کێ لەبارودۆخی ناهەمواری ڕیال مەدرید بەرپرسـە ؟

 

 

سـەردار جەبـار

بەرز و نزمی ئاستی یانەی ڕیال مەدریدی پاڵەوانی ئەوروپا بۆ سێ ساڵ لەسەر یەک بۆتە باس و خواسی گەرمی ڕۆژنامەکانی جیهان بەگشتی و ئیسپانیا بەتایبەتی ، هەڵبەتا یانە مەدریدییەکە بەوە ناسـراوە ساڵانە پارەیەکی زۆر لەکڕینی ئەستێرەی گرانبەها خەرج دەکات لەتاو ڕاگرتنی ئەو شۆکیەی ئەم دوو ساڵەی بەیانەکەدا لکاوە ، ئەو ئاستە خراپەی لەدوای گەڕانەوەی زەینەدین زیدانی فەڕەنسی ئەستێرەی پێشووی یانەکە نیگەرانیێکی زۆری بەبەر دڵی هاوسۆزانی مێرێنگێدا کردووە، وەرزی ڕابردوو دوای لەکار لادانی (سانتیاگۆ سۆلاری) ئارجێنتینی و گەڕانەوەی ڕاهێنەرە مێژوو گەورەکەی ڕیال ئەو ڕاهێنەرەی سێ ساڵ لەسەر یەک لەنێو زلهێزەکانی ئەوروپا تاجی پاشایەتی لەسەر کرد، هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون بەڕۆحیەتێکی ترەوە هێز بە قەڵای سپیدا بداتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە ئەنجامەکانی زیدان هیچ لە سۆلاری باشتر نەبوون ! بیانو هەبوو بەوەی کە یانەکە پێویستی بەفۆڕماتێکی گەورە هەیە تا ڕاستە ڕێ بێتەوە، بۆ نموونە هەندێک لەو یاریزانانەی لەڕیزی یانەکەدا ماون بەشێکیان بەتەمەندا ڕۆیشتوون هەڵبەتا تێربوونە لەناسناویش بەشێکی دیکەیان ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستداوە، هەروەها چەند یاریزانێکیش لەبەر نەبوونی یەدەگەکێکی بەهێز لەشوێنەکانی خۆیان ناترسن بەئاسوودەیی یاریدەکەن ، بەڵێ بۆ ئەو مەبەستە پێرێز درگای خەزێنە گەرمەکەی یانەکەی بەڕووی زیداندا کردەوە ئەو ڕاهێنەرەش بەئازادانە دەستی دایە گۆڕانکاری لەپێکهاتەکەی، کەچی هیچ گۆڕانکارییەک لە ریال مەدرید نەبینرا، لێرەوە پرسیارێک دێتە پێش ئاخۆ کێ لەم دۆخە خراپەی یانەکە بەرپرسە ستافی هونەری؟ یاخود دەستەی کارگێڕی ؟

ڕیال مەدرید بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی دەستی کرد، بەکڕینی هەریەک لە ئیدین هازارد لە یانەی چێڵسی و ئیدێر میلیتاو لە پۆرتۆ و فێرلاند مێندی لە لیۆن و لوکا یوڤیچ لەئینتراخت فڕانکفۆڕت و ڕۆدریگۆ گۆس لە فلامینگۆ، هەروەها گەڕانەوەی جەیمس ڕۆدریگێز لەبایێرن میونشن لەبەرامبەردا فرۆشتنی هەریەک لەیاریزانان ماتیۆ کۆڤاسیچ بۆ چێڵسی و تیۆ هێرناندێز ئەی سی میلان و مارکۆس لۆرێنتی ئاتلێتیکۆ مەدرید دانی سێبایۆس بۆ ئاڕسناڵ هەروەها هەندێک یاریزانی بە خواستن بە چەند یانەیەکی دیکە دا، لەوانە مارتن ئۆدیگارد بەڕیال سۆسیداد و سێرجیۆ ڕیگلیۆن بەسێڤییا و کۆبۆ بەمایۆرکا، هاتنی ئەم یاریزانانە و ڕۆیشتنی چەند یاریزانێک ئامانجی نوێکردنەوەی یانەکەبوو، بەلام ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە هەمان نەخۆشی وەرزی ڕابردوو بەجەستەی یانەکەدا دەرکەوتەوە و ڕاهێنەرە فەڕەنسییەکە هێشتا نەیتوانیوە یانەکە بگەڕێنێتەوە ئاستی جارانی بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێی هاوادارانی لۆس بلانکۆس بڕەوێنێتەوە، لێرەدا چاودێران و شارەزایانی تۆپی پێ بوونەتە دووبەش، بەشێکیان پێیان وایە کارگێڕی یانەکە کەمتەرخەمەو تائێستە نەیانتوانیوە برینەقوڵەکانی یانەکەیان ساڕێژ کەنەوە بەشێکی دیکەیان ڕاهێنەر بەرپرسیاری یەکەم هەژمار دەکەن .

