ھەڕاجی خۆبەخش بۆ عەدنان درجال..

 سيروان حسن / سلێمانی
ھندیە سورەکان ھەرچەند خاوەنی قەوارە و وڵاتێکی فەرمی دانپێدانراو نین بەڵام خاوەن دابونەریت و کولتورو کەلەپورێکی دەوڵەمەندن کە لە سەخت ترین کات و ھەلومەرجدا ئامادەنین دەستبەرداری ببن، یەکێک لەکۆڵەکە گرنگەکانی کولتور و داب و نەریتیان ئەوەیە بێگانە پەرست نین و ئامادەنین خزمەت بەنەتەوەی تر بکەن و بگرە ئامادەنین بە پارەش زەوی و زارەکانیان بفرۆشن بە خەڵکیک کە وەک خۆیان ھیندی سور نەبێت، ئەمەشم لەو ھەلەکە سەمایەوە بیرکەوتەوە کە ھەندێک وەرزشکار و میدیاکاری وەرزشی لای خۆمان کردیان بۆ دەستبەکاربونی (عەدنان درجال )وەک وەزیری وەرزش ولاوان لە حکومەتی عیراق. عەدنان درجال یاریزانێکی لێھاتوی عێراقە کە لە کۆتایی حەفتاکانەوە وەک یاریزان لە چەندیانەیەک و ھەڵبژاردەی عیراق یاریکردوەو لەدوای سالی١٩٩٠ به رپرسياريه تی گەورەی هەبووە لە دەستەی کارگێڕی یانەی( رەشید) و( یەکێتی تۆپی عێراق)، ئەمە جگە لەوەی بۆ ماوەیەکیش راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بوو، پاشان لە وڵاتی قەتەڕ وەک ڕاھێنەر ساڵانێکی زۆر کاری کردوە و لەم دواییەشدا سەرکردایەتی هەوڵی دەست پێلەکار کێشانەوەی (یەکێتی تۆپی پێی عێراقی) کردو بە ڕێکەوتنێک لەگەل یەکێتیەکە شکایەتەکانی کێشایەوە لەبەرامبەر دەستلەکارکێشانەوەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و دوا وێستگەشی بوو بە (وەزیری وەرزش ولاوان) لەم کابینە وەزارییە نوێیەی ( مستەفا کازمی)، ھیوادارم کاری باش بۆ وەرزشی عێراق و کوردستان بکات و سەرکەوتوبێت، بەڵام بڕواناکەم و زۆر بەگومانم چونکە زۆر کەسمان تاقیکردەوە وھەموو جارێکیش بەخۆمانمان ئەوت ئەمجارە جیاوازە بەڵام بەتێپەڕبونی کات بۆمان دەردەکەوت کە جیاوازی ھەمیشە ڕوو لە خوار و بەرەو خراپتروو ڕەحمەت ناردن بوو بۆ ئەوانەی پێشتر. کوردستان باوەشی بۆ زۆربەی وەرزشکارە عێراقیەکان کراوە بوو ئەو کاتانەی کە یەکتریان دەربەدەر ئەکرد و ئەوکاتەی کە ھەڵبژاردەی عێراق لەبەر خراپی باری ئاسایش و شەڕی تائیفی (ھەولێر و سلێمانی و دھۆک )شوێنی کەمپی مەشق و حەوانەوەیان بوو، کوردستان پەناگەی ئارامی وژیانیان بوو، ئا لەو کاتەدا هەڵبژاردەی عێراق یاریەکی دۆستانەی لە ھەولێر کرد و دەستپێکی یاریەکە ھەرسێ سرودی نیشتیمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و وڵاتی میوان بوو، زۆربەی یاریزانە عەرەبەکانی ھەڵبژاردەی عێراق لەکاتی سرودی ئەی ڕەقیب بە ئارەزوو ئەجوڵانەوە و ھەڵبەز و دابەزیان ئەکرد بە ناوی خۆ گەرم کردن وەک قەرەقۆز بۆ شکۆشکاندنی ئەی ڕەقیب، خۆم لەوێ بوم و بەناچاری بەدەم ناڕەزاییەوە یاریگاکەم بەجێھێشت، بە بۆڵە بۆڵیش لەبەر خۆمەوە بە خۆمم ئەوت (تولە مار بەخێو ئەکەین)، بۆیە خۆشکاندن و نوشتانەوە و خۆچەماندن بۆ عەدنان درجال و پیاھەڵدانی پڕ لە موجامەلە و ناوھێنانی وەرزشکارانی کوردستان بە گەندەڵکاران و داواکردنی عیلاج و پێکوتە لە بەغدا و ناوھێنانی کوردستان بە ( شیمال ) لە لایەن میدیاکارو شرۆڤەکاری وەررزشی کوردییەوە بەڕاستی شەرمھێنەر و عەیبەیەکی گەورەیە، پڕ بەدڵ ھەستم بە شەرم ئەکرد چونکە گەیشتوینەتە ئەو ئاستەی ھەستین بە بریندارکردنی ھەستی خۆشمان بۆ ئەوەی ھەستی کۆی وەرزشکارانی کورد بریندارکەین. ناوهێنانی کوردستان بە (شیمال) ڕێک وەک ئەوەی کەسێک بە دایکی خۆی بڵێت ئەو ئافرەتە یان ئەو ژنە تەنها بۆ بێزارکردنی براکانی لەکاتێکدا جوانترین ناوی ھەیە کە دایکە، ئیتر (دایک) چی بکات ئەگەر ھەندێک لەمناڵەکانی لار و لەوێربن، زۆر جار زۆر لە شۆڤێنیەکانیش سڵ ئەکەنەوە بڵێن (شیمال)، شیمالی چی براکەم نابێ ئەوان جنوب بن بۆ ئەوەی ئێمە شیمال بین، ئەوان خۆیان بەسەروو ئەزانن و ئێمە بە پلە دوو، ئەگەر باوەڕیش ناکەی هەوڵ بدە سەردانێکی نوسینگەی وەزیری وەرزش و لاوان بکە بۆت دەردەکەوێت. ھیوادارم ھەمومان عەینەکی رق لە چاومان فڕێدەین چونکە نامانگەیەنێت بە ھیچ و بزانین کە ئەو خێرەی لە( ڕەعد حەمودی)مان دی ھەر ئەوەش چاوەڕێمانە لەعەدنان درجال، ئیتر پێویست بە دومبەڵەک لێدان ناکات بۆ ھیچ کەسێک پێش ئەوەی کردەوە و کارەکانی شایەتی بۆبدەن، کورد مارانگازی دەبارەیە، چەپڵە ڕێزان بۆ عەلی مەکەن لەداخی عومەر، ھیوادارم کاری باش و خزمەتکردنی وەرزش و وەرزشکاران لە عێراق و کوردستان ببنە گەواھیدەر و بڕوانامەی باڵا بۆ (سەدی دوکان) بەڵام مافی خۆشمانە بەگومان بین چونکە کەشک برای دۆیە و( ئەحمەد موختار جاف )یش دەمێکە فەرموویەتی : ڕووڕەشی دنیاوقیامەت ئەو نەفامانەن کە وا هەجوی قەوم و میللەتی خۆیان بەپارە و نان ئەکەن..

 

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close