ڕیمۆنتادای کلۆپ و گەمژەیی ڤاڵڤێردی !

 

 

کارۆخ ڕواندزی

گەر پێش یارییەکەی دوێنێ شەوی نێوان لیڤەرپوول و بارسێلۆنا لە گەشبینترین هاندەری یانە ئینگلیزییەکەت بپرسی بوایە، ئەوا هەرگیز پێشبینی ئەو ئەنجامەی نەدەکرد کە یانەکەی دوێنێ شەو تۆماری کرد، لە هەمان کاتیشدا گەر هەمان پرسیارت ئاڕاستەی ڕەشبینترین هاندەری بارسا بکردبا ئەوا بێ گومان ئەو ئەنجامەی هەرگیز بەخەیاڵدا نەدەهات و پێشبینی ئەو سیناریۆیەی نەدەکرد.

ئەوەی دوێنێ شەو لە یاریگای ئەنفیڵد ڕوویدا وانەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی کە لە تۆپی پێ مەحاڵ بوونی نییە، بەلام گەر شڕۆڤیەکی کورتی یارییەکە بکەین دەبینین کە ڕۆڵی هەردوو ڕاهێنەر چۆن بوو لە دروستکردنی ئەو ئەنجامە گەورەیە کە بەهۆیەوە بارسا بۆ دووەمین وەرز لەسەر یەکەوە بە ڕیمۆنتادایەکی دیکە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، هەروەها با بزانین گرنگترین هۆکارەکانی ئەو شکستە گەورەیەی بارسا لەو یارییە چی بووە؟.

یەکەم : ئەنجامی یاری پێشوو و کاریگەری لەسەر یاریزانانی بارسێلۆنا

بێ گومان بردنەوەی بارسێلۆنا لە یاری چوون بە ئەنجامی 3-0 لە نێو کامب نو، کاریگەری باش و خراپی هەبوو، باشەکە ئەوەیە کە تۆ دەچیە نێو یاریگای بەرانبەرت و کەمێک ئاسوودەی بەو ئەنجامەی لە یاری یەکەم بەدەستت هێناوە، بەڵام زیانەکەی ئەوەیە ئەو بردنوە گەورەیە متمانەی زیاد لە پێویستت پێ دەدات و یاریزانان سارد دەکاتەوە و وایان لێ دەکات لەخۆ بایی ببن و کەمتر ڕێزی تیپی بەرانبەریان بگرن، لێرەدا گەر ئەنجامی یاری چوون 1-0 یان 2-0 بوایە ڕەنگە بارسێلۆنا زیاتر بە ئاگایی یاری بکردبایە وئەنجامەکەش بەو شێوەیە نەبوایە.

دووەم: هەڵەکانی ڤاڵڤێردی لە دانانی پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی !

ڕەنگە نەک هەر من بەڵکو زۆر لە هاندەرانی بارسێلۆنا لەگەڵ بینینی پێکهاتەی سەرەکی بارسا درکیان بە هەڵەی ڕاهێنەر کردبێت، کە نازانێت یاریزانەکان بە باشی بەکار بهێنێت، یاری پێکردنی کۆتینیۆ کە خاڵی لاوازی بارسا بوو لەهەردوو ڕووی بەرگریکردن و هێرشبردن جگە لە خراپی باری جەستەیی یاریزانەکە بە بەراورد بە دێوەزمەکانی لیڤەرپوول زیاتر لە نیشانەیەکی پرسیار دەخاتە سەر ڕاهێنەر، هەروەها فەرامۆشکردنی (سیمیدۆ) کە بەرگریکارێکی خێرایە لە ڕاگرتنی هێرشبەرە بەهێز و خێراکانی لیڤەرپوول سوودی زۆری دەبوو، بەلام ڤاڵڤی دوای وێرانبوونی ماڵتا یاری بەو کرد، هەروەها فەرامۆش کردنی یاریزانێکی وەک ئارسەر کە دەیتوانی تۆپ زیاتر لە ژیر کۆنتڕۆڵی یانە کەتەلۆنییەکە بهێڵێتەوە و فەرامۆش کردنی مالکۆم کە بەخێراییەکەی دەیتوانی هاوکاری مێسی بکات، سەر لێ شێواوی ئەو ڕاهێنەرەی بە زەقی دەرخست.

سێیەم : گەمژەیی ڤاڵڤێردی و سوود وەرنەگرتن لە وانەکەی ڕۆما !

