیلوان حەمەد : ئەگەر مەسعود ئۆزێل شانازی بە کوردبوونی خۆی نەکات، گرنگ نییە کوردبێت یان نا

2,w=650,c=0.bild

 

ژیلوان حەمەد، یاریزانی کوردی ھەڵبژاردەی سوێد و یانەی ھۆفنھایمی ئەڵمانی:
زڵاتان ئیبراھیمۆڤیچ زۆر لە بارەی کوردستانەوە دەزانێت
“ئەگەر مەسعود ئۆزێل شانازی بە کوردبوونی خۆی نەکات، گرنگ نییە کوردبێت یان نا”
“دەمەوێ یاری بۆ ئەی سی میلان یان ریال مەدرید بکەم”
“ھیچ ھەستێک واملێناکات یاری بۆ ھەڵبژاردەی عێراق بکەم”
“لە ئەوروپا زۆر یاریزانی باشی کورد ھەیە، بەڵام لەبەر دیسکۆ و رابواردن ون دەبن”
“درێسێک کە ئاڵای کوردستانی لەسەربێت لە ژێرەوە لەبەردەکەم و ئەگەر گۆڵێکم لە بۆندسلیگا تۆمارکرد درێسی سەرەوەم لەبەردەکەمەوە”
“دەمەوێ لەم ھاوینەدا ببمە یاریزانی سەرەکی ھەڵبژاردەی سوێدو ٩٠ خولەک یاری بکەم”

لە شاری ھایدلبێرگی ئەڵمانی، (رووداوی وەرزشی) سەردانی ماڵی ژیلوان حەمەدی یاریزانی کوردی ھەڵبژاردەی سوێد و یانەی ھۆفنھایمی ئەڵمانی کرد، ھەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەنجامداو چەند پرسیارێکی ئاراستەکرد. لەو سەردانەدا ژیلوان حەمەد، ئەو درێسەی کە لەگەڵ یانەی ھۆفنھایم لەبەردەکات بە ئیمزای خۆی پێشکەشی (رووداوی وەرزشی) کردو ھیوای خواست لەم ھاوینەدا ببێتە یاریزانێکی سەرەکی لە ریزەکانی ھەڵبژادەی نیشتیمانیی سوێد.
شێروان یاسین
رووداوی وەرزشی ـ ئەڵمانیا

رووداوی وەرزشی: تۆ کە یاری لە بۆندسلیگا دەکەی، یەکێک لە بەھێزترین خولەکانی جیھان، متمانەی ئەوەت بەخۆیە ببیە یاریزانێکی سەرەکی یانەی ھۆفنھایم؟
ژیلوان حەمەد: لە راستیدا ئەوە ماوەی ساڵێکە لە ئەڵمانیام، ھێشتا بە تەواوی جێگەی خۆم نەکردووەتەوە، بەڵام گەورەترین ھیوام ئەوەیە ببمە یاریزانێکی باش لە بۆندسلیگا، کە یەکێکە لە خولە باشەکانی جیھان.
رووداوی وەرزشی: تۆ وەک کوردێک بەرپرسیاریەتییەکی گەورەت لەئەستۆیە بەوەی لە رێگەی ھۆفنھایمەوە بتوانی ببییە یاریزانی گەورە یانەیەکی جیھان، بارسێلۆنا، ریال مەدرید، مانچستەر یونایتد یان بایرن میونشن و ئەوانی دیکە؟ ئایا تۆ بیرت لەو بەرپرسیاریەتییە کردووەتەوە؟
ژیلوان حەمەد: ھەموو یاریزانێک ھەر لە منداڵییەوە خەون بەوە دەبینێت یاری بۆ یانە گەورەکان بکات. من ئێستا کە لە ھۆفنھایمم خەونی من ئەوەیە لە چەند ساڵێکدا ببمە باشترین یاریزانی ئەو یانەیە، ئینجا بێگومان خەونم ئەوەیە رۆژێک یاری بۆ یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی یان ریال مەدریدی ئیسپانی بکەم. ھەرچەندە ئێستا تەمەنم ٢٤ ساڵەو دەبێ خەونەکانم لە خەونەکانی یاریزانێکی تەمەن ١٦ ساڵی جیاوازبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تۆپی پێیە ئەگەر ساڵێک یاری باش بکەی ھەموو دەرگاکان لەبەردەمتدا دەکرێنەوەو چانسی ئەوەت بۆ دێت یاری بۆ یانەیەکی گەورە بکەی.
رووداوی وەرزشی: کەی لە ریزەکانی ھەڵبژاردەی سوێد دەتبینین؟
ژیلوان حەمەد: ئەوە گەورەترین ھیوای منە، دەمەوێ لەم ھاوینەدا ببمە یاریزانی سەرەکی ھەڵبژاردەی سوێدو ٩٠ خولەک یاری بکەم.
رووداوی وەرزشی: ھاندەرانی کورد دەیانەوێ لە کاتی یاریکردن سیمایەکی کوردانەت پێوەدیاربێت، واتە دەتوانی وەک زۆر لە یاریزانە ئەفریقیی و ئاسیاییەکان لە کاتی یارییکردن ئاڵایەکی کوردستان لەدەستت بکەی، کە بێگومان ئەوروپییەکان رێگە لەو شتانە ناگرن؟
ژیلوان حەمەد: ساڵی ٢٠١٣ کاتێک لەگەڵ یانەی ماڵمۆ جامی سوێدمان بردەوە ئاڵایەکی کوردستانم ھەڵگرتبوو، وێنەکە زۆر بڵاوبووەتەوە. من شانازی بە کوردبوونی خۆم دەکەم، ھێندە باسی کورد دەکەم ئێستا لە ھەموو سوێد کە ناوی من دێت دەزانن من کوردم. ھیوادارم درێسێکی ژێرەوەم بە ئاڵای کوردستانەوە ھەبێت، ئەگەر گۆڵێکم کرد، درێسی سەرەوەم لەبەربکەمەوە و ئاڵای کوردستان نمایش بکەم، ئەگەر لەو پێناوەدا کارتێکی زەردیش وەرگرم کێشە نییە.
رووداوی وەرزشی: بیستوومانە تۆ ھاوڕێیەکی زۆر نزیکی زڵاتان ئیبراھیمۆڤیچی؟ ئایا ئەو ھیچ لە بارەی کوردەوە دەزانێت، قەت لەو بارەوە قسەتان نەکردووە؟
ژیلوان حەمەد: بەڵێ، زڵاتان زۆر باش کورد دەناسێت و کاتێک لەگەڵ دادەنیشم زۆر باسی کوردستان دەکەین، چونکە ھاوڕێی منداڵیەتی ئەو کوردێکە، باشترین و نزیکترین ھاوڕێی ئەو کوردەیە کە پێَکەوە گەورەبوونە، ناوی نۆشییە، خەڵکی سلێمانییە، ئێستا ماڵی لە ھامبێرگە، بەڵام پێشتر ماڵی لە ماڵمۆ بوو، ئێستا خاوەنی کۆمپانیایەکە. کاتێک چوومە ھەڵبژاردەی سوێد بە زڵاتانی گوت ئەمەش کوردە، واتە ئاگاداری بە.
لە راستیدا زڵاتان ھاوڕێی زۆر کەمە، ژمارەی مۆبایلی کەم کەسی ھەیە، ئەو نۆشییە نزیکترین کەسیەتی بۆیە زۆر لە بارەی کوردستان دەزانێت و وابزانم پلانێکی ھەیە لە پرۆژەیەک لە کوردستان ئەنجام بدات.
رووداوی وەرزشی: راستە دەڵێن زڵاتان کەسێکی زۆر لەخۆبایی و خۆسەپێنەرە لەگەڵ ھاوڕێکانی؟
ژیلوان حەمەد: لە راستیدا وانییە. لەوانەیە ئەگەر لە تەلەڤزیۆن ببینی وابزانی کە ئەو زۆر فشەفش دەکات و خۆی پێ گەورەیە، بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە بیناسی وانییە، زۆر گاڵتە دەکات. کوڕێکی زۆر بەڕێز و باشە، یارمەتی خەڵک دەدات. تەنانەت ئەگەر یەکێک بە تەنیا ببینێت پێیدەڵێت وەرە لێرە دانیشە.
رووداوی وەرزشی: دەکرێ نرخی گرێبەستەکەت لەگەڵ ھۆفنھایم بزانین و ئایا ماوەکەی چەندە؟
ژیلوان حەمەد: ماوەی گرێبەستەکەم ٣ ساڵ و نیوە، لەو ماوەیەدا نزیکەی ٨ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرم، واتە بۆ ھەر ساڵێک زیاتر لە ٢ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرم.
رووداوی وەرزشی: بۆچی لە سوێد و لە ئەوروپاش بە گشتی زۆر یاریزانی کورد لە ریزی ھەڵبژاردەی لاوانی وڵاتانی ئەوروپا دەبینین، کەچی لە ھەڵبژاردە نیشتیمانییەکان نایانبینین؟ ھۆکارەکان چین؟
ژیلوان حەمەد: لە راستیدا وایە، لە تیپە لاوەکانی سوێددا زۆر یاریزانی باشی کورد ھەیە، بەڵام دواتر ون دەبن و نامێنن، ئێستا لە خولی پلە یەکی سوێددا یەک یاریزانی کوردیش نییە. منیش نازانم، زۆر بیری لێدەکەمەوە، زۆریان بەھۆی پەروەردەی ماڵێیە، دایک و باوکیان لەوە تێنەگەیشتوون کە تۆپی پێ کارێکی باشە، خۆم برادەری کوردم ھەبووە لە تەمەنی ١٥ و ١٦ ساڵی زۆر لە من باشتر بووە، کەچی دایک و باوکی بڕیاریانداوە لە پێناو قوتابخانە کوڕەکەیان لە تۆپی پێ قەدەخە بکەن، چیدی رێگەیان پێنەداوە یاری بکات. لە راستیدا ھەندێکیشیان کە تەمەنیان دەگاتە ١٨ ساڵی رێگەیان لێ ون دەبێت و بە دوای شتی دیکەی وەک دیسکۆ و رابواردن دەکەون.
رووداوی وەرزشی: ئەی بۆ تۆ بەردەوام بۆی و رێگەت ون نەکرد؟
ژیلوان حەمەد: لە راستیدا ئەوە بۆ چاکەی باوکم دەگەڕێتەوە کە بەردەوام لەگەڵمدا بووە، ھاوکاری کردووم و ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ رەخساندووم.
رووداوی وەرزشی: زۆرجار لە کوردستان باس لەوە دەکرێت کە ھەندێک لە ئەستێرە بەناوبانگەکانی ئەوروپا کوردن، وەک ئیدین دەیردۆکی سویسری و مەسعود ئۆزێلی ئەڵمانی، تۆ چ زانیارییەکت لەو بارەوە ھەیە، ئایا ئەوانە کوردن؟
ژیلوان حەمەد: منیش ھەر لە منداڵییەوە گوێم لەوە بووە کە مەسعود ئۆزێل کوردە، بەڵام کە ئەو بەخۆی نەڵێت کوردم و سەربەرز نەبێت بە کوردبوونی خۆی بەڵای منەوە کورد بێت یان نا، گرنگ نییەو بە کورد حەساب نییە. سەبارەت بە ئیدین دەیردۆکیش، کە یاریزانی ھەڵبژاردەی سویسرایە، گوێم لێبووە کە کوردی باکووری کوردستانە، بەڵام لە راستیدا باش نایناسم.
رووداوی وەرزشی: ئەگەر ھەڵبژاردەی عێراق داوای لێکردبای یاری بۆ بکەی چ بڕیارێکت دەبوو؟
ژیلوان حەمەد: لە راستیدا لە ساڵی ٢٠١٠ کە ئەوکات سیدکای ئەڵمانی راھێنەری ھەڵبژاردەی عێراق بوو، رۆژێک لە ماڵەوە بووم، سیدکا تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی حەزدەکەم بێی لەگەڵمان تێستێک بکەی بۆ ئەوەی بزانی یاریکردنی ئێمەت بەدڵ دەبێت و یاریمان بۆ دەکەی یان نا، بەڵام پێمگوت نەخێر، چونکە ئەوکات کاپتنی ھەڵبژاردەی لاوانی سوێدی تەمەن خوار ٢١ ساڵی بووم، حەزمدەکرد ھەر لەگەڵ سوێد بەردەوام بم، کە بێگومان جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ھەڵبژاردەی سوێد و عێراقدا ھەیە. لە راستیدا نامەوێ لە راگەیاندنەوە ھەموو قسەیەک بکەم، بەڵام ھیچ ھەستێک واملێناکات یاری بۆ عێراق بکەم، ھەرچەندە ئێستاش دەتوانم یاری بۆ بکەم، چونکە بێجگە لە یارییە دۆستانەکان ھێشتا ھیچ یارییەکی فەرمیم بۆ ھەڵبژاردەی نیشتیمانیی سوێد نەکردووە.
رووداوی وەرزشی: بەڕای تۆ باشترین یاریزان کە یاری تۆپی پێی کردبێت کێیە؟
ژیلوان حەمەد: زۆر سەرسامم بە رۆناڵدۆی بەرازیلی و ئەندرێ شیڤشینکۆی ئۆکرانی و زێنەدین زێدانی فەرەنسی.
رووداوی وەرزشی: لە کام یاریدا حەزت کردووە لەگەڵ ھەڵبژاردەی نیشتیمانیی سوێد یاری بکەی؟
ژیلوان حەمەد: لە یاری یەکلاکەرەوەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی ٢١٠٤ کاتێک بەرامبەر ھەڵبژاردەی پورتوگال یاریمان ھەبوو، ناوم ژمارە ١٩ بوو لە لیستی ٢٠ یاریزانی یارییەکە، واتە لە یەدەگەکان نەبووم، بەڵام لەگەڵ راھێنەر و یەدەگەکان دانیشتم، حەزم دەکرد یاریم کردبا. کە لە راستیدا رۆناڵدۆ ئەو رۆژە ھەڵبژاردەی سوێدی تەواوکرد، ھاتریکی تۆمارکردو ھەر بەو ھاتریکەش باڵۆن دۆری ٢٠١٣ بردەوە.
رووداوی وەرزشی: ئاریێن رۆبنی ھۆڵەندیت پێباشترە یان فرانک ریبێری فەرەنسی؟
ژیلوان حەمەد: ھەردووکیان یاریزانی زۆر باشن، بەڵام رۆبنم پێباشترە، چونکە ھەرکاتێک تۆپ بگاتە بەر قاچی زۆر مەترسیدارە.
رووداوی وەرزشی: پێشتر رووداوی وەرزشی پۆستەرێکی تۆی بڵاوکردووەتەوەو ئەگەر وێنەیەکی کوالیت بەرزی بە درێسی ھۆفنھایمەوە دەستکەوت جارێکی دیکە دەیکاتەوە پۆستەر بۆ جەماوەری وەرزشیی کوردستان؟
ژیلوان حەمەد: باشە بەسەرچاو، وێنەیەکی باشی خۆم بە درێسی ھۆفنھایمەوە بۆ (رووداوی وەرزشی) دەنێرم.
رووداوی وەرزشی: زۆر سوپاس کە زۆر کاتمان لێوەرگرتی؟
ژیلوان حەمەد: کێشە نییە، منیش سوپاسی ئێوەو (رووداوی وەرزشی) دەکەم.

پرۆڤایل
* ناوی ژیلوان حەمەدەو ناسراوە بە (چیلە).
* لە ٦/١١/١٩٩٠، لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەرباینجان لەدایکبووە.
* بە رەچەلەک خەڵکی شاری رانیەی باشووری کوردستانە.
* درێژی باڵاکەی ١٧٣سانتیمەترەو کێشی ٧٩ کیلۆگرامە.
* یاریزانی ھەڵبژاردەی نیشتیمانی سوێد و یانەی ھۆفنھایمی ئەڵمانییە.
* پێشتر یاری بۆ ھەڵبژاردەی تازەپێگەیشتوانی تەمەن خوار ١٧ ساڵ و ھەڵبژاردەی لاوانی تەمەن خوار ١٩ و خوار ٢١ ساڵی سوێدیش کردووە.
* شوێنی یاری کردنی ھێڵی ناوەڕاستە.

دیمانه‌ : جودی مزوری

به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی  رووداوی وه‌رزشێ وه‌رگیراوه‌

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply