ریال مەدرید نازانێت بەهۆی گاریس بەیل چی بکات!

دوای ئەوەی لەم هاوینە دەنگۆی زۆر لەبارەی رۆیشتی گاریس بەیلی وێڵزی و هێرشبەری ریال مەدرید بڵاوکرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو یاریزانە لە مەدریدە و ئیتر زەحمەتە بەیل ریال مەدرید جێبهێڵێت.

لە سەرەتای کرانەوەی بازاری گواستنەوە یاریزانان، ناوی بەیل بە یانەکانی ئینگلتەرا وەکو( مانچستەر یونایتد و تۆتێنهام) و بایرن میونشنی ئەڵمانی بەسترابویەوە، بەڵام هەرزوو و دوای ماوەیەک، سەرجەم ئەو یانانە لە بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرەکەی ریال مەدرید پاشگەزبوونەوە.

دوای ئەوەی لە ئەوروپا گاریس بەیل هیچ کریارێکی نەبوو، ناچار ریال مەدرید بەهۆی پێکانە زۆرەکانی و دەرچوونی ئەو یاریزانە لە پلانەکانی ئەم وەرزەی زینەدین زێدانی راهێنەر، شاهانە بیری لەوە کردەوە لە کیشوەری ئاسیا و بە تایبەت لە وڵاتی چین کریارێک بۆ هێرشبەرەکەی بدۆزێتەوە، بەیل لە کۆتایی داخرانی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە چین، نزیک بوو لە یانەی جیانگسۆ سۆنینگی چینی، بەڵام ئەو گرێبەستە سەری نەگرت و دەرگای بازاری گواستنەوە لە چین داخرا و بەیل لە مەدرید مایەوە.

لە دواین هەواڵی گاریس بەیل لە رۆژنامەکانی ئەوروپا و بەتایبەت ئیسپانیا، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لێدوانێکی ‘بریداگ میاتۆڤیچ’ی بڵاویکردووەتە و نوسیویەتی: “گاریس بەیل لە ریال مەدرید مایەوە، بەڵام تاکە کێشەی ئەو یاریزانە ئەوەیە کە لە دەرەوەی پلانەکانی زێدانە”

لە هەواڵەکەی رۆژنامەی مارکا، بە راشکاوی ئەوە دەردەکەوێت کە هەرچەندە گاریس بەیل لە ریال مەدرید مایەوە و ئەمڕۆ ناوی لە لیستی یاریزانان بۆ ئەم وەرزەی لالیگا بڵاوکرایەوە، بەڵام دەبێت ئەو یاریزانە بە تەواوی ئەم وەرزە لەسەر کورسی یەدەگ دانیشێت و چاوەروانی کۆتا خولەکەکانی یاریی بکات، ئەگەر زێدان دەرفەتی یارییکردنی پێبدات.

لەلایەن خۆشیەوە بەیل پێشتر گوتوبوی: “نامەوێت ریال مەدرید جێبهێڵێم، ئەگەر راهێنەر یارییپێکردنم باشە، ئەگەرنا من موچەکەی خۆم وەردەگرم و یاریی گۆڵف دەکەم بۆ ئەوەی کاتەکانم بەسەر بەرم”

چەندرۆژێکیشە دووبارە ناوی نێیمار داسێلڤا بە ریال مەدرید دەبسترێتەوە، سەرچاوەکانیش ئاماژەبەوەدەدەن، شاهانە دەیەوێت بەیل و 120ملیۆن یۆرۆ بدات بە پاریس سانجێرمان لە پێناو نێیمار، بەڵام یانەی پاریسیەکە زەحمەتە بەو ئۆفەرە رازیبێت، چونکە نرخی بەیل و ئەو بڕە پارەیە ناگاتە ئەو نرخەی یانە فڕەنسیەکە دەیەوێت.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close