ئەم خەڵاتەیان بەچەند؟!

سیروان حسن/ سلێمانی

لە ساڵانی نەبونی وگرانی نەوەدەکاندا پیاوێکی لای خۆمان ئەچێت بۆ ئێران بللوری چرا ئەھێنێت ، دور لە ڕوتان باری ھێسترێک دێنێت و کەدەگاتە سەرسنوری خۆمان کارمەندێکی گومرگ بۆ پشکنینی بارەکەی و گومرگ کردنی ڕایدەگرێت و بەشیشێکی ئاسن ھەتا ھێزی تیایە ئەیدا بە لایەکی بارەکەیدا و پێی ئەڵێت چیت ھێناوە؟ ئەویش بەکەساسی ئەڵێت وەڵڵا یەک شیشی تر بدەیت بەلاکەی تردا ھیچم نەھێناوە، کاتێک وێنەی( ناسڕ خڵێفی )سەرۆکی یانەی پاریس سان جێرمانم بینی لەسەر بەرگی گوڤاری( فڕانس فوتبۆڵ )ی فەرەنسی کە نازناوی کاریگەرترین کەسایەتی ساڵی پێ دراوە لەتۆپی پێدا ئەو پیاوەم بیرکەوتەوە کە داماوە کارمەندەکەی گومرگ بلوری چراکانی بۆ شکاندبوو ،جا بلوری چرای شکاوو گومرگ و ناسڕ خڵێفی کوجا مەرحەبا !!.
ئەم جۆرە خەڵاتانە بونەتە گاڵتەجاڕی و (بێرناردشۆ و شارلی شاپلن )لە ژیاندا بونایە ڕەخنەبارانیان دەکردن ئەو بەنوسینی تەنز ئامێز و ئەویش بە نواندنی ڕەخنەگرانە چونکە بەڕاستی لوتکەی نادادی و گاڵتەجاڕیە شایەنی ھەموجۆرەکانی ڕەخنە و تەنزبانکردنە، نموونە ناشرینەکانی جەور وستەم ونادادی ھەموو خەڵاتە جیھانیەکان وبەتایبەت وەرزشیەکان و زۆر بەتایبەتتر تۆپی پی ھێندە زۆرن ڕەنگە پێویست بە باسکردن نەکات ، تەنھا بەناوھێنانی (کاسیاس و شنایدەر و بۆفۆن و ڕیبیری و ئینییستا و دواترینیشیان ڤاندایک ) ئەوا ھەموو کەسێک ئەزانێت کەباسی ئەو ستەمە ئەکەین کە لەمانە کراوە و فڕانس فوتبۆڵ و فیفا ویوفا بەموجامەلەو لایەنگیری زیاد لە پێویست بۆ (میسی و ڕۆناڵدۆ) غەدر و ناھەقی لێکردوون، ئابڕوچون و دادگایی کردنەکانی بلاتەر و پلاتینی و پێشتریش دوورخستنەوەی بن هەمامی قەتەری باشترین بەڵگە و شاھیدن و ئەم خەڵاتەی ناسڕ خڵێفیش ئەڵقیەیەکی ترە لەو زنجیرە بێ تام و بێ ڕەنگە ، جیاوازی نێوان ناسڕخلیفی قەتەرو مەنسوڕ بن زایدی ئیمارات ڕەنگە ھەر ئەوەندەبێت ئەمیان دەستێکی چەورتری خستبێتە دەستی بەخشەرانی خەڵاتەکە ئەگینا جیاوازی نیوان یانە پاریسیەکە و مانشستەر سیتی زۆرکەمە و جیاوازی نیوان سەروکەکانیشیان کەمترە، ئەی نابێت بپرسین بۆ ئەو کاریگەرترە؟ ئەی پیرێزی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید بۆ کاریگەرترین نیە؟ لەکاتێکدا تارمایی ئەو سێبەر ئەکات لەسەر یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپاو خەڵاتەکانیشی وەدەتوانن لە (مۆدریچ )ی ڕیال مەدرید بپرسن کە وایە یان نا ، یان (ئینفانتینۆ)ی سەرۆکی FIFA بۆ کاریگەرترین نیە ؟ یان پلاتەری لەسەر کار لادراو ، یان ئەو ئەندامانەی کە مافی ڕێکخستن ومیوانداری جامی جیھانی ٢٠٢٢ یان دا بە وڵاتێک لەسەرەتای بەھاردا پلەی گەرما دەگاتە ٤٠ پلەی سیلیزی و ڕوبەر و ژمارەی دانیشتوان و ژێرخانی وڵاتەکەش بەراورد ناکرێت بە تەنها یەکێک لە وویلایەتەکانی ئەمەریکا نەک بە ووڵاتی ئەمەریکای خاوەن پەنجا وویلایەت کە ڕکابەری بوو، کەچی ھەندێ ئەندامانی فیفا سۆز و سیلەی ڕەحمیان بە قودرەتی قادر چووە سەر قەتەر، ئەمەکاریگەری نیە ؟ ئێ خۆ مەرج نیە کاریگەری ھەر ئەرێنی بێت .
ھەموو خەڵاتە جیھانیە وەرزشیەکان بەم خەڵاتەی (خڵێفی)یشەوە ھەروا ئەدرێن و دابەش ئەکرێن ، وەبۆیە بابەتەکەم بەستەوە بەو پیاوەی بللوری چرای ھێنابو و تایەکیان شکاند و وتی تاکەی تر بشکێنی ھیچم پێ نیە چونکە ناسر خلیفیش و شێخ مەنسووربن زایدو هاوشێوەکانی تریشیان لە تێکڕای جیهاندا ئەگەر پارە نەبیت( کە دەکاتە بللورەکانی کابرا) ھیچیان پێ نیە و ھەتا گیرفانی پڕ لەپارە و ھەگبەیان پڕ لە بللوربێت (فرانس فوتبۆل و یوفا وفیفا )ناھێڵن بێ خەڵات بن و ھەر لە ئێستاشەوە پیرۆزبایی لە شێخ مەنسوور بن زاید دەکەم بە ھەڵگرتنی ئەو سزایەی کە سەپێنراوە بەسەر یانەی (مانشستەر سیتی)دا و دڵنیای دەکەمەوە کە چامپیۆنزلیگی ساڵی داھاتوو بەبێ جەنابیان وگیرفانی پڕ لەپارەی و یانە پڕ لەئەستێرەکەی بەڕێوە ناچێت و ئەویش ئەبێت چاوی بەزەیی لە (یوفا و فیفا و فڕانس فوتبۆڵ )بێت و دەستی بەخشندەی ھەر کراوەبێت .

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close