تەواو، کریستیانۆ و مێسی ناتوانن بالۆن دۆری ئەمساڵ بەدەست بهێنن

بەگوێرەی چەند زانیارییەکی دزەپێکراو، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی نەک هەر ناتوانن خەڵاتی بالۆن دۆری ئەمساڵ بەدەست بهێنن، بەڵکو ناویان لە سێ ریزبەندییەکەی سەرەتادا هەر نییە.

ئێریک مارووت، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی فڕەنسی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ئاشکرایکردووە، دوای یەکلاکردنەوە و دەستژمێرکردنی نیوەی دەنگەکان، دەرکەوتووە نەک هەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی زۆرترین دەنگیان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی بالۆن دۆری ئەمساڵ بەدەست نەهێناوە، بەڵکو لە پلەی دووەم و سێیەمیش نایەن و دوای 10 ساڵ بۆیەکەمجار لە دەرەوەی سێ پلەکەی پێشەوە دەبن.

رۆژنامەنووسە فڕەنسییەکە ئاشکرایکردووە، بەپێی ئەنجامی نیوەی دەنگەکان، تاکو ئێستا لۆکا مۆدریچ لە پلەی یەکەم دێت، کە لەگەڵ کڕواتیا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2018 و بە باشترین یاریزانی مۆندیالی رووسیا دەتسنیشانکرا و لەگەڵ ریال مەدریدیش بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ. رافایل ڤارانی بەرگریکاری فڕەنسیش لە پلەی دووەم دێت و کیلیان مباپێش لە پلەی سێیەم دێت.

رۆژی 3ی مانگی داهاتوو گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ ناوی باشترین یاریزانی 2018 ئاشکرا دەکات و خەڵاتی بالۆن دۆری پێدەدات، کە پەیامنێرەکانی ئەو گۆڤارە لە سەرتاسەری جیهان مافی دەنگدانیان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو خەڵاتە هەیە.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close