شرۆڤه‌: بۆچی مانچێسته‌ر سیتی سزادرا؟

به‌رپرسانی مانچێسته‌ر سیتی دڵنیان ده‌توانن به‌ تانه‌دان له‌ بڕیاره‌كه‌ ئه‌و سزایه‌ پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه‌

مانچێسته‌ر سیتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دوو وه‌رز به‌ بڕیاری یوێفا سزادراوه‌، كه‌چی دڵنیان له‌وه‌ی ده‌توانن به‌ تانه‌دان له‌م بڕیاره‌ سزایه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا رایگه‌یاندووه‌، له‌ ساڵانی 2012 تاكو 2016 مانچێسته‌ر سیتی پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ یاسای دارایی خاوێن، بۆیه‌ بڕیاری داوه‌ بۆ ماوه‌ی دوو وه‌رزی داهاتوو یانه‌كه‌ له‌ به‌شداریكردن له‌ چامپیۆنزلیگ بێبه‌ش بكات و به‌ بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ سزای بدات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ مان سیتی له‌ پرێمه‌رلیگیش چه‌ند خاڵێكی لێ كه‌مبكرێته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی یوێفا كۆتاییه‌، به‌ڵام مان سیتی ده‌توانێت له‌ دادگای وه‌رزشی جیهانی تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بدات، به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ئێوارانی مانچێسته‌ر به‌رپرسانی مان سیتی دڵنیان ده‌توانن له‌ دادگای كاس تانه‌ له‌م بڕیاره‌ بده‌ن و سزایه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی یانه‌كه‌ پێیانوایه‌ ته‌نیا یه‌ك دانیشتنی دادگا به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سزایه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

مان سیتی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌م بڕیاره‌ی یوێفا تووشی سه‌رسوڕمان نه‌بووینه‌ و بۆ ئه‌وان چاوه‌ڕوان كراو بووه‌، بڕیاره‌كه‌شیان به‌ نادادپه‌روه‌رانه‌ وه‌سفكردووه‌ و رایانگه‌یاندووه‌ به‌ زووترین كات تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌ده‌ن.

یاسای دارایی خاوێن چییه‌؟

به‌گوێره‌ی یاسای دارایی خاوێن كه‌ ساڵی 2009 یوێفا ده‌ریكرد، ده‌بێت هاوسه‌نگی هه‌بێت له‌ نێوان داهات و خه‌رجی یانه‌كان، داهاتی چوار ساڵی یانه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌رجی چوار ساڵی یانه‌كان به‌راورد ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر رێژه‌ی قه‌رزی یانه‌كه‌ زیاتر بوو، ئه‌وا له‌لایه‌ن یوێفاوه‌ سزا ده‌درێن.

بۆ نموونه‌، ئه‌گه‌ر داهاتی ساڵانه‌ی یانه‌یه‌ك له‌ مافی په‌خشی یارییه‌كان و بلیتی یارییه‌كان و فرۆشتنی یاریزان و سپۆنسه‌ره‌كانی 600 ملیۆن یۆرۆ بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا ملیارێك یۆرۆ خه‌رج بكات، ئه‌وا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی دواتر ده‌بێت ئه‌و كورتهێنانه‌ پڕ بكاته‌وه‌، واته‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان داهات و خه‌رجی هه‌بێت، ئه‌گینا یانه‌كه‌ رووبه‌ڕووی سزا ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌م یاسایه‌ دوای ئه‌وه‌ ده‌ركرا سه‌رمایه‌داره‌كانی كه‌نداو به‌ لێشاو روویان له‌ ئه‌وروپا كرد و به‌شێكی زۆری یانه‌كانیان كڕییه‌وه‌ پاره‌ی خه‌یاڵیان له‌ كڕینی یاریزانان خه‌رجكرد.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close