تۆپی پێ ئاڵۆزه یان ئاڵۆزی دەکەن؟

سیروان حسن / سلێمانی

یەکێک لەجوانترین داھێنراوەکانی مرۆڤ (تۆپی پێ)یەو لایەنێکی زۆر جوانی تابلۆی ژیان کە مرۆڤایەتی نەخشاندوێتی ئەم یاریە جوانەیە کە سەدان ملیۆن یاریزان و جەماوەر و هەواداری هەیە، ئەم تابلۆسەرنجڕاکێش و قەشەنگە ڕێکەوتنێک نیە لەسەر داھێنەرانی، واتە ھیچ سەلماندنێکی مێژوویی سەد لە سەد نەیتوانیوە شەرەفی بۆیەکەم جار داھێنانی ئەم یارییە ببەخشێتە میللەتێکی دیاریکراو چونکە میللەتان لەنوسینەوەی مێژووی خۆیان ویستویانە بەلای خۆیاندا داشکان و تەرەفگیری بکەن و ئەو شەرەفە بەناوی میللەت و مێژووی خۆیان تۆماربکەن و خۆیان بکەن بە خاوەنی دیارە بە پشت بەستن بە گێڕانەوەو بەڵگە و نیگارە مێژوییەکان، هەر بۆیە چینیەکان و یابانیەکان وئینگلیزەکان خۆیان بە داھێنەری تۆپی پێ ئەزانن، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت چینیەکان داھێنەرێ ئەم یاریە بن ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئینگلیز داھێنەری ئەو یاساوڕێسایانەن کە یاریەکەی کردە یاریەکی کۆمەڵی ڕێکخراو چونکە ھەر تێھەڵدان و دورھەڵدانی تۆپ بێ یاساو ڕێسا تۆپی پێ نیە و ھەڕەمەکی تۆپانێیە
وھەر ئەمەش وایکردووە کە ئینگلیزەکان جیاوازبن لەم یاریەدا و تاڕادەیەک یاساکان لای ئەوان جیاوازترە لە شوێنەکانی ترو شێوازی ڕێکخستن و پاڵەوانێتی و یاریگا و تەنانەت یاساکانی ناوبژیوانی و بەمدواییە سیستەمی( ڤار ) یش جیاواز لەوانی تر بەکار ئەهێنن و لای ئینگلیز جۆرێکی ترە هەر خودی ڤار تۆپی پێی ئاڵۆزترکردوە کە بە ڕای من پێویستە بە جۆرێکی تر پەیڕەو بکرێت بۆنمونە وای لێبکرێت لە کاتی یارییەکەدا هەر تیپێک بۆێ هەبێت ( 2 جار یان بەپێی ئەو ژمارەیەی فیفا بڕیاری لەسەر دەدات ) داوا لەدادوەری یاریگابکا کەپێداچونەوە بکات بەبڕیارەکەیدا لەڕێی دووبارە سەیرکردنەوەی حاڵەتەکە ((چونکە فیفا بیرۆکەی سیستمی ڤاری بە سوود وەرگرتن لە سیستمی Challenge ی یاری تۆپی پێی ئەمەریکیەوە وەرگرتووە کە لە ساڵی١٩٨٦ وە لە خولیNFL ی ئەمەریکادا پەیڕەودەکرێت، وە بەپێی سیستمی Challenge فێرکاری هەرتیپێک بۆی هەیە بەدریژایی کاتی یارییەکە دووجار داوا لەدادوەری یاریگابکا کەپێداچوونەوە بکات بەبڕیارەکەیدا لەڕێی دووبارە سەیرکردنەوەی حاڵەتەکە ))،کە ئیتر زیادەڕەوی ناکەن لەداوای ڤاردا و پێویستیش بە ناوبژیوانانی ژوری ڤار ناکات و دادگەریش بەدی دێت کە هۆی داهێنانی سیستەمی ڤارە و کەسێتی ناوبژیوانیش پارێزراوتر دەبێت کە ڤار لەهەیبەت و سام و سمای کەمکردۆتەوە.
