ئینگلیزەکان گەڕانەوە !

کارۆخ ڕواندزی

دوای ئەوەی هەردوو یانەی لیڤەرپوول و تۆتنهام بە شایستەیی دوای دوو ڕیمۆنتدای یەک لە یەک سەرسوڕهێنەرتر بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ سەرکەوتن، ئەمجارە پێرێ شەو ئاهەنگی خۆشی ئینگلیزەکان بەگەیشتنی هەردوو یانەی (ئارسناڵ) و (چێلسی)ش بۆ یاری کۆتایی یۆرۆپا لیگ بە تەواوی کامڵ بوو و گەیشتە لووتکە، بەمەش دوای چەندین ساڵ دابڕان و ئامادەنەبوونی بەهێز لە کۆتاییەکانی خولەکانی ئەوروپا ئینگلیزەکان لەدەرگای گەورەوە گەڕانەوە مەیدانی کێبڕکێ ئەوروپییەکان و بەڕەکەیان لەژێر قاچی یانەکانی ئیسپانیا بەشایستەیی دەرهێنا !

لە ڕاستیدا گەڕانەوەی یانە ئینگلیزییەکان بەم گڕو تینەی هەموومان بینیمان شتێکی دڵخۆشکەرە بۆ تۆپی و چێژی تۆپی، لێرەدا کۆمەڵێک هۆکاری گرنگ هەن کە وایان کردوە ئەم جارە گەورە یانەکانی پرێمەر لیگ بەو شێوە بەهێزە بگەڕێنەوە و چوار یانەیان بۆ یاری کۆتایی هەردوو پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپا لیگ سەرکەوێت و هەردوو خولەکە داگیر بکەن و لە ئێستەدا براوەی هەردوو پاڵەوانێتیەکەش بۆ یانە ئینگلیزییەکان زامن بێت و شکۆ بۆ تۆپی پێی ئینگلیزی بگەڕێتەوە، گرنگترین هۆکارەکانی گەڕانەوەی ئینگلیزەکان دەکرێ زیاتر لەو چەند خاڵە بەرجەستە بکرێت..ڕەنگە هۆکاری دیکەش بوونیان هەبێت، بەڵام ئەوانە سەرەکین..

یەکەم: بەهێزی بوونەوەی (پرێمەرلیگ) و داهاتی پەخشی تەلەفزیۆنی !

گومان لەوەدا نییە کە پرێمەرلیگ هەر لە کۆنەوە یەکێک بووە لە باشترین خولەکانی جیهان بەڵام ئەو خولە لە ساڵانی ڕابردوو بە پێی پێویست نەبوو، بەم دواییە بەهۆی زیاد بوونی داهاتی یانە ئینگلیزییەکان کە زۆرترین بڕە پارە لە بەرانبەر پەخشی ڕاستەوخۆی یارییەکانیان وەردەگرن، وای کرد ئەو یانانە گرێبەستی گەورە ئەنجامبدەن و ڕاهێنەری گەورە بۆ یانەکانیان بهێنن، بۆ نموونە ئەو یانەیەی کلکی ڕیزبەندی پرێمەرلیگ دەگرێت پارەیەکی وا وەردەگرێت کە یانەیەکی پێشەنگی خولی ئیسپانی وەریناگرێت، ئەوەش جگە لەو پارەی لە سپۆرنسەر و کۆمپامیاکان و ڕیکلام و داهاتی یاریگا و فرۆشتین درێسی ئەستێرەکان و مافی وێنە و چەندین شتی دیکە یانەکان وەریدەگرن، لێرەش باشبوونی باری دارایی یانەکان کاریگەری سیحری بەسەر بەهێزبوونی یانە ئینگلیزییەکان هەبووە، وەکو بینیشمان یانەی پلە دوو پلە سێ زۆر جار توانیویەتی یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ لە لە هەندێک پاڵەوانێتی ناوخۆی بکەنە دەرەوە، ئەو دیاردەیەش زیاتر لە نێو یانە ئینگلیزییەکان باوە،

دووەم : هاتنی ڕاهێنەرە گەورەکان بۆ پرێمەرلیگ

بێ گومان کارکردنی گەورە ڕاهێنەرانی جیهان لەگەڵ یانەکانی پرێەرلیگ کاریگەری زۆر ئەرێنی لەسەر بەهێزبوونی یانەکانی پرێمەرلیگ هەبووە، هاتنی ڕاهێنەران لەسەنگی پیپ گواردیۆلا و مۆرنییۆ و کۆنتی و ساری و ئیمێرێ لە پێشتر لە یانەی زۆر گەورە ڕاهێنەربوون کاریگەری گەورەی لەسەر ئەنجامەکان و لەسەر ڕاکێشانی ئەستێرەی گەورە بۆ خولی ئینگلیزی هەبووە و بۆ داهاتوو زیاتریش ئەو خاڵە بەرجەستە دەبێت.

