مێسی: تاکو ئێستا بارسێلۆنا داوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەمی نەکردووە و ئامادەم ژەمێکی ئێوارە لەگەڵ کریستیانۆ بخۆم

تەواوی دیمانەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی

لیۆنێل مێسی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی رەتیدەکاتەوە تاکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانی بارسێلۆناوە داوای نوێکرانەوەی گرێبەستەکەی لێکرابێت و دڵتەنگی خۆشی بە نەگەڕانەوەی نێیمار بۆ یانەکەیان دەردەبڕێت.

لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی

من دەمەوێت لە بارسێلۆنا بمێنمەوە و دەمەوێت هەر لێرە واز لە یاریکردن بهێنم، چونکە ئەم یانەیە ماڵی منە، نامەوێت گرێبەستەکەم درێژ بێت دەمەوێت لە رووی جەستەییەوە تاکو ئەوکاتە لە یاریکردن بەردەوام بم کە دەتوانم بە باشی یاری بکەم، من گرنگی بە مەرج و نرخی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم نادەم، گرنگترین شت لەلای من ئەوەیە پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو هەبێت، ساڵانێکی زۆرە گرێبەستەکەم ساڵ بە ساڵ نوێکراوتەوە، بەڵام من تەنیا گرنگی بەوە دەدەم کە ئایا تاکو کەی جەستەم رێگام پێدەدات لە یاریکردن بەردەوام بم.
تاکو ئێستا لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم گفتوگۆ نەکراوە، تەنیا باوکم لەمبارەیەوە قسە لەگەڵ بارسێلۆنا دەکات و هەر شتێک رووبدات ئاگادارم دەکاتەوە، من بیرم لە رۆیشتن بۆ هیچ یانەیەکی دیکە نەکردووەتەوە، تەنیا دەمەوێت لەگەڵ ئەم یانەیە لە سەرکەوتن بەردەوام بم.

لەبارەی نەگەڕانەوەی نێیمار

هیواداربووم نێیمار بگەڕێتەوە بارسێلۆنا بەڵام بەهۆی نەگەڕانەوەی هەست بە دڵتەنگی ناکەم، ئێمە کۆمەڵێک یاریزانی باشمان هەیە و دەتوانین بەیەکەوە بەبێ نێیمار هەموو شتێک بەدەست بهێنین، بەڵام دەمویست جارێکی دیکە لەگەڵ نێیمار یاریی بکەمەوە، من زۆر حەزم دەکرد نێیمار بگەڕێتەوە یانەکەمان، دەزانم هەندێک ەکس دژی ئەمە بوون، پێموایە ئەمە ئاساییە چونکە ئەمە پەیوەندی بە چۆنییەتی رۆیشتنی نێیمار هەبوو لە بارسێلۆنا.
نازانم بارسێلۆنا هەموو هەوڵێکی لەپێناوی گەڕانەوەی نێیمار داوە یاخود نا، من زۆر زانیاریم لەبارەی گفتوگۆکان نییە، دوای شکستهێنانی پرۆسەی گەڕانەوەکەشی قسەم لەگەڵ نێیمار نەکردووە، ئەم ماوەیە زۆرتر بە پێکانەکەم سەرقاڵ بووم، بەڵام دەزانم نێیمار زۆر حەزی دەکرد بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و زۆر تامەزرۆ بوو.
من داوای گەڕانەوەی نێیمارم نەکردووە، بەڵکو تەنیا رای خۆم داوە، لە ژووری جلگۆڕین یاریزانەکان تەنیا رای خۆمان داوە نە داوای هیچمان کردووە و نە هیچیشیمان رەتکردووەتەوە، وەکچۆن لەبارەی گرێبەستی گریزمان و یاریزانەکانی دیکەش رای خۆمان داوە.

خواردنی ژەمی ئێوارە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ

من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ نییە و ئامادەم ژەمی ئێوارەی لەگەڵ بخۆم، چونکە وەکو پێشتر گوتم هیچ کێشەیەکمان نییە، تەنیا لەبەر ئەوەی بەیەکەوە لە ژووری جلگۆڕین نەبووین و لە یەک تیپ یاریمان نەکردووە هاوڕێ نین، تەنیا لە فێستیڤاڵ و مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان یەکتری دەبینین.
لە مەراسیمی دوایی زەبێست زیاتر لە یەکتری نزیکبووینەوە و نازانم لە داهاتوو ژەمێکی ئێوارە بەیەکەوە دەخۆین یاخود نا.

لەبارەی ئەنتۆنێلای هاوسەری و منداڵەکانی

ئانتۆنێلا لەلای من هەموو شتێکە، کاتێک لە تەنیشتم دەبێت هەموو شتێک ئاسان دەبێت، لەمێژە ئێمە یەکتری دەناسین و ئەو باش شارەزای منە، دەزانێت لە کاتە خراپەکان چۆن میزاجم دەگیرێت، هەمیشە ئانتۆنێلا سەلیقەیەکی باشی هەیە و دەزانێت چۆن مامەلەم لەگەڵ دەکات.
لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە ئانتۆنێلا دەناسم، کاتێک من دەدۆڕێم هەموویان لە ماڵەوە دڵتەنگ دەبێت، هەندێکجا ماتیۆش دڵتەنگ دەبێت، لە یاریی بەرامبەر ریال بیتیس هاندەری بارسێلۆنا بوو نەوەک ریال بیتیس، کاتێک بەهۆی پێکانەوە لە یاریکردن دادەبڕێم، حەز دەکەم لەگەڵ خێزانەکەم لە پەیژدەکانەوە سەیری یاریی بکەم.

 

Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close