کیلینی: ریال مەدرید نەیهێشت کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنێت

جۆرجیۆ کیلینی هێرشێکی توند دەکاتە سەر یانەی ریال مەدرید و پێیوایە ئەو یانەیە هۆکارە بۆ ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵی بەدەست نەهێنا، پێشیوایە مێسی شایستەی خەڵاتەکە نییە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی دابەشکردنی باشترینەکانی وەرزی رابردووی سێریا ئەی کە لە هەمان کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2019 بەڕێوەچوو، جۆرجیۆ کیلینی بەرگریکاری یۆڤێنتۆس لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ لەلایەن مێسییەوە گوتی ‘ساڵی رابردوو دزییەکی گەورە بوو، ریال مەدرید نەیهێشت کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتەکە بەدەست بهێنێت، زۆر سەیر بوو، ئەمساڵیش ڤان دایک شایستەی خەڵاتەکە بوو، نەوەک مێسی’.

هەروەها بەرگریکارەکەی یۆڤێنتۆس گوتیشی ‘ساڵی رابردوو مۆدریچ بە دۆخێکی زۆر باشدا تێنەدەپەڕی، یاریزانێکی هەڵبژاردەی فڕەنسا شایستەی ئەوە بوو خەڵاتی باڵۆن دۆری 2018 بەدەست بهێنێت، پۆگبا یان گریزمان شایستە بوون، کریستیانۆ رۆناڵدۆش شایستەی خەڵاتەکە بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ریال مەدرید نەما، ریال مەدرید نەیهێشت ئەو خەڵاتە بەدەست بهێنێت چونکە ئەم خەڵاتە بووەتە هیمایەکی دەستی یانەکە’.

شەوی رابردوو لە پاریس، مێسی شەشەم خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا، لە هەمان کاتیشدا لە میلانۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی سێریا ئەی پێبەخشرا.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close