فڕەنسییەکان: ئامادە نین پێشوازیی لە یاریزانانی تورکیا بکەین چونکە پشتگیریی کوشتنی کوردەکانی هاوپەیمانمان دەکەن

فڕەنسییەکان داوا دەکەن یاریی ئەمشەوی فڕەنسا و تورکیا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020 هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەنجام نەدرێت، وەزیری دەرەوەی فڕەنساش بەهۆی هێرشکارییەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بڕیاری دا لە یارییەکەی ئەمشەو ئامادە نەبێت.
جان کریستۆف لاگاردی سیاستەمەداری بەناوبانگی فڕەنسی لە تویتەر داوایکردووە یاریی ئەمشەوی فڕەنسا و تورکیا هەڵبوەشێتەوە، لەبارەی یارییەکەش نووسیویەتی ‘ئێمە ئامادە نین پێشوازیی لەو یاریزانانە بکەین کە پاڵپشتی لەناوبردنی کوردەکانی هاوپەیمانمان دەکەن’.
فڕەنسییەکان بە هاشتاگێک داوا دەکەن یاریی ئەمشەوی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر تورکیا هەڵبوەشێتەوە، کە وابڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 09:45 لە پاڵاوتنی یۆرۆ هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگای ستاد دێ فڕانس لە پاریس بەیەک بگەن.
نووسینگەی جان ئیڤ لۆدریانی وەزیری دەرەوەی فڕەنساش رایگەیاندووە، بهەۆی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، وەزیری دەرەوە لە ئامادەبوونی لە یاریی ئەمشەو پاشگەز بووەتەوە و بڕیاری داوە لە یارییەکە ئامادە نەبێت وەکو ناڕەزایەتییەک دژی هێرشکارییەکەی سوپای تورکیا.
ئەمشەو پێشبینی دەکرێت سێ هەزار و 200 هاندەری تورک ئامادەی یارییەکە بن، کە هەردوو هەڵبژاردە خاوەنی 18 خاڵن.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close