ئابڕووچوونێکی گەورە لەسەر یارییەکی لیگای ئیسپانیا ئاشکرا دەکرێت

 

وێرای تەواو بوونی یارییەکانی لیگای ئیسپانیا، بەڵام بەهۆی ئاشکرا بوونی ئابڕووچوونێکی گەورە بە فرۆشتنی یارییەکی گرنگی دوا گەڕی لیگا و تێوگلانی چەند یاریزانێک لەو کارە هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە.

ڕۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی کەتەلۆنی بڵاویکردوەتەوە کە 7 لە یاریزانانی یانەی ڤالەد وەلید کە (ڕۆناڵدۆی دیاردە) خاوەندارێتی دەکات، لە فرۆشتنی دوایین یارییان بەرانبەر ڤالەنسیا تێوەگلاون و بەڵگەیان لەسەر هەیە، بە پێی ڕۆژنامەکە یانەی ڤالەد وەلید بەر لە دوایین گەڕی لیگا مانەوەی خۆی لە لیگا زامن کردبوو، بۆیە یارییەکەی فرۆشتوەتە بندێکی یاریکردن بە ئەنجامی یارییەکان و لەم کارەش (کارلۆس ئاراندا)ی یاریزانی پێشوو تەلەفۆنەکەی چاودێری کراوە و گومانی ئەوەی لەسەرە کە خۆی سەرۆکی باندەکە بێت، ئاراندا بە تەلەفۆنەکەی لەگەڵ یەکێک قسە دەکات و دەڵێت”توانیمان 7 یاریزانی یانەی ڤالەد وەلید بکڕین، لە قسەیەکی دیکەشی دەلێت ” ڤالەنسیا لە گێمی یەکەم دەباتەوە لە دووەمیش باش دەبێت”، هەر لەم کەیسەوە (بۆرخا فیرناندێز)ی کاپتنی ڤالەد وەلید لە لایەن پۆلیسی ئیسپانیا داواکراوە و باس لەوە دەکرێت کە ئەویش لەو کارە دەستێکی گەورەی هەبێت.

لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕووداوە ڕۆناڵدۆی دیاردەی تووشی شۆک کردوە و لە تازەترین لێدوانیدا دیاردەی بەڕازیلی گوتی ” هیوادارم هیچ شتێک لەسەر یانەکە نەبێت و ڕاست نەبێت، بەڵام پێویستە لەڕاستی ئەو کارە بکۆڵینەوە، دەبێت هەمووان دژایەتی گەندەڵی و ئەو جۆرە کارە پیسانە بکەین”.

جێی ئاماژە پێکردنە ئەو یارییە نێوان ڤالەنسیا و ڤالەد وەلید کە بە دوو گۆڵی بێ وەڵام بۆ بەرژەوەندی ڤالەنسیا کۆتایی پێ هات، بلیتی چامپیۆنزلیگی بۆ یانەی شەمشەمە کوێرەکان زامن کرد، لە کاتیکدا هیچ کاریگەری لە پێگەی ڤالەد وەلید نەبوو.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close