تۆپی پێ بەسادەیی و ساکاری جوانترە ، بۆیە ھەمومان بە تاسەوە ئاوڕ لە یاری و چالاکیاکانی ڕابردوو ئەدەینەوە چونکە سادەتر بون ، ئاسان تر و ساکارتر بوون چەند یاریزانەکان بە قاچەکانیان یاریان ئەکرد ئەوەندە وبگرە زیاتریش بەدڵ و بەگیان و بەڕۆح یاریان ئەکرد ، خزمەتکردنی گەڕەک و شار و وڵات پاڵنەر بوو بێ منەت کردن بەسەر کەسدا ، یاریزانەکان بەرژەوەندی و قوتابخانەیان جێدەھێشت بۆ یاری ودوا شت کە باس دەکرا پارە و دەسکەوتی دارایی بوو ، ئێستا وتو وێژ و گفتوگۆ لەگەڵ هەر یاریزانێک بکەیت پێش هەموو شتێک دەڵێت بە چەند؟ چەندم ئەدەنێ ؟ دیارە لە ھەموو جیھانیشدا ھەر وابوو لە سەرەتاوە بە حەزو ئارەزوو دەستی پێکرد و وردە وردە لایەنی ماددی خۆی سەپاند بەسەر بوارەکەدا، تەنانەت بیرم دێ کە لەساڵی ١٩٧٩یاریزانی ئینگلیزی(تریفۆر فرانسیس) لە یانەی( بیرمینگهام سیتی) یەوە چووە یانەی( نوتینگهام فۆرست )نرخی گواستنەوەکەی گەیشتە یەک ملیۆن پاوەندو بە گەورەترین بۆندی گواستنەوەی ئەو سەردەمە هەژمارکراو دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروست کرد چونکە بە نرخێکی زۆردەزانرا .
ئاڵۆزبونی یاساکان و سیستەمی خولەکان وبۆندوپاداشتەداراییەکان و ژمارە پێوانەیی و ژمێریاریەکان لە بەرژەوەندی تۆپی پێدانیە چونکە یاریەکە بە سادەیی و ساکاری جوانترە وەک برادەری و هاوڕێیەتی وایە ئەوەندە جوانە تا بەرژەوەندی ماددی دێتە ئاراوە ، دیارە ھەموو ئەوانەی ژیانیان لەسەر تۆپی پێیە شایەنی ژیانی شاز و شایستەن بەڵام زیادەڕۆیی و بەماددی کردن و ئیستیغلال کردن کارێکی ناڕەوایە کە بوەتە ھۆی کەمکردنەوەی جوانی و بەتاڵ کردنەوەی سیحری یاری و خاڵی کردنەوەی وەرزشەکە لە ئامانج و ئاکامەکانی و بگرە ناشرین کردنیشی.
ئاڵۆز کردنێکی تر ئەو ھەموو ژمارە پێوانەییانەیە کە ھەندێکیان بەڕاستی بێ مانان و ھیچ سود و دەسکەوتێک و زانیاریەک زیاد ناکات بۆ ئەو کەسەی ئەیزانێت وە یان ئەو بینەرو وبیسەرەش کە گوێ بیستی دەبێت و ھیچیش کەم ناکاتەوە لە بانکی زانیاری ئەوەی نایزانێت ، ھەر ئەوە ماوە بڵێن فڵانە یاریزان ئەوەندە ھەناسەی داوە و ئەوەندە کاتژمێر و دەقیقە و چرکە خەوتوە کە ھەندێ جار ئەوانەش ئەڵێن، هەر بۆ نمونە من خۆم بەرنامەی وەرزشیم بینیوە کە پێشکەشکارەکەی زۆر بەگرنگیەوە وتویەتی: ( فڵان یاریزان لە ژیانی پیشەگەری خۆیدا کەبریتیە لە ١٦ ساڵ و ٩ مانگ و ٢٤ ڕۆژ و٧سەعات و ٤١ دەقیقە توانیوێتی ٢٤ ھەزارو ٥٧٣ پاسی دروستی داوە) ، کەئەمە بەڕاستی چیرۆکێکی بیر خستمەوە پوختەکەی ئەوەیە دوو برادەر شوان ئەبن و گرەو ئەکەن ویەکێکیان دەست ئەخاتە سەرپشتی بزنێک ئەڵێت تۆ ئەڵێی لەژێر دەستما چەند موو ھەیە ، ئەوی تریان ئەڵێ نازانم ،ئەمیش دەڵێت من ئەزانم وئەوەندە ملیۆن و ئەوەنە ھەزارو ئەوەنە تاڵە مووە ئەویش ئەڵێت بڕوا ناکەم ئەڵێت جا ئەتوانی دانیشیت بیژمێریت ، بویە من بردمەوە .
ھەروەک کرۆیف وتویەتی تۆپی پێ سادە وئاسانە و بەدڵنیاییەوە بەو سادەییەشەوە جوانترە و مرۆڤانەترە چونکە ھەمیشە مرۆڤ لەنێوان ھەرشتێکی ئاسان و ئاڵۆزدا ئاسانەکە ھەڵئەبژێرێت بۆیە ئەڵێم ڕەنگە ڤایرۆسی کورونا کە بەرۆکی جیھانی گرتووە ڕەنگە ھەندێک لەو ئاڵۆزیانەمان لەکۆڵ بکاتەوە پاش ئەوەی تەپوتۆزی ئەم قەیرانەی ئێستای کۆتایی دێت .

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close