بۆ دووەمین وەرز لەسەر یەک لە چامپیۆنزلیگ مێزەکە بەسەر ڤاڵڤێردی هەڵاوگێر دەکرێتەوە، جاری یەکەم بەرانبەر رۆما ئەو جارە لیڤەرپوول، وا دیارە ڤاڵڤێردی هیچ سوودی لەوانەکەی یاری ڕۆما وەرنەگرتوە بۆیە هەمان هەڵەکانی دووبارە کردەوە! ، لە یاری ڕۆما تەنها گۆڵێک بۆ بارسا بەس بوو بۆ ئەوەی یارییەکە بکوژێت و هەموو خەونەکانی ڕۆما لەگۆڕ بنێت کەچی نەیکرد و لە بیری کرد کە ئەو ڕاهێنەری بارسێلۆنایە نەک بلباو! لە بیری کرد کە ئەو مێسی و کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورەی هەیە! بۆیە لەکۆتاییدا بارسا سزا درا و نەیتوانی بگەڕێتەوە، دوێنێش بەهەمان سیناریۆ گەر خراپتر نەبێت، بەرانبەر لیڤەرپوول ڤاڵڤێردی بیری لەوە نەکردەوە کە هەوڵی تۆمار کردنی تاکە گۆڵێک بدات!، کە ئەگەر لە هەر ساتێکی یارییەکە تۆمار بکرایە ئەوا هەموو ئارەزوو و خەونەکانی سوورپۆشەکانی بەکۆتا دەهێنا ! بەڵام ڕاهێنەر تا گۆڵی چوارەمی لەسەر تۆمار نەکرا جووڵەی نەکرد، ئەوکاتیش کلۆپ بە تەواوی یارییەکەی داخست و هیچ بۆشاییەکی بۆ یاریزانانی بارسا نەهێشتەوە و بە هێرشی پێچەوانەش دوو جار لیڤەرپوول لە تۆمار کردنی گۆڵی پێنجەمیش نزیکبوو!.

چوارەم : پشت بەستن بە مێسی !

هەموو دەزانن کە تۆپی پێ یارییەکەی بەکۆمەڵە، راستە بەهرەی یاریزانان تا ڕادەیەک ڕۆڵی هەیە بەڵام هەرگیز هەموو شێتێک نییە هەتا ئەگەر ئەو یاریزانە مێسیش بێت، ڤاڵڤێردی وەک دەیبینین لە هەموو یارییەکان پشت بە تواناکانی مێسی و لێدانەکانی مێسی و جموجۆڵەکانی مێسی دەبەستێت، ئەوەش واتای ئەوەیە ئەگەر ڕۆژێک مێسی سەرکەوتوو نەبێت دەبێت بارسێلۆناش لەم ڕۆژە شکست دەخوات!، ئەوەش ڕێک دوێنێ شەو ڕوویدا، ڤاڵڤێردی لە لیگای ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگیش لە چەندین یاری بەهۆی گۆڵەکانی مێسی لەشاڵاوی ڕەخنەکان ڕزگاری بوو، بەڵام هەموو جارێک گۆزەکە لە شکان ڕزگاری نابێت، بۆیە دوێنێ گیانی شەڕانگێزی و ئازایەتی یاریزانانی لیڤەرپوول و کلۆپی ڕاهێنەر توانیان ڤاڵڤێردی ببنە دەرەوەی بازنە، کڵۆپ سەلماندی کە تێڕوانینەکانی زۆر تیژن و بێ گوێدانە پێکانی سەلاح و فیرمینیۆ و کایتا و دواتریش پێکانی ڕۆبێرتسۆن لە نێو یاریگا شێوازی ڕیتمی یاری خۆی تا کۆتایی یارییەکە بەسەر ڤاڵڤێردی سەپاند !

پێنجەم : لاوازی توانای جەستەیی یاریزانانی بارسێلۆنا

زۆر جار یانەی بارسێلۆنا بەهۆی بەهێزی توانای جەستەیی یاریزانانی یانەی ڕکابەری ناتوانێت ئاستی پێویست پێشکەش بکات، یان ناتوانێت شێوازی یاری خۆی بەسەر تیپەکە بسەپێنێت، لە یارییەکەی دوێنێ شەو تەنها ئارتۆرۆ ڤیدال بەرانبەر توندی و خۆپێکدادانەکانی یاریزانانی لیڤەرپوول ڕۆڵی هەبوو، لە کاتێکدا تەواوی یاریزانانی دیکەی بارسا لە زۆربەی خۆپێکدانە دوو قۆڵییەکان بە زیانی خۆیان بەکۆتا دەهات بوو، بەمەش تۆپێکی زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵی بارسا دەرۆیشت و فشاری سەریان زیاتر دەبوو.

شەشەم : نەقۆستنەوەی هەلەکانی گۆڵکردن لە لایەن کۆتینیۆ و سوارێز و مێسی!

