مێسی لە تازەترین چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی چەند لایەنێکی گرنگی ژیانی باس دەکات

بارسێلۆنا جێ ناهێڵێت و ئەگوێرۆ نزیکترین هاوڕێیەتی !

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (tyc)، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یەکەمی یانەی بارسێلۆنا باسی چەندین لایەنی گرنگی ژیانی تایبەتی و ژیانی وەرزشی خۆی کرد و چەندین شتی نهێنی و خۆشی خستەڕوو.

مێسی لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکە باسی ژیانی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی کرد و گوتی کە ئەوان پلەی یەکەمن لە ڕووی گرنگییەوە و بایەخی تەواویان پێ دەدەم، مێسی گوتیشی ئەوان زۆر پەیوەستن بە ژیان لە شاری بارسێلۆنا، بۆیە جێهێشتنی بارسێلۆنا کارێکی سەختە، من هەندێک جار بۆ مانگێک دەگەڕێمەوە ئارجەنیتن ئەو کات تیاگۆی کوڕم شێت دەبێت ئەوهەندەی پێم بڵێ با بگەڕێنەوە بارسێلۆنا، لەبەر ئەوەی ئەو بێ برادەکانی لەوێ ئۆقرە ناگرێت، سەبارەت بە ماتیۆش وەکو پێشتریش باسم کردوە ئەو تۆقێنەرە و کەسایەتییەکەی زۆر سەیری هەیە !

سەبارەت بە بارسێلۆنا مێسی گوتی هیچ کاتێک بارسێلۆنا بەجێ ناهێڵم، بەڵێ من خەونێکم هەیە دەمەوێت بیهێنمە دی، ئەویش یاریکردنە بۆ یانەی (نیو ئۆلد بۆیز)ی ئارجەنتینی بەڵام لێرەدا کێشەی ئەوە هەیە کە من خێزاندارم و نابێت بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئارجەنیتن بە تەنیا بدەم، ئەوە کارەکەی قورس کردوە، ئەوان بە تایبەتی منداڵەکان ئەستەمە لە دەرەوەی بارسێلۆنا بژین.

دەربارەی هەڵبژاردەی ئارجەنتین، من گەشبینم بە داهاتووی تیپەکە لە کۆپا ئەمەریکا ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد بۆیە ئەزموونێکی باش بوو بۆ یاریزانە لاوەکان لە داهاتوودا سوودی زۆری دەبێت، من هەمیشە خەونم بە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی ئارجەنیتن بینیوە، بەڵام شتەکان ڕاست نایەن و دادپەروەرانە نین، وێرای ئەوەش خۆم بەدەستەوە نادەم و هەر هەوڵی خۆم دەدەم، دەستکەوتێکی گرنگە بتوانیت بگەیتە یاری کۆتایی کۆپا ئەمەریکا و مۆندیال بەڵام ئەوەی کە زۆر تاڵ بوو دۆڕاندنی هەردوو جامەکە بوو !، بیرم دێت کاتێک لە یەکەمین یاریم بۆ هەڵبژاردەی تانگۆ بەرانبەر نەرویج کارتی سوورم وەرگرت و کرامە دەرەوە، ئەوکات بیرم دەکردەوە و دەمگوت” وابزانم جارێکی دیکە بۆ هەڵبژاردە ئارجەنتین بانگهێشت ناکرێمەوە !

سێرجیۆ ئەگوێرۆ نزیکترین هاوڕێمە !
سەبارەت بە هاوڕێیانی مێسی ئاشکرا کرد کە سێرجیۆ ئەگوێرۆ ئەستێرەی مانچێستەر سیتی نزیکترین هاوڕێیەتی، مێسی دەڵێت ئێمە لەگەڵ یاریمان کەم کردوە بەڵام هاوڕێی منداڵیمە،بیرم دێت کاتێک لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجەنتین بەشداری مۆندیالی لاوانمان کرد، سۆلاریۆ، ڕاهێنەربوو، ئەو زۆر توند بوو، ئەو کات شەو من لەگەڵ ئەگوێرۆ چووینە دەرەوە هەندێک شێبس و شیرینی وپیپسیمان کڕی، کە گەڕاینەوە هۆتێل بینیمان ڕاهێنەر لەبەر دەرگا بە تووڕەیی چاوەڕێی دەکردین، ئەو کات زۆر قسەی پێ گوتین و کەمێکی لێداین بەس باش بوو شیرینی و شتەکانمان شاردەوە نەیبینی !
ئەو ڕاهێنەرە زۆر پابەندی یاساکان بوو، بیرمە کاتێک جامەکەمان بردەوە لەو کاتە، پێی ڕاگەیاندین کە نابێت هیچ ئاهەنگی خۆشیش بگێڕن، پێی گوتین دەبێت هەموو بخەون تا بەیانی بەرەو ئارجەنتین بگەڕێینەوە، هەروەها ڕایگەیاندبوو کە هەر یاریزانێک لەگەڵ کچێک ببینێت ئەوا ڕاستەوخۆ 1500 دۆلار غەرامەی دەکات !

باسی ڕۆناڵدۆی دیاردە و رۆناڵدینۆ دەکات !

لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا مێسی باسی ڕۆناڵدۆی دیاردەی کرد و گوتی کە ئەو باشترین هیرشبەرە کە تا ئێستا بە چاوەکانی خۆی سەیری کردبێت، دواتر باسی ڕۆناڵدینۆی کرد و گوتی ئەو یاریزانێکی گەورەیەو کاتێک هاتمە بارسێلۆنا ئەو زۆر هاوکارم بوو زۆریش پشتگیری دەکردم و ئامۆژگاری دەکردم!

لەمیانەی قسەکانیدا سەبارەت بە یاریکردنی وەک یەدەگ مێسی گوتی ” من حەز ناکەم لە یاریگا بێمە دەرەوە، بەلامەوە باشترە وەک یەدەگ یاری بکەم بەڵام یاریگا جێنەهێڵم، کاتێک وەک یەدەگ دێمە نێو یاریگا زۆرم پێ خۆشە، چونکە ئەو کات یاریزانانی بەرانبەر ماندوو بوون و هیلاک بوون ئەوەش بۆ من زۆر باشە چونکە بۆشایی و پانتایی باشم دەستدەکەوێت تا بە ئاسوودەیی یاری بکەم و کاریگەربم.

لە کۆتاییدا سەبارەت بە var مێسی گوتی من پێمکارێکی زۆر باشە، بەڵام بە مەرجێک بتوانن بە باشی بەکاری بهێنن و بڕیارەکان دادپەروەرانە بن!

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close