لە سپێشەڵ وەنی بردنەوە و نازناوەکانەوە، بۆ سپێشەڵ وەنی وەڵامە فەلسەفیی و سەرنجڕاکێشەکان

یاریگانێت/ ئەنجامە خراپەکانی مانچستەر یونایتد دوای دوو شکست لە سێ یاری دەستپێکی پریمەرلیگ، هەروەها کێشەی کەمی بۆندەکانی ئەو یانەیە، لە گەرمترین بابەتەکانی مێدیا جیهانییەکانن، بە شێوەیەک دەنگۆی وازهێنانی مۆرینهۆیان هێناوەتە ئاراوە.

جۆزێ بۆ ڕەتدانەوەی ڕەخنە و هێرشەکانی سەری، بە باوەڕبەخۆبوونەوە لە پرێس کۆنفرانەسەکاندا دەردەکەوێت و وەڵام و کاردانەوەکەشی هێندەیتر کەشەکەیان پڕ قسەوباس کردووە.

پرێس کۆنفراسی ئاسایی پێش یارییەکەی ڕۆژی یەکشەممەیان بەرانبەر بێرنلی، بەدەر نەبوو لە وەڵامی پڕ لە بەرگریی و خۆبەدەستەوەنەدان. فەلسەفەی (هیگڵ)ی وەک پاساوێک بۆ بەرگریکردن لە خۆی دەستکەوتەکانی خستە ڕوو.

مۆو دەڵێت: “من ڕاهێنەری یەک لە گەورەترین یانەکانی جیهانم، هەروەها خۆیشم یەک لە گەورەترین ڕاههێنەرەکانی جیهانم.”

لە وەڵامی ئەوەی کە ئەگەر لەگەڵ ئەو مانچستەرەی 20 جار بۆتە پاڵەوانی ئینگلیز، نازناوەکە نەباتەوە، هەر بە ڕاهێنەرێکی گەورەیە. مۆرینهۆ بە “بەڵێ، بە دڵنیاییەوە” وەڵامی دایەوە.

بۆ ئەمەش وتەیەکی لە فەیلەسووفی ئەڵمانیی (هیگڵ)ـەوە وەک پاڵپشتییەک بۆ وەڵامەکەی خستە ڕوو و پرسی: “ئایا تۆ هەرگیز هیگڵت نەخوێندۆتەوە؟ کە دەڵێت ‘ڕاستیی لە (گشت)دایە’. هەمیشە لە گشت ‘کۆی شتەکاندا’ ڕاستیت دەست دەکەوێت.’

وەڵامەکەی سپێشەڵ وەن جەختکردنەوەیەک بوو کە نابێت شکستێک لە شتێکدا بۆی بکرێتە پێناسەیەکی گشتگیر لە کاری ڕاهێنەرایەتیی، بەوەی لە چەندین وڵاتی جیاواز توانیویەتی خول بباتەوە.

وەک دژەهێرشێک بۆ پرسیارەکان، مۆرینهۆ پرسیەوە: “ئایا هەمان ئەم پرسیارە لەو ڕاهێنەرەش دەکەن کا پارساڵ چوارەم یان پێنجەمی پریمەرلیگ بوون؟”

کە پێی وترا بەڵێ هەمان ئەم پرسیارانە وەرزی ڕابردوو لە یۆرگن کڵۆپیش کراوە، مۆ دەستبەجێ هاتە گۆ و وتی: “ئاخر چونکە ئەو هیچی نەبردۆتەوە لەسەر ئاستی پاڵەوانێتیە نێودەڵەتییەکان.”

گەرموگوڕتربوونی ئەم شێوازە لە گوتە و وەڵامدانەوە  دوای کۆتا پرێس کۆنفرانس دێن کە تێیدا مۆرینهۆ داوای لە ڕۆژنامەنووسان کرد “بەڕێزەوە” مامەڵە بکەن. چونکە وەک خۆی وتی سێ جار پریمەرلیگی بردۆتەوە کە زیاترە لە هی سەرجەم نۆزدە ڕاهێنەرەکەیتری پریمەرلیگ.

“ساڵی پار من سەرکەوتنی گەورەم هەبوو، لەوەیە ئەوەش ئەو شتەبێت کە تۆ نەتەوێت دانی پێدا بنێیت.”

“دوو وەرز پێش ئێستاش ئێمە وەرزێکی نایابمان هەبوو، چونکە یۆرۆپالیگمان بردەوە. ئێستا ئێمە کۆتا یانەی پریمەرلیگین نازناوێکی ئەورووپیمان بردبێتەوە.”

“من هەشت نازناوم بردۆتەوە. تاکە ڕاهێنەریشم لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئینگلیز نازناو ببەمەوە.”

“نازناوی بچووکیش نا، بەڵکوو نازناوی شیاو، پلەی دووەمیش لە وەرزی ڕابردوو، یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانم لە تۆپی پێدا.”
وتەکانی جۆزێی پورتوگالیی بوون پێش گەڕی چوارەمی پریمەرلیگ.

هەر سەبارەت بە فشارەکانی سەر مۆرینهۆ، ئەمڕۆ لەم بارەیەوە پرسیار لە گواردیۆلا کرا کە ئایا سەری سوڕماوە، پیپ وتی: “کاری ئێمە ئیتر ئاوایە بەداخەوە. کاری ئێمە بەندە بە ئەنجامەکانەوە. کە دەبەینەوە، ڕاهێنەرێکی باشین، کە ناشبەینەوە ئەوا باش نین. شتەکە بە سادەیی ئاواییە.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close