پلانه‌كه‌ی ئارنیستۆ و چاویلكه‌كه‌ی كڵۆپ

هەوراز کاوە
یارییه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ به‌رشه‌لۆنه‌ تیپی ڕكابه‌ری به‌سه‌ردا زاڵبوو، به‌ڵام ئه‌زموون و لێهاتووی بۆ ڕۆژی وه‌كو ئه‌مڕۆ پێویسته‌، بۆسكێتس گه‌ڕایه‌وه‌ نێو دڵی دوو به‌رگریكاره‌كه‌ی پشته‌وه‌، ڤیدال و ڕاكیتچ لێكنزیكبوونه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگای تێرشتیگنه‌وه‌ هه‌ندێك یاریی به‌ تۆپ بكه‌ن و پاشان بتوانن دژه‌ هێرش دروست بكه‌ن به‌ڕووی (میسی سواریز و كۆتینهۆ). هه‌رچۆنێك بێت لێڤه‌رپوول شكستیان هێنا له‌ دروستكردنی هێرشی پێچه‌وانه‌، پاشان چالاكییه‌كانی ڤیدال له‌گه‌ڵ كۆتینهۆ و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانی جۆردی ئه‌لبا و هه‌ڵكشانی بۆسه‌ر گۆڵی ئه‌لیسۆن بیكه‌ر گۆڵی یه‌كه‌می به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو بۆهات، به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانن ئه‌ستێره‌كه‌ی به‌رشه‌ ته‌نیا یه‌ك پارچه‌ ڕووبه‌ری بۆش له‌پشتی به‌رگریكارانی لێڤه‌ره‌وه‌ هه‌بوو، تۆپه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌و شوێنه‌ و سوارێز گه‌یاندییه‌ تۆڕه‌كه‌.

پێشتر گومان له‌ خوێندنه‌وه‌ی تواناكانی ڤالڤێردی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌بوو، كه‌ دوورنیه‌ بكه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌ چۆن بتوانێت پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تی یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر لێڤه‌رپووڵ دابنێت، به‌ تایبه‌تی ئه‌و ده‌بوو له‌نێوان دوولا باڵی به‌رگری (سیمیدو ڕۆبێرتۆ) كه‌سێكیان دابنێت، كه‌ یه‌كه‌میان زیاتر لایه‌نی به‌رگری به‌هێزه‌ و دووه‌میان یارمه‌تیده‌رێكی گه‌وره‌ی لایه‌نی هێرشبه‌ری تیپه‌كه‌یه‌، پاشان كار گه‌یشته‌ سه‌ر ڤیدال و ئه‌رسه‌ر، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان زیاتر ده‌توانێت هێزی به‌رگری ناوه‌ندی به‌رشه‌لۆنه‌ به‌هێز بكات و گوشاری سه‌ر به‌رگری كه‌م بكاته‌وه‌، كه‌چی ئارسه‌ر زیاتر چه‌شنی ئه‌و ئه‌ستێرانه‌یه‌ ده‌توانێت پارسه‌نگی ناوه‌ڕاستی مه‌یدان به‌ سوودی تیپه‌كه‌ی بشكێنێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی هێڵی پێشه‌وه‌، به‌ڵام له‌ نێوان كۆتینهۆ و فه‌ردانێتی دیمبڵی ئه‌و كۆتی ده‌ستنیشانكرد و وازی له‌وه‌ هێنا ڕه‌ش ئه‌سمه‌ره‌كه‌ به‌شێوه‌ی تاكی و خێرا ڕووبه‌ڕووی به‌رگری لێڤه‌ر بێته‌وه‌، چونكه‌ ناكرێت له‌گه‌ڵ تیپێك هه‌موو پلانیان خێرا یاریكردنه‌ تۆیش هه‌مان نه‌فسی ئه‌وانت هه‌بێ و كه‌سی دیاریكراو نه‌یشتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ نیو یاریگای خۆی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنه‌ به‌ تاڵه‌كه‌ی.

