ئەستێرەیەکی بەناوبانگی تۆپی پێ ئیدانەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات

کلاودیۆ مارکیزیۆ بە توندی ئیدانەی هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات و هاوخەمی خۆشی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت.

کلاودیۆ مارکیزیۆی ناوەڕاستکاری ئیتاڵی پێشووی یۆڤێنتۆس کە لەم چەند رۆژەدا بەیەکجاریی وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند، لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام وێنەی منداڵێک بە دیار سوپای تورکیاوە بڵاوکردووەتەوە و لە بەشی یەکەمی تێکستەکەی گوتەیەکی ئانا فڕانکی داناوە و نووسیویەتی ‘دەبینم کە هێواش هێواش زەوی دەبێت بە بیابان، بەرە بەرە دەنگی هەورە تریشقەکان لە ئێمەش نزیک دەبێتەوە و وێرانمان دەکات، هەست بە ئازاری ملیۆنان کەس دەکەم، ئەمە وتەی ئانە فرانکە لە یادنامەکەیدا کە ساڵی 1942 نووسیویەتی، ‘.

مارکیزیۆ لە بەشی دووەمی پۆستەکەی لە ئینستاگرام نووسیویەتی ‘ئەمڕۆ و دوای 77 ساڵ، بۆمبارانکردنی تورکیا بۆسەر کوردانی سوریا دەستیپێکردووە کە شەرمەزارییە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرپرسیارن لە هەموو قوربانیەک’.

دوێنێ چوارشەممە تورکیا لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی کردە سەر رۆژئاوای کوردستان و هەزاران خەڵکی سڤیل لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەربەدەر بوون.

Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close