بوفۆن لە پاریسەوە بە تەواوەتی سەلماندی لای ئەو تەمەن تەنها ژمارەیە

یاریگانێت/ لە نێو وەرزشوانانی تەواوی جۆرە جیاوازەکانی وەرزشدا کە لایان تەمەن تەنها ژمارەیە، جیجی بوفۆن یەکێکە لە دیارترینەکان.

ئەفسانەی گۆڵپارێزانی تۆپی پێ، کە ئێستا تەمەنی سەرووی 40 ساڵە، سەرەڕای گەورەیی تەمەنەکەی، هاوینی ئەم ساڵ یانەیەکی گەوەرەی (یۆڤێنتۆس) بەرەو یانەیەکی تری گەورە (پاریس سێن ژێرمان) بەجێ هێشت. لەگەڵ گۆڕینی وەرزەکانی ساڵی یاری خولە ئەورووپیی و یاری هەڵبژاردەشدا، جیجی چەندین نەوەی زێڕینی تۆپی پێی بەڕێ کردووە.

هەندێک لەوانە، تەمەن وەستاندنی و خاڵی کۆتاییان بۆ ژیانی پیشەگەریی خۆیان دانا. لەم نێوەندەدا جیجی پتر ئارەزووی یاری کردن و گۆڕینی ئەزموونەکانیەتی. ئەمجارە لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیدا نا، بەڵکوو لەتەک (نەوە)ی ئەوانەی سەردەمانێک ناوێکی دیاری سەر لاکێشەی سەوزو و جیهانی تۆپی پێ بوون و ئێستا وەک بینەرێک تەماشای بوفۆن دەکەن!

جیجی بەردەوامە ئێستا، لەگەڵ یاریزانگەلێک، کە سەروەختی یاریکردنی بوفۆن لە پارما، هەر لە دایک نەبوو بوون، یاخود ساوایەک بوون.

سەلمێنەری ئەو وشانەی سەرەوە، یاری دوێنێ شەوی پاریس و گوینگامپ بوو لە خولی فەرەنسی. کە بوفۆنی لە دژ مارکۆس تورامی کوڕی ئەفسانەی بەرگریی فەرەنسا، لیلیان تورام، کۆ کردەوە.

21 ساڵ پێش ئێستا 1997 لە یانەی پارما (ئەو ساڵەی مارکۆسی تیا لە دایک بووە) تورامی باوک پارێزگاری لە گۆڵی جیجی دەکات. 21 ساڵ دوای ئەوە، مارکۆسی کوڕی، لە یانەی گوینگامپەوە، هێرش دەباتە سەر گۆڵەکەی!

* مارکۆس تورام – بوفۆن:

* لیلیان تورام – بوفۆن/ پارما 1997

هەر لە هەمان یانەکەی پایتەختی فەرەنسا، تیمۆسی ویای 18ساڵ دەبینرێت، کە کوڕی جۆرج ویای ئەفسانە و سەرۆکی ئێستای لیبریایە. کاتێک بوفۆن یەکەم یاری تەمەنی پیشەگەریی خۆی لە ساڵی 1995 بۆ پارما ئەنجام دا بەرامبەر میلان کە ئەفسانەکەی لیبریا یاری بۆ دەکردن، تیمۆسی پێنج ساڵ دوای ئەو ڕووبەڕوبوونەوەی بوفۆن و باوکی، لەدایک بوو!

* دیمەنی یەکەم یاری بوفۆن بۆ پارما بەرامبەر میلانی جۆرج ویا 1995. وێنەی بوفۆن و تیمۆسی ویا و بوفۆن پێکەوە لە PSG ساڵی 2018

ئەوەی سەرەوە چیرۆکی زیندوون، ڕاستییەکە، پێمان دەڵێت هاوتیم و دژبەرەکانی بوفۆن، ساڵەکان و یانەکان، دەگۆڕدرێن، جیجی وەک بەڵێنی بە هەواداران و شەیدایانی لاکێشەی سەوز دابێت، تا هێز لە باسکەکانیدا بمێنێت، دەستکێشی لێ فڕێ نەدات.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close