كاتێك یارییه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد تاڕاده‌یه‌ك هه‌ستده‌كرا ته‌وازنێكی باش له‌نێوان هه‌ردوو تیپه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ گێمی دووه‌م و له‌ (30) خوله‌كی سه‌ره‌تادا لێڤه‌ر به‌ ته‌واوی باڵا ده‌ستبوون و گوشاری زۆریان له‌ ناوچه‌ی (40) مه‌تری مه‌ترسیداری سه‌ر گۆڵی بلوگرانه‌ ده‌كرد، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌رفه‌تیش به‌ ئاسانی فه‌رهه‌م ده‌بوو، پاشان لێره‌وه‌ ڕۆڵی ڕاهێنه‌ری به‌رشه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ چیتر تیپه‌كه‌ی به‌رگه‌ی ئه‌و پرێسینگه‌ زۆره‌ ناگرێت، بۆیه‌ هۆشیارانه‌ توانی كۆتینهۆ بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ و سیمیدۆی خسته‌ ناوه‌وه‌ بۆ شوێنی ڕۆبێرتۆ و پلانه‌كه‌ی گۆڕی بۆ (4،4،2) ڕۆبێرتۆیشی به‌شێوه‌ی چه‌مانه‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌یدان وه‌كو یارمه‌تیده‌ری به‌رگری ئه‌و بنكه‌یه‌ هێشته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڤیدالی خسته‌ پێش ئه‌لبا و به‌ ته‌واوی ئه‌ترافه‌كانی له‌ هێرشی فێرمینهۆ و سه‌ڵاح داخست، دواتر ناوه‌ڕاستكارانی كڵۆپ به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو یاریزان (فابینهۆ و هیندرسۆن) ده‌یانویست له‌ ڕێگای هه‌ڵدانی تۆپی به‌رز و به‌ینی له‌ناوه‌وه‌ یارمه‌تی مانی بده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕاكیتیچ و بۆسكیتس زیاتر نزیك بوونه‌وه‌ له‌و دووانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌هیچ جۆرێك نه‌توانن گوشاری ڕاسته‌خۆ بخه‌نه‌ سه‌ر لینگلیه‌ و پیكێ‌، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رگای دژه‌ هێرشی بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ كرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ڕۆڵی ئه‌لبا و میسی، كه‌ سه‌لاح به‌ هیچ كلوجێك سه‌ركه‌توو نه‌بوو له‌وه‌ی لانیكه‌م نه‌هێڵیت جۆردی دژ هێرش دروست بكات و چالاكییه‌كانی یارمه‌تیده‌ر نه‌بێت بۆ هێرشه‌كانی به‌رشه‌لۆنه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ وایكرد به‌چه‌ند گۆڕنكارییه‌كی ساده‌ ڤالڤێردی به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆی سه‌رقاڵ بكات بۆ یاریی داهاتوو، سه‌ركه‌وتنێكی ته‌كتیكی وردی مسۆگه‌ر كرد.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ئێستا هه‌موو ناچارین زیاتر وه‌كو حیكایه‌ت خوانێك گوێ‌ بۆ یۆرگن كلوپ بگرین، نه‌ك ڕاهێنه‌رێكی ته‌كتیكی، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی پێشوودا هێنده‌ی چیرۆكی بردنه‌وه‌ی له‌ ڕیاڵ و ئه‌وانه‌ی باس ده‌كرد، نیو هێنده‌ نه‌یتوانی بۆ بارودۆخی پڕ شكستی تیپه‌كه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بڕیار بدات، لانیكه‌م جورئه‌تی بكردایه‌ فێرینهۆی بهێنایه‌ و هه‌ندێك هه‌ڵمی سه‌ر چاویلكه‌كه‌ی لابردایه‌، تا به‌ باشی بزانێت چ كاره‌ساتێكی خوڵقاندووه‌، كه‌ دوورنییه‌ به‌هۆی ئه‌م شكسته‌وه‌ خولی ئینگلیزیش له‌ده‌ست بدات، چونكه‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆی تۆپی پێ‌ ته‌نیا ڕاكردن و یاریكردن به‌ تۆپ نییه‌، به‌ڵكو لایه‌نی هۆشه‌كی و ده‌روونی فاكته‌ری سه‌ره‌كی بردنه‌وه‌كانن بۆ یاریزانان.

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close