ڕەنگە گەر بارسێلۆنا لە هەر ساتێکی ئەو یارییە گۆڵێکی تۆمار کردبا هەموو ئەو سیناریۆ ڕەشەی بینیمان بە شێوەیەکی دیکە بگۆڕابایە، تاکە گۆڵێک بۆ بارسێلۆنا واتای هیوابڕکردنی یانەی لیڤەرپوول بوو، بەڵام بەفیڕۆدانی ئەو هەلانەی بۆ سوارێز و مێسی و کۆتینیۆ ڕێکەوتن بارسێلۆنای خستە ژێر فشارێکی گەورەتر !

حەوتەم : سوود وەرنەگرتنی بارسا لە هیلاکی لیڤەرپوول و یاری نەکردنی ئەستێرەکانی !

بارسێلۆنا یاریزانە سەرەکییەکانی بۆ هەفتەیەک پشوویان وەرگرتبوو لەبەر ئەوەی لە یاری سیلتا فیگۆ ڤاڵڤێردی یاری پێ نەکردن، لەبەرانبەردا لیڤەرپوول لە یارییەکی یەکجار قورسدا بەر لە سێ ڕۆژ لەو یارییە بەرانبەر نیوکاسڵ یاریکرد، وێرای ئەوەش تا رۆژی یاری کۆمەڵێک ئەستێرەی کاریگەری بەهۆی پێکان لەدەستدا کە دواترینیان محەمەد سەلاحی گۆڵکاری پرێمەرلیگ بوو، وێرای ئەوەش کڵۆپ و یاریزانانی خۆیان بەدەستەوە نەدا بەلام ڤاڵڤێردی نەیتوانی یانەکەی باش ئامادە بکات و کار لەسەر لایەنی دەروونی بکات و زەمینە بۆ بردنەوە یان ئەنجامێکی باش خۆش بکات.

هەشتەم : هەڵە کوشندەکان و خراپی ئاستی جۆردی ئالبا

جۆردی ئەلبا لە زۆربەی یارییەکانی بارسێلۆنا کلیلی بردنەوەی یانەکەی بووە، بەڵام دوێنێ یەکێک لە خراپترین یارییەکانی خۆی ئەنجامدا و یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دۆڕاندنە قورسەکە، ئەلبا لەو یارییە بە دوو هەڵەی کوشندە گۆڵی یەکەم و دووەمی بە لیڤەرپوول بەخشی ئەوەش کاریگەری زۆری هەبوو هەروەها هەڵەی گۆڵی دووەمی خاڵی وەچەرخانی بۆ ئەو گەڕانەوەی لیڤەرپوول دروست کرد.

نۆیەم: بێ باکی دیمبلی و یاریزانانی بارسا لە یاری کامب نو !

کاتێک عوسمان دیمبلی لە دوایین ساتەکانی یاری یەکەم لەسەر یاریگای کامپ نو تۆپەکەی مێسی زۆر بە بێ باکانە و غرورێکی زۆرەوە بە فیڕۆدا، ئەوکات کۆمێنتاری یارییەکە گوتی دەترسم بارسێلۆنا لەسەر تۆمار نەکردنی ئەو گۆڵە زۆر پەشیمان ببێتەوە ! لە ڕاستیدا قسەی ئەو کۆمێنتارە ڕوویدا و ئەو هەلە زۆر ئاسانەی دیمبڵی لە یاری چوون بە هەدەری دا، وێرای ئەوەی یاریزانی دیکە لە تەنیشتی هەبوو تۆپەکەی پێ بدات، بووە باس و خواسی هاندەرانی بارسا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو پێیان وایە گەر ئەو گۆڵە تۆمار کرابایە ئێستا بارودۆخە بەو شێوەیە نەدەبوو !

لەکۆتایی نووسینەکەمدا پێویستە ستایشی یۆرگین کلۆپی ڕاهێنەری لیڤەرپوول بکەم، کەبەڕاستی نموونەی ڕاهێنەری زیرەک و بتوانایە و دەتوانێت لە ڕووی دەروونی کاریگەری سیحراوی بەسەر یاریزانەکانی بکات، هەروەها ئەو ڕاهێنەرە بە چاندنی عەقڵیەتی بردنەوە لە مێشکی یاریزانانی هۆکارێکی گرنگی ڕیمۆنتادایەکەی سوور پۆشەکان بوو ، لە هەمان کاتدا ئالیسۆنی گۆڵپارێز بە ئاستە بەرزەگەی و تەرکیزی زۆری لەسەر تۆپەکان دڵنیایی دا بە یاریزانانی یانەکەیی و هۆکارێکی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لیڤەرپوول بوو .

facebook: karox rwandi

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close