وه‌رزش به‌ تامی هه‌ریسه‌

نووسینی: سیروان حەسەن ـ سلێمانی
لە کوتایی ھەشتاکاندا کاتێک لە تیپێکی میللی یاریم ئەکرد یاریزانێکمان ھەبوو زۆر نەگبەت و بەدبەخت و کەمێک بێزارکەر وکێشەی دەروونی ھەبوو، ھەر خولێک ئەھاتە پێشەوە لەھەمومان جددی تر ڕاھێنانی ئەکرد و خۆی ماندو ئەکرد و کاتێکیش یاری ئەکرا بەستەزمانە چرکەیەکیش یاری نەئەکرد وڕاھێنەرەکەمان یاری پێ نەدەکرد و کە بێ تاقەت ئەبوو لە دانیشتن و یاریپێنەکردن بە توڕەییەوە روی ئەکردە ڕاھینەرەکەمان و پێی دەوت کەی یاری بە من ئەکەی ؟ ئەویش زۆر بەھێمنی ئەیوت پەلە مەکە دامناوی بۆ گێمی سێھەم.
لە چەند رۆژی پێشوودا لەدوای ڕاگەیاندنی 34 ناوی لیستی یاریزانانی بانگھێشتکراو بۆ ھەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵاوتنەکانی (جامی جیھانی 2022 و جامی ئاسیا 2023) فەرامۆشکردن و کەنارخستن و تەریک کردنی یاریزانانی کورد ئەو جێمی سێھەمەی بیرخستمەوە، چونکە چەند یاریزانێکی بەتوانای کورد (کە لێرەدا ناوەکانیان ڕیز ناکەم چونکە بابەتەکە گشتگیرە و تاکەکەسی نییە ، ھەروەھا نەوەک ناوێکم بیر بچێت) ھەن کە بانگھێشت نەکردنیان بۆ ھەڵبژاردەی عێراق جێگای پرسیار و تێڕامان و گومانیشە، چونکە ئاستیان لەھەڵبژاردەی عێراق بەرزتر نەبێت نزمتر نییە و ھەندێکیان لە یانەی زۆر باشتر و پیشەگەرتر لە ھەڵبژاردەو یانەکانی عێراق یاری ئەکەن وتوانا و بونی خۆشیان سەلماندوە بەڵام ئیتر چی بکەن خوای گەورە بەکورد خەڵقی کردون و کوردی عێراقین و ناوو ناونیشان و زمانیان کوردیە کە ئەمانەش بووە بەھۆی مامەڵەکردنێکی نادادپەروەریانەی جیاکاری لەگەڵیاندا لە لایەن سەرپەرشتیاری ھونەری و ئیداری ھەڵبژاردەی عێراق وه پشکی شێریش لەم ناهەقیەی بەرامبەر یاریزانە کوردە پیشەگەرەکان دەکرێت بەر ( کاتانیش )ی فێرکار ناکەوێت بەڵکو کەسانێکی سەروو ( کاتانیش)ن ، تاکە گوناھ و خەتا و سوچی یاریزانە کوردەکان بە تەنها ئەوەیە ئەوان کوردن و ناویان کەڕاڕ و حەیدەر نیە ، ئەگینا یاریزانمان ھەیە لە یانەی ئەوروپی یاری ئەکات و لەوێ ئەستێرەیە ، بەڵام لێرە دەست نادات بۆ ھەڵێژاردەی عێراق ، چونکە لە ئەوروپا نە (نەتەوە) ئەخوێنرێتەوە و نەکەسیش بە گەز و مەتری (تائیفی) تیپەکان ئەپێون و ھەڵیانئەبژێرن ، نە سەیری سەر و ڕیش و نوێژکردنت ئەکەن و نەسەیری (ناوو دیانەت وتائیفەت) ئەکەن .
چەند ساڵێک پێش ئێستا لە یەکێک لە ھەڵبژاردەکانی عێراق کەسێک کاپتن بوو ئاستی زۆر نزم بوو لە ھاوڕێیەکی بەغدادیم پرسی ئەوە چۆن ؟؟ وتی ڕاھێنەر نیە ئەوە لاببات یان یاری پێ نەکات یان نەیکات بە (کاپتن) چونکە پشتی قایمە منیش وتم جائەو ئەبێت شوتی قایم بێت یان پشتی!! .
ئینجا شتێکی تریش بێسودی و بێ ئەرزشی ئەو ھەموو پیرۆزبایی وشاییولۆغانەی ھەندێک بەناو رۆژنامەنووسی وەرزشی لای خۆمان کردیان بۆ وەرزشی عێراق و دەسەڵاتدارانی و سەرپەرشتیارانی و خۆکردن بە غوڵامیان و کوردستان ناو ھێنان بە (شیمال )و تەعریف کردنی بەرپرسانی وەرزشی خۆمان وەک گەندەڵ کە موستەحەقی ڕاماڵین و لێپرسینەوەن وەک ئەوەی بەغدا شامی شەریف و مێرگی دیموکراسی و لانکەی شەفافیەت بیت لەبیریان چوبو کەچەڵ ئەگەر حەکیم بوایە سەری خۆی دەرمان ئەکرد و ئەوەی چاوەڕێی نانی دراوسێ بێت بێ شێو سەرئەنێتەوە.
