خوێندنه‌وه‌ی پلانی پۆچۆتینۆ

هه‌وراز كاوه‌
خوێنده‌وه‌ی بارودۆخی یاریی پێش پلان ستراتیجی ڕاهێنه‌ره‌، ئه‌واته‌ ڤالڤێردی له‌دوای بردنه‌وه‌ی نازناوی لالیگا ناهاتۆته‌ده‌ره‌وه‌ و زیاتر له‌ (24) یاریی یانه‌ی لێڤه‌رپوولی ته‌مشاكردووه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ ئه‌رك و كاری ڕاهێنه‌ره‌ به‌وجۆره‌ به‌دواداچوون بۆ تیپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆی بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌مشه‌و یاریی ئه‌جاكس و تۆتنهام هیچی له‌وه‌ی سبه‌ی كه‌متر نابێت‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یان له‌ڕووی هونه‌ری تۆپی پێوه‌ زیاتر چێژ به‌خشتر بێت، كاتێك هه‌ردوو یانه‌كه‌ شێوه‌ی یارییان گشتگیره‌.

هه‌ندێك كات به‌ هۆكاره‌كانی (پێكان و لایه‌نی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و واقعی تیپی ڕكابه‌ر)…تاد، ڕاهێنه‌ر ناچاره‌ ده‌ستكاری سێكته‌ره‌كانی یاریكردنی خۆی بكات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نموونه‌ له‌سه‌ر پۆچۆتینۆی ڕاهێنه‌ری تۆتنهام ده‌هێنمه‌وه‌، ئه‌و هه‌ندێكجار به‌ پلانی (3،5،2) یاریی ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌وه‌یكرد به‌ ئاسانی ده‌توانێت به‌بوونی ئه‌و پێنج ناوه‌ڕاستكاره‌ هێڵی ناوه‌ندی یاریگا له‌ تیپی ئه‌جاكس دابخات و زۆر نه‌توانن هه‌ڵبكشێن بۆ پێشه‌وه‌، یان ئه‌و بنكانه‌ی هێرشی لێبه‌دیده‌هێنرێت به‌ ته‌واوی به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه‌ له‌ تیپی ڕكابه‌ر، بۆیه‌ گرنگه‌ بوونی پێنج یاریزان له‌ هێڵی ناوه‌ڕاستدا، هه‌روه‌ها سێ به‌رگریكاره‌كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر بۆرده‌كه‌ن ئه‌گینا هه‌ردوو باڵ كه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز و ناوه‌ڕاست داده‌نرێن له‌كاتی به‌رگریدا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ دواوه‌ و یارمه‌تی هێڵی پشته‌وه‌ ده‌ده‌ن، بوونی دوو هێرشبه‌ره‌كه‌ش هه‌روایه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌رسێ ناوه‌ڕاستكاره‌كه‌ وه‌ك هێرشبه‌ر ڕۆڵیان ده‌بێت له‌ هێرش و فشار و هه‌لی گۆڵكردن، واته‌ له‌كاتی هێرشبردندا پێنج یاریزان فشار دروست ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مشێوازه‌ زۆر نه‌یه‌ڵێت تیپی ئه‌جاكس وه‌كو یارییه‌كانی پێشوو نمایش و پلانیان ده‌ربكه‌وێت، به‌مه‌ش تیپه‌كه‌ی هۆڵندا زۆر ناتوانن كۆنتڕۆڵی تۆپ بكه‌ن، به‌وه‌ش هێرشبه‌ره‌كانی له‌ فشار و هێرشه‌كانی تیپی به‌رامبه‌ر ده‌ترسن.

