ته‌واو هه‌موو شتێك یه‌كلابووه‌وه‌، ئارتور بۆ یۆڤێنتۆس و پیانیچ بۆ بارسێلۆنا

بارسێلۆنا و یۆڤێنتۆس له‌باره‌ی گۆڕینه‌وه‌ی ئارتور و پیانیچ گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، رۆژی دووشه‌ممه‌ یان سێشه‌ممه‌ به‌فه‌رمی گرێبه‌سته‌كان راده‌گه‌یه‌نن.

رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی ئاشكرایكردووه‌، ئه‌مشه‌و ئارتور له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا ده‌چێته‌ سێلتاڤیگۆ و دوای یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی به‌ره‌و ئیتاڵیا گه‌شت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی پزیشكی ئه‌نجام بدات و سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یۆڤێنتۆس واژوو ده‌كات، پێشبینی ده‌كرێت رۆژی دووشه‌ممه‌ یان سێشه‌ممه‌ به‌فه‌رمی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگه‌یه‌نرێت.

رۆژنامه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر ئارتور 10 ملیۆن یۆرۆ و مێرالیم پیانیچ له‌ یۆڤێنتۆس وه‌رده‌گرێت.

به‌شێك له‌ میدیاكارانی كه‌ته‌لۆنیا پێیانوایه‌ ده‌ستبه‌رداربوونی بارسێلۆنا له‌ ئارتور په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌م كاتانه‌دا بارسێلۆنا به‌ دۆخێكی دارایی خراپدا تێده‌په‌ڕێت و ئارتوریش له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو نه‌یتوانی ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكات، گه‌رچی چاڤی و مێسی ستایشیان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و ناوه‌ڕاستكاره‌ به‌ڕازیلییه‌ نه‌یتوانی وه‌كو یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر خۆی بگونجێنێت.

ئه‌شره‌ف بن عه‌یاد، په‌یامنێری كه‌ناڵی بی ئین سپۆرتس له‌ شاری بارسێلۆنا به‌ تویتێك نزیكبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنی گرێبه‌سته‌كه‌ی پیانیچ و ئارتوری راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ئارتور تاكو كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ بارسێلۆنا به‌رده‌وام ده‌بێت.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close