ھەمیشە کورد لەھەموو بواریکدا لە عیراق حسابی میوانی بۆکراوە و تەنانەت ھەندێکمان کە زۆر خۆیان بەدڵسۆز و خزمەتکاری ئاڵای عێراقیش ئەزانن فەقیرانە لە حساب بۆ کردندا عیراقیەکان لە پاڵ فاریزەدا دایاندەنێن و کاتێکیش کوردێک ئەرکێک یان پۆستێکی پێ ئەسپێرن دەست ئەکرێت بە گەلەکۆمە و چاڵ بۆ ھەڵکەندنی بۆ پاڵ پێوەنانی ، زۆر بە ئاشکراش ئەڵێن عێراقی عەرەبی چۆن ئەبێت کوردێک نوێنەری بێت ، ئیتر ئەو کوردە باشترین یاریزان و لێھاتوترین وەرزشەوانیش بێت لە کۆتاییدا ئەو کوردە و ھەتا لەتوانایاندا بێت ناھێڵن ڕۆڵی ھەبێت لە تیپە عێراقیەکاندا مەگەر ناچار و مەجبوربن ھەروەک ئەو ڕۆژانەی ھەمویان لەھەرێم ئاوارە و ڕاکردووی دەستی یەکتری بوون ، بۆیە لێرەشدا بە فورسەتی ئەزانم داوا بکەم ھیچ کوردێک نەخەڵەتێ و خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی(یەکێتی تۆپی پێی عێراق ) چونکە دەرچونی نزیکە لەمەحاڵەوە چونکە ئەوان کورد بەبرا ئەزانن کاتێک شەڕیان بێت لەنێو خۆیاندا ، کاتێکیش شەڕیان نەبێت ئەوە کورد ھاوڵاتی پلە دوو و ھەندێک شوێن ناشێت بۆ کورد .
بەش بە حاڵی خۆم پێم خۆش نیە ھیچ کوردێک خزمەتی ھەڵبژاردەو تیپ و یەکێتیە عێراقیەکان بکەن چونکە جگە لەوەی حسابی (سوخرەکێش)ی بۆ ئەکرێت مافی خۆشی پێ نادرێت ، ھەر ھەڵەیەکیش بکات تۆمەتی ناپاکی و نادڵسۆزی سازو ئامادەیە پێوەی بلکێندرێت و تۆمەتباربکرێت بەوەی گیانی عێراقی بوونی لاوازە لەکاتێکدا حسابی ھاوڵاتی بۆ ناکرێت لە تیپ و ھەڵبژاردەو یەکێتیە وەرزشیە عێراقیەکان و ھەر ئەمەش ئەو ڕۆحی عێراقی بوونەی لا لاوازکردوە ، کاتێک بەچاوی خۆی ئەبینێت (جەعفەر و سەجاد) دەرگاکان لەبەردەمیاندا ئاوەڵایە و ( ژیلوان)ەکانیش چەند لێھاتوش بن ناچنە ھەڵبژاردەی عێراق ، ئیتر دڵی چیان بەو عێراقە خۆشبێت ، ئێ خۆ ھەر ئەو ناھەقی کردنە وای لە عومەر و عوسمان کرد یاخی بن لەدەست جیاکاری و نادادی ئەمانەی ئێستا بەرپرس و بەڕێوەبەری وەرزشی عێراقن و جارانیش کە یاریکەربون خەریکی شکات و ڕاپۆرت نوسین و مل شکاندن بون بۆ خۆبردنە پێشەوە و خۆنزیک کردنەوە لە ئوستاز و ئێستاش ھەمویان بون بە تێکۆشەری دێرین وخەباتکاری وەرزشی و فەقیرانە ھەموو ئەو شتانەی کردویانە بەزۆر پێیان کراوە، جارانیش زۆربەیان خاوەن پلەی سەربازی و ئەمنیش بوون چونکە یاریزانی یانەی ڕەشید یان ھەڵبژاردەی عێراق بون و ھەندێکیشیان ئەناسم ، نەوەفایان بۆ ئوستاز هەبوو نە بۆ هاوڕێ و هاوەڵەکانی خۆشیان بەئەمەک بون هەردو کۆچکردو (عەلی حسێن و عەلی کازم )بە نمونە ، ئیتر وەفای چییان بۆ ئێمە هەبێت.
بڕوا ناکەم ھەڵبژاردەکانی عێراق ھیچ خێر و بێرێکی ھەبێت بۆ یاریزانانی کورد بۆیە دووبارە بە ( ژیلوان)ەکان دەڵێم دڵگران مەبن لەوەی بانگھێشتی ھەڵبژاردەی عێراق نەکراون چونکە بانگێشیشتان کەن دڵنیابن مامەڵەی شیاوو یەکسانتان لەگەڵ ناکەن بۆیە بەڕای من بەشداری نەکردنتان باشترە چونکە ئەم بەڵگەی نادادی و جیاکاریە بەدەستمانەوە بێت باشترە لە دوو سێ یاریزانی یەدەگ و ھەڵبژاردەکەش پێشکەش بە خۆیان بێت و پیرۆزیان بێت و لەبەر ئەم ھەڵسوکەوت و ڕەوشتانەیانە کە ژمارەیەکی زۆر کورد ھەڵبژاردەی عێڕاق بە موڵکی خۆیان نازانن و ئه‌وه‌ی خۆشم به‌ نموونه‌.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close