سێیەم: بەهێزی ڕکابەری لە نێو یانەکانی پرێمەرلیگ..

ڕەنگە تەنها لە پرێمەرلیگ ڕکابەری و ئاست نزیکی لە نێوان زیاتر لە 5-6 یانە بەدی بکرێت، نەک هەر ئەوەش لەم وەرزە یانەی دیکەش وەک ولڤیرهامتۆن و کریستال بالاس ئەنجامی گەورە و سوپڕایزیان بەرانبەر یانە گەروەکان تۆمار کرد، ئەوەش بە پێچەوانەی زۆر لە خولە گەورەکانی ئەوروپا کە ڕکابەری زیاتر پێش دەستپێکی خولەکە دیارە وەک لە ئەڵمانیا لەگەڵ بایەڕن و لە ئیتالیا یانەی یۆڤێنتۆس و لە ئیسپانیا بارسێلۆنا ولە فەرنساش پاریس سان جێرمان کە بۆ خۆی بەتەنها لە لووتکەیە بە جیاوازییەکی خەیاڵی لەگەڵ ڕکابەرەکانی و دەمێکیشە خولەکەی بردوەتەوە! ڕەنگە هەر لاوازی خولی فەرنسیش هۆکاری شکستی پاریس لەسەر ئاستی ئەوروپا بێت.

چوارەم: گەڕانەوەی ئەستێرەکان بۆ پرێمەرلیگ:

زۆر لە ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێ بە تایبەتی ئەوانەی لە دەروەی پرێمەرلیگن خواست و ئارەزووی ئەوەیان هەیە کە لەو خولە یاری بکەن، لەمەولا بەهۆی بەهێزبوونی باری دارایی یانەکانی ئینگلتەڕا دوور نییە ئەستێرەی گەورە و کرنگ لەو خولە ببینین، ڕەنگە گوتەی نێیمار بکەینە بەڵگەیەک کە چەندین جار ئاماژەی کردوە کە پرێمەرلیگ خولێکی بەچێژە و هەموو یاریزانێک حەز بەوە دەکات لەو خولە یاری بکات، ئێستاش کۆمەڵێک یاریزانی گرانبەها لەو خولە یاریدەکەن، وەک ئالیسۆنی گۆڵپارێزی لیڤەرپوول و (ئاریزا بالاگا)ی گۆڵپارێزی چێلسی و ئادیرسۆنی گۆڵپاڕیزی مان سیتی لە گۆڵپارێزان کە ئەوانە ئێستا لە نێو باشترین و گرانبەهاترین گۆڵپارێزانانن لە بەرگریکاران ڤان دایک لە هیڵی ناوەڕاست و هێرشبەریش چەندین ئەستێرەی گەورە لە یانەکانی پرێمەرلیگ هەن بۆ نموونە سلاح و ئەگوێرۆ و هاری کەین و ستێرلینگ و مانی و هازارد و پۆگبا و ئۆزێل و ئۆبامیانگ و هتد ..). لێرەش یانەکانی ئینگلتەڕا زیاتر بەکۆمەڵ یاری دەکەن و پشت بە تاکە ئەستێرەیەک نابەستن ئەوەش خاڵێکی ئەرێنی و باشە کە بۆ یانە ئینگلیزییەکان هەژمار دەکرێت.

لەکۆتاییدا دەکرێ بڵێین ئەمجارەش ئینگلیزەکان گەڕانەوە، بەڵام ئەم جارە پێ دەچێت گەڕانەوەکەیان کاتی نەبێت، بەڵکو ئەوانیش دەیانەوێت هاوشێوەی ئیسپانیەکان ماوەیەکی باش گۆڕەپانی ئەوروپی کۆنتڕۆڵ بکەن و بیسەلمێنن کە ئەوان داهێنەری تۆپی پێن و بەئاسانی لە لووتکە دانابەزن و ئەوەی ئەم وەرزەش ڕوویداوە بەرێکەوت و چانس نەبووە، بەڵکو بەشایستەیی بووە.

facebook: karox rwandzi

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close