بە وێنە .. دوایین هەواڵ و زانیاری لەسەرگواستنەوەی یاریزانان لەخولی نایابی کوردستان

یاریگا

ئامادەکرنی : ئاکۆ هەولێری
دوای تەواوبونی قۆناغی یەکەمی خولی نایابی کوردستان فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا لە 24 / 3 تاوەکو 31 /3 دەرگای گواستنەوە بەڕووی یانەکانی پلە نایاب دا بکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست یاریگا کەوتوون یانەی هەندرێن کە لەسەروی ڕیزبەندی خولەکە دەبینرێت گرێبەستی لەگەڵ (ئەحمەد ئەلعەلی) یاریزانی سوری و گۆڵپارێزی پێشووی یانەی نەورۆز واژۆکردوە و هەروەها نزیکە لەبەدەست هێنانی تواناکانی (محەمەد سامی)یاریزانی پێشوی یانەی برایەتی، لە هەمان کاتدا یانەی ئاڕاڕاتیش یاریزانێکی ئۆگەندی خستۆتە ژێر ڕادارەکانی و لەژێر تاقی کردنەوەی ڕاهێنەر دایە، ئەمە جگە لەوەی یاریزانی یانەی هەولێر (کاردۆ کەمال) بەشێوەی خواستن ڕووی لەم یانەیەکردووە و گرێبەستیان لەگەڵ یاریزان هێمن فوئادیش واژۆکردووە، یانەی پێشمەرگەی هەولێریش تا ئێستا بەفەرمی دوو گرێبەستی ئەنجامداوە، ئەویش لەگەڵ هەریەک لە (بەرهەم عەلی) یاریزانی پێشوی یانەی برایەتی و (هێمن نازم) یاریزانی پێشوی یانەی هەندرێن، هەروەها یانەی برایەتیش کەئەمساڵ دەیەوێت تا کۆتایی خولەکە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە بجەنگێت، تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ هەریەک لەیاریزانان (نیاز مەحمەد) یاریزانی پێشوی یانەی بغداد و (هیوا جەلال) یاریزانی پێشوی یانەی پێشمەرگەی هەولێ واژۆکردووە.

هەروەها ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هێرشبەری پیشەگەری پارساڵی یانەی کەرکوک (بنجامین ئۆگۆباچی) پەیوەندی بەم یانەوە بکات، یانەی هەولێریش تