نوێترین لێدوانی تۆخێل لەبارەی پێکانی نێیمار و مباپێ

تۆماس تۆخێل گەشبینە بەوەی مباپێ و نێیمار تاکو رۆژی چوارشەممە بە تەواوەتی بۆ یاریکردن ئامادەبن و پێیوایە بەرامبەر لیڤەرپوول یاریی دەکەن.
تۆماس تۆخێلی راهێنەری پاریس سانجێرمانی فڕەنسی لە لێدوانێکی بۆ بەرنامەی تێلیفووتی بەناوبانگی کەناڵی یەکی فڕەنسی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە کیلیان مباپێ و نێیمار داسێلڤا بە تەنیا دەستیان بە راهێنانەکان کردەوە و پێشبینی دەکەم تاکو چوارشەممە بە تەواوەتی بۆ یاریکردن ئامادە بن و پێموایە بۆ یاریی لیڤەرپوول ئامادە دەبن.
مباپێ و نێیمار هەفتەی رابردوو لە یاریی هەڵبژاردەکانیان تووشی پێکان بوون، مباپێ لە یاریی فڕەنسا و ئۆرۆگوای لە شانی تووشی پێکان بوو، نێیماریش بەرامبەر کامیڕۆن تووشی پێکان بوو، بەمهۆیەوە شەوی رابردوو بەرامبەر تۆلۆز یارییان نەکرد، کە پی ئێس جی بە گۆڵێکی کاڤانی بردییەوە.
رۆژی چوارشەممە پاریس سانجێرمان لە یارییەکی چارەنووسساز میوانداریی لیڤەرپوول دەکات، کە لیڤەرپوول بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ پیشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە و پاریس سانجێرمانیش بە کۆکردنەوەی پێنج خاڵ سێیەمە.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close