یاریكردن دژی تیپی ئه‌جاكس ئه‌مسته‌ردام و شێوازی یاریكردنه‌كه‌ی، كه‌ سه‌راپاگیره‌ و كۆنتڕۆڵی تۆپه‌، بۆ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی تۆتنهام قورس نابێت، چونكه‌ ئه‌و پێشتر توانییه‌تی ئه‌م جۆره‌ یانه‌ و شێوه‌ پلانانه‌ ڕابگرێت و به‌سه‌ریاندا زاڵبێت…. نموونه‌ی: تێكشكاندنی پلانی سه‌راپاگیری پیپ گواردیۆلا، كه‌ له‌گه‌ڵ (تین هاگ) دوو ڕووی یه‌ك دراون. بردنه‌وه‌ له‌ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی ڕێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌جاكسدا، ئه‌ویش به ‌نه‌خشه‌ و پلانی هێرشبردن و چاو نه‌ترسان و بوێری و سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵكشانی به‌رگریكارانی تیپی ڕكابه‌ر. پۆچۆتینۆ هه‌ركات فشار ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر یاریی یانه‌كه‌ی كه‌متر ده‌كه‌وێته‌ ژێر گه‌مارۆی به‌رامبه‌ره‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ به‌ چوار یاریزان ده‌ستده‌كاته‌وه‌ دروستكردنی فشاری به‌رز و هه‌ندێكجار ژماره‌ی یاریزانه‌كان زیاتریش ده‌بێت، له‌دوای پێكانی (هاری كین) تۆتنهام به‌ پلانی هێرشبه‌ری خه‌یاڵی و نووكی درۆزن و نادیار یاریی ده‌كات، ڕاهێنه‌ر بۆ ئه‌مكاره‌ سۆنی داناوه‌ و تاڕاده‌یه‌كیش ئامانجه‌كه‌ی بۆ گۆڵكردن پێكاوه‌، پاشان پلانه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و لیۆرێنتی ده‌هێنێت و پشت ده‌به‌ست به‌ تۆپی هه‌وایی و سوود وه‌رگرتن له‌ تۆپه‌ جێگیره‌كان.

له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا كه‌متر ڕاهێنه‌ره‌كان ناكه‌ونه‌ ژێر ڕكێفی یاریی تیپی به‌رامبه‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پۆچۆتینۆ هیچ كات به‌وه‌ قایل نابێت پێ‌ به‌پێی تیپی دژبه‌ر یاریی بكات، چونكه‌ خه‌سڵه‌تی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان هه‌میشه‌ بوێرییه‌ و چ جای بتوانی یاریی به‌ كۆمه‌ڵیشی له‌گه‌ڵدا مه‌تروبه‌ بكه‌ی، بۆیه‌ ئه‌و یاریزانه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهێناوه‌ به‌ كۆمه‌ڵ هێرش بكه‌ن و به‌ كۆمه‌ڵ به‌رگری، كه‌ له‌ یارییه‌كه‌ی سیتی هه‌میشه‌ له‌ دۆخی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیوه‌ یاریگای خۆیان به‌ نۆ یاریزان به‌رگریان ده‌كرد، له‌كاتی هێرشبردندا چوار بۆ پێنج یاریزان به‌شێوه‌ی نیوه‌ بازنه‌یی له‌ پێش هێڵی سزای تیپه‌كه‌ی پیپ ده‌بینران. هه‌روه‌ها‌ فشاری به‌رزی یاریی به‌ كۆمه‌ڵ و گشتگیر تاكه‌ چه‌كی به‌هێزی ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌یه‌، بۆ تێكشكاندنی پلان و ئامانجه‌كانی تینهاگ. بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆش پێویسته‌ كوڕه‌كه‌ی تانگۆ یاریزانه‌كانی له‌نێو یاریگادا به‌ جۆرێ دابه‌شبكات، هه‌ریه‌ك نزیك بێت له‌ یاریزانێكی تیپی ركابه‌ر، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بكات له‌ یاریزانه‌كانی ئه‌جاكس، تا به‌ سانایی ‌ دابه‌شكردن و گه‌یاندنی تۆپ به‌ یه‌كتری و كۆنتڕۆڵی ناوه‌ڕاستی مه‌یدان نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش ڕوویدا لاوازی دووانه‌ی دڵی به‌رگری تۆتنهام (تۆبی ئاڵدێرفێڵد و یان ڤێرتۆنگین) هیچ زیانێكیان بۆ ئاستی تیپه‌كه‌یان نابێت.

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close