ئەو 3 هۆکارە ڕێگربوون لە گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا

بۆچی ڕێکەوتن ئەنجام نەدرا ؟

 

دوێنێ بە فەرمی کۆتایی بەهەموو دەنگۆیەکانی گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا هات کاتێک میرکاتۆی هاوینە داخرا و یاریزانە بەڕازیلییەکەش بۆ وەرزێکی دیکە مانەوەی لە پاریس سان جێرمان یەکلایی بووەوە.

هۆکارەکانی بەبن بەست گەیشتنی گفتوگۆیەکانی هەردوو یانەی بارسێلۆنا و پاریس سان جێرمان چەندین لێکدانەوەی جیاوازی لە لایەن پسپۆرانی تۆپی پێ و کەسە نزیکەکان لە هەردوو یانەکە بۆ کراوە، بەڵام ڕۆژنامەی (سپۆرت)ی کەتەلۆتی کە نزیکە لە یانەی بارسێلۆنا هۆکاری شکستخواردنی هەوڵەکانی گەڕانەوەی نێیمار بۆ 3 خاڵی سەرەکی دەگەڕێننەوە.

خاڵی یەکەم: نرخە خەیاڵییەکەی پاریس بۆ نێیمار !
ڕەنگە ئەوە گرنگترین هۆکار بێت بۆ ئەوەی ڕێکەوتن ئەنجام نەدرێت، بارسێلۆنا کاتێک دوو گرێبەستی گرانبەهای لەگەڵ گریزمان و فرێنکی دی یۆنگ ئەنجامدا، کە بەهای هەردووکیان گەیشتە 200 ملیۆن یۆرۆ ، ئەرکی بارسا قورس بوو هەروەها لە یاساکانی پارەی خاوێن ترسی هەبوو بەو پارە خەیاڵیە نێیمار بکڕیت و خۆی ڕووبەڕووی سزاکانی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بکاتەوە، هەر بۆیە بارسا تا دوایین ساتەکانی گفتوگۆیەکان هەوڵی دا چەند یاریزانێک بخاتە نێو ڕێکەوتنەکە تاکو تێچوونی ڕێکەوتنەکە کەم بکاتەوە، ئەوەش لە لایەن پاریس سان جێرمان ڕەت کرایەوە.

خاڵی دووەم: ڕەتکردنەوەی بیرۆکەی ڕۆیشتن بۆ پاریس لەلایەن ئەستیرەکاین بارسا

دوای ئەوەی بارسێلۆنا بەچەندین شێوە هەوڵی دا چەند یاریزانێکی وەک عوسمان دیمبلی و کۆتینیۆ و ڕاکیتیچ و سیمیدۆ بخاتە نێو ڕێکەوتنەکە کارگێڕی یانە کەتەلۆنییەکە تووشی کێشەیەکی دیکە هاتەوە ئەویش ڕەتکردنەوەی دیمبلی و ڕاکیتیچ و سیمیدۆ بوو بۆ ڕۆیشتن بۆ پاریس سان جێرمان، ئەوەش وایکرد کە کارگێڕی بارسێلۆنا زیاتر لە ئەنجامدانی ئەو کارە بێ ئومێد بێت، دوای ئەوەی پاریس ڕازی نەبوو بەوەی تەنها سیمیدۆ و ڕاکیتیچ و تۆدیبۆ بخرێنە ڕێکەوتنەکە پاش ئەوەی کۆتینیۆ چوو بۆ بایەڕن میونشین و دیمبلیش شەڕی مانەوەی لەگەڵ کارگێری یانەکەی دەکرد.

خاڵی سێیەم: هاتنی لیۆناردۆ توندی لە مامەڵەکردن !

دانانی (لیۆناردۆ)ی بەڕازیلی وەک بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سان جێرمان ئامانجەکەی ڕێکخستنەوەی یانەکە بوو، دوای ئەوەی چەندین ساڵ یانەکە بەدەست ڕۆیشتنی ئەستێرەکانی و ئەنجامە خراپەکانی لەسەر ئاستی ئەوروپا دەیناڵاند بۆیە لیۆناردۆ کە هات زۆر بەتوندی کارەکانی خۆی دەستپێکرد و لە دانیشتنەکانی لەگەڵ شاندی بارسێلۆنا زۆر توند و ڕەق مامەڵەی دەکرد و هەمیشە لە داواکارییە گەورەو بێ سنوورەکانی نەدەهاتە خوارەوە، بۆیە لای ئەو بەڕێوەبەرە وەرزشییە تازەیە شکست پێ هێنانی ڕۆیشتنی نێیمار بۆ بارسێلۆنا زۆر گرنگ بوو، هەر بۆیە کاتێک ئەو کارە ئەمساڵ وێرای سووبوونی نێیمار ئەنجام نەدرا بۆ لیۆناردۆ وەک سەرکەوتنێکی گەورە هەژمار کرا لە نێو پاریسییەکان و پێگەی ئەو بەڕێوەبەرە وەرزشییە بەڕازیلییە لە یانەکە قایمتر بوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی جگە لە رۆیشتنی نێیمار توانی ئیکاردیش بۆ یانەکەی ڕازی بکات و هێڵێکی هێرشبردنی ئاگرینی پێک بهێنێت.

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close