زیدان لەبارەی فیکەی هاندەران لە دژی بەیل: هاندەرانی ریال مەدرید مافی خۆیانە

زیدان: کەس ناتوانێت هاندەران بوەستێنێت بەڵام هیوادارم هانمان بدەن

زیدان دوای بردنەوەکەیان دژی ریال سۆسیداد لەبارەی فیکەی هاندەرانی ریال مەدرید لە دژی گاریس بەیل گوتی ‘هاندەران مافی خۆیانە چیدەکەن و ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت’.

زینەدین زیدانی راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی ئەو فیکە و هۆیهایەی هاندەرانی ریال مەدرید لە خولەکی 67 لە دژی گاریس بەیل کردیان لە پرێس کۆنفرانسی دوای یارییەکە گوتی ‘هیوادارم ئەم رووداوانە دووبارە نەبنەوە، ئێمە لە سەرەتای یارییەکان تاکو کۆتایی پێویستمان بە هاندانی هاندەرانەکانمانە، بەڵام کەس ناتوانێت کۆنتڕۆڵی هاندەران بکات، هاندەرەکانیش مافی خۆیانە چیدەکەن، ئەوان ئەوە دەکەن کە خۆیان دەیانەوێت، داوا لە هاندەرانمان دەکەم چەپڵە بۆ هەمووان لێبدەن، بەیلیش لە ماوەی ئەو 20 خولەکەی بەشداریی کرد ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد’.

هەروەها زیدان لەبارەی بەیل گوتیشی ‘من دوای یارییەکە هیچ قسەیەکم لەگەڵ بەیل نەکرد، تەنیا دەستخۆشیم لێیکرد، من نازانم ئەوەی هاندەران لە دژی ئەو کردیان دادپەروەرانە بوو یان نا، هەرا و ئاڵۆزییەکی زۆر لە دەوری بەیل کۆبووەتەوە، بۆیە نامەوێت قسەی زۆری لەبارەوە بکەم، ئەو لەگەڵ یانەکە گونجاوە و دەیەوێت بەردەوام بێت’.

بەیل دوای سەرکەوەتنی وێلز بۆ یۆرۆی 2020 ئاڵایەکی وێلزی بەرزکردبووەوە، لەسەر ئاڵایەکە نووسرابوو ‘وێلز ئینجا گۆڵف ئینجا ریال مەدرید’، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی هاندەرانی مێرێنگی.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close