خەرجکردنی 300 ملیۆن یۆرۆ بۆ هێنانی چەند ئەستێرەیەک دەریدەخات بووچونی دووهەم زیاتر جێگەی پشتپێ بەستنە، کە ئەویش لەو چەند خاڵە بەرجەستە دەبێت.

1.کارگێڕی ڕیال مەدرید ئامانجیان هێشتنەوەی مارکۆس لۆرێنتی یاریزانی لاوی یانەکەیان هەبوو چوون پێیان وابوو تاکە شوێنگرەوەی کاسیمێرۆ ئەو ناوەڕاستکارە ئیسپانیەیە ، بەڵام زیدانی ڕاهێنەر داوای فرۆشتنی لۆرێنتی کردوو و ڤالڤێردی ئۆرۆگوایی کردە شوێنگرەوەی کاسێمیرۆ! .

2. کارگێڕی یانەکە مەرامی بەردەوامبوونی (سێرجیۆ ڕیگلیۆن)یان هەبوو بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی وەرزی ڕابردوو پێشکەشی کرد، بەڵام زیدان بۆچوونی جیاواز بوو، بۆیە نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆی لەگواستنەوەی فێرلاند مێندی خەرجکرد و ڕیگلیۆنی بەخواستن سێڤییا دا.

3. کارگێڕی یانەکە ڤینسیۆس جۆنیۆری خۆری تازە هەڵهاتووی یانەکەیان وەک پاڵپشتیێکی بەهێز بۆ یانەکەیان دادەنێن، بەڵام لەگەڵ زینەدین زێدان لەیارییەکانی ڕابردوو مامەڵەی یەدەگ لەگەڵ ئەو گەوهەرە بڕازیلییە دەکرێت و کەمتر پشتی پێدەبەستی و زۆرجاریش لەشوێنێک یاری پێئەکات کەهی خۆی نییە، ئەوەش متمانەی یاریزانە لاوەکەی بەخۆی کەم کردوەتەوە .

4. بەرپرسانی یانەکە لەهەوڵەکانی کۆتایی دابوون ئێستەش بەردەوامن لەگواستنەوەی هەردوو یاریزان کریستیان ئێریکسن ناوەڕاستکاری تۆتنهام و ڤان دی بییک ـی یاریزانی ئەجاکس کەنرخی هەردووکیان ناگاتە ۱٥۰ ملیۆن یۆرۆ ! کەچی زیدان سوورە لەسەر گواستنەوەی پۆل پۆگبا کە نرخەکەی بـە۲۰۰ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت و بەردەستیش نییە !

ئەو فاکتەرانە و چەندانی تر پێمان دەڵێن کەئاست خراپی ڕیال مەدرید نەگۆڕانی یانەکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەستافی هونەری یانەکەوە هەیە بەتایبەتیش زیدانی ڕاهێنەر کەتا ئێستە نەیتوانیوە چارەسێک بۆ وێرانی هێڵی بەرگری یانەکەی بدۆزێتەوە، ڕاستە جارێ کاتی بڕیاردانی موتڵەق نییە لەسەر ئەوەی ئاخۆ یانەکە بەو شپرزەییە دەتوانێت ململانێی ناسناوە کاریگەرەکانی ناوەخۆ و دەرەوە بکات، بڕیاردانی چاودێران لەسەر ئەو ئەنجامە جاوەڕاوننەکراوانە بوون کە لەیارییە دۆستانەکان و لەدوو یاری سەرەتای لالیگا تۆمارکراون ،خاڵێکی دیکەش هەیە جێی باسکردنە ئەویش پێکانی بەکۆمەڵی یاریزانەکانی یانەکەیە ئێستە هەریەک لە ڕۆدریۆ گۆس و مارکۆ ئاسینسیۆ و ئیدین هازارد و ئیبراهیم دیاز و جەیمس ڕۆدریگێز و ئیسکۆ ئالکۆرکۆن و فێرلاند مێندی پێکان بەرۆکی گرتوون ، ئەمەشیان پێمان دەڵێ یاریزانەکان لەڕووی جەستەیەوە تەواو ئامادەنەکراون و ئامادەکاری یانە ئیسپانییەکە وەک پێویست نەبوونە دیسانەوە ئەمەشیان ستافی هونەری لێی بەرپرسە .

وەرزێکی دوورودرێژ و پڕ زەحمەتی چاوەڕێی کەتیبەکەی زیزۆ دەکات چەند ڕۆژێکی کەمیش ماوە دەرگای ئاڵوگۆڕکردنی یاریزانان لە ئیسپانیا دابخرێت، کات پێمان دەڵێت ئاخۆ زیدان دەتوانێت یانەکە بگەڕێنێتەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتن یاخود هەواڵی لەکارلادانی بەهۆی ئەنجامەخراپەکانەوە سەردێری ڕۆژنامە جیهانییەکان دەگرێت.

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close