مانچێسته‌ر سیتی X مانچێسته‌ر یونایتد … ئاماره‌كانی پێش یاریه‌كه‌

یاریگا – ئه‌مڕۆ كاتژمێر (7:30) خوله‌كی شه‌و بە كاتی هەرێمی كوردستان، لە گه‌ڕی سی و سێیه‌می خولی نایابی ئینگلته‌رادا، یانەی مانچێسته‌ر سیتی لە نێو یاریگای (ئیتیحاد)ی تایبه‌ت به‌ خۆی، میوانداری یانەی مانچێسته‌ر یونایتد دەكات، ئێمەش لە ماڵپەڕی یاریگانێت گرنگترین ئامارەكانی هەردوو تیپه‌كه‌ پێش ڕوبەڕوبونەوەكەیان بڵاودەكەینەوە:-

1- مان سیتی به‌ بردنه‌وه‌ی یاریه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، ئه‌وا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ جاری پێنجه‌م ده‌بێت به‌ پاڵه‌وانی خولی ئینگلیزی، سێیه‌م ناسناویشیه‌تی له‌ پاش گۆڕێنی ناوی خولی ئینگلیزی بۆ پریمه‌رلیگ.

2- دوایین 13 ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نێوانیان له‌ خولی نایابی ئینگلیزیدا، مان سیتی 8 بردنه‌وه‌، مان یونایتد 3 بردنه‌وه‌، له‌ 2 یاریشدا یه‌كسان بوون.

3- مان یونایتد له‌ دوایین 2 یاری نێوی یاریگای (ئیتیحاد)ی تایبه‌ت به‌ مان سیتی له‌ پریمه‌رلیگدا، هیچ یاریه‌كی نه‌دۆڕاندووه‌، 1 یاری بردۆته‌وه‌ و 1 یاریش یه‌كسان بووه‌.

4- مان سیتی له‌ دوایین 27 یاری نێو یاریگای خۆی له‌ خولی نایابی ئینگلیزیدا، هیچ یاریه‌كی نه‌دۆڕاندووه‌، 22 یاری بردۆته‌وه‌ و 5 یاریش یه‌كسان بووه‌.

5- مان یونایتد له‌ دوایین 10 یاری ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی له‌ به‌رانبه‌ر شه‌ش یانه‌ به‌هێزه‌كه‌ی پریمه‌رلیگدا، ته‌نها 1 یاری بردۆته‌وه‌، له‌ 6 یاریدا دۆڕاوه‌ و له‌ 3 یاریشدا یه‌كسان بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ 8 یاریاندا گۆڵی تۆمار نه‌كردووه‌.

6- جۆزێ مۆرینهۆ و پیپ گواردیۆلا وه‌ك ڕاهێنه‌ر له‌ 20 یاریدا ڕوبه‌ڕوی یه‌كدی بونه‌ته‌وه‌، مۆرینهۆ 4 بردنه‌وه‌، گواردیۆلا 9 بردنه‌وه‌، له‌ 7 یاریشدا یه‌كسان بوون

7- سێرجیۆ ئه‌گوێرۆی ئه‌رجه‌نتینی له‌ دوایین 6 یاری به‌رانبه‌ر مان یونایتد له‌ پریمه‌رلیگدا، 6 گۆڵی تۆمار كردووه‌، به‌ڵام له‌ دوایین 2 یاریدا هیچ گۆڵێكی تۆمار نه‌كردووه‌.

8- رۆمیلۆ لۆكاكۆی هێرشبه‌ری ئێستای مان یونایتد، له‌گه‌ڵ یانه‌ پێشووه‌كه‌ی (ئیڤه‌رتۆن) 2 گۆڵی له‌ مان سیتی پیپ گواردیۆلا له‌ خولی نایابی ئینگلیزیدا تۆماركردووه‌.

9-  ئێستا مان سیتی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 84 خاڵ، له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش سێرجیۆ ئه‌گوێرۆیه‌ به‌ تۆماركردنی 21 گۆڵ.

10- ئێستا مان یونایتد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 68 خاڵ، له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش رۆمیلۆ لۆكاكۆیه‌ به‌ تۆماركردنی 15 گۆڵ.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close