ئاتلەتیکۆ مەدرید لەسەر بارسێلۆنا ڕوونکردنەوەی لە گریزمان دەوێت

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ڕۆیشتنی ئەنتوان گریزمان بۆ یانەی بارسێلۆنا، یانەی ئاتلەتیکۆ مەدرید بە هەواڵانە نیگەران بووە و داوایان لە یاریزانە فەرەنسییەکە کردوە کە ڕوونکردنەوە لەم باریەوە بدات.

ڕۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا بڵاویکردوەتەوە کە ڕۆیشتنی گریزمان بۆ بارسێلۆنا زۆر نزیک بوەتەوە، لەو ساتەش بەرپرسانی یانەی ئاتلەتیکۆ مەدرید بە یاریزانە فەرنسییەکەیان ڕاگەیاندوە کە سەبارەت بە رۆیشتنی بۆ بارسێلۆنا خۆی یەکلایی بکاتەوە و قسەی کۆتایی خۆی ڕووبەڕوو بدرکێنێت، بە پێی هەواڵەکە بەرپرسانی یانەی ئاتلەتیکۆ لەو باوەڕەدان کە گریزمان قسەی خۆی بە بارسێلۆنا داوە و دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو لە (کامپ نو) یاری بکات.

جێی ئاماژەیە لە گرێبەستەکەی گریزماندا بڕگەیەک هەیە کە مەرجی شکاندنی گرێبەستەکەی لە مانگی تەمووزدا بۆ 120 ملیۆن یۆرۆ دادەبەزێنێت، بەمەش یانەی بارسێلۆنا لەو ساتە بە پێدانی ئەو بڕە پارەیە بە یانە مەدریدییەکە، گریزمان بێ هیچ کێشەیەک بۆ یانەکەی دەگوازێتەوە.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close