بەڕێوبەری یانەی داڵکورد بۆ یاریگا دەدوێت : لە هەژارترین یانەکانی خولی سویدین

10273698_10152070314818247_9052333467407615547_n

تایبەت بە یاریگا : لەگەڵ کۆچی کوردان بۆ هاندەران ژمارەیەکی زۆر یانەی وەرزشی کوردی لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپادا سەریانهەڵدا.  داڵکورد  نمونەی سەرکەوتووترین یانەی کوردی ئەورووپایە و هاوکات خۆشەویستیان بۆ نیشتمان بۆتە هۆی ناساندنی زیاتری کورد بە جیهان.

لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی کوردستان و سەرهەڵدانی جەنگ لە دژی داعش ، داڵکورد بە بەردەوامی هەوڵی گەیاندنی دەنگی کوردی دەدا بەرووی جیهاندا ، تاوەکو گەیشتە ئەوەی لە یەکێک لە یارییەکانی خولی پلە دووی سویدی دا  یاریزانەکان بە بانەرێکی گەورەوە بە ناونیشانی “کۆبانی بپارێزن” هاتنە ناو یاریگا.  ئەمەش ئەو یانەیەی خستە ژێر هەڕەشەی سزادان لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی سویدەوە. لەگەڵ ئەوەشدا  داڵکورد چانسی ئەوەی هەیە بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک بگاتە پاشکۆی پاڵآوتنەکان بۆ گەیشتن بە خولی پلە نایابی سوید.

یاریگا بەپێویستی زانی دیمانەیەک لەگەڵ عادل کزل بەڕێوبەری ئەو یانەیە ئەنجام بدات.

یاریگا :  پرسی سزادانەکەی داڵکورد گەیشتە کوێ؟

– چاوەڕوانی کۆبوونەوەی فیدراسیۆنین بۆ ئەنجامەکەی کە لە ١٠-١١ بەڕێوەدەچیت،

یاریگا : هەڕەشەی سزادان لە هەوڵدان بۆ پاڵپشتی کۆبانی راتان دەگرێت ؟

– هەرگیز واز لە پاڵپشتیکردنی کۆبانی ناهێنین ، ناتوانین چاومان دابخەین لە ئاست ئەوەی جیهان نایبینێت،

یاریگا : پاڵپشتییەکانی ئێوە چی بووە بۆ کۆبانی تا ئێستا ؟

– لە میانەی بەهێزترین یاری خولدا بە بانەرێکی گەورەوە چووینە ناو یاریگا و هەروەها بڕێک پارەشمان کۆکردەوە.

یاریگا : ئەتوانین بزانین بڕی پارەکە چەند بوو ؟

– سێ هەزار یۆرۆ.

یاریگا : با باسی  بارودۆخی داڵکورد بکەین ، ئێستا لە ڕووی ئاست و ئەنجامەوە چۆنن؟

– یانەکەمان لە دوو وەرزی رابردوو ئەنجامی باشی هەبووە ، تەنها یەک یاری خول ماوە و چانسی ئەوەمان هەیە دووبارە سەربکەوین بۆ پاشکۆکان.

یاریگا : چەند یاریزانی کورد لە یانەکەتان یاری دەکەن؟

– لە تیپی یەکەمدا زۆرنین و تەنها چوار یاریزانن، بەڵام لە کۆی یانەکەدا  نزیکی ٨٠-١٠٠ یاریزان.

یاریگا : لەڕووی داراییەوە کێ پاڵپشتی داڵکورد دەکات ؟

– چەند کۆمپانیایەک لە سوید کە زۆربەیان کوردین.

یاریگا : ئەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە کوردییەکان یارمەتیان داون ؟

– نەخێر هاوکارییەکان تەنها لە ناوخۆی سوید بووە و دەتوانم پێت بڵێم ئێمە یەکێک لە هەژارترین یانەکانی خولەکەین.

یاریگا : سوپاس بۆ کاتتان و بەهیوای ئەوەی سزا نەدرێن و ساڵی داهاتوو لە خولی پلە یەک بتانبینین. ئێوە جێگەی شانازی کوردانن.

– زۆر سوپاس ، یاریگا ڕۆڵی هەبووە لە ناساندنی ئێمەدا. گرنگترین شت ئەوەیە شتێکی باش بکەین کە ناوی کوردستانی لەسەربێت بۆ کوردی هەر چوار پارچە.

 

بۆ پاڵپشتیکردنی داڵکورد ڵایکی پەیجی فەرمی ئەو یانەیە بکەن لەم لینکەوە : https://www.facebook.com/Dalkurd.2004

 

10671239_10152394179388247_882752061758978182_n

 

 

 

 

 

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

سەرنووسەری ماڵپەری یاریگا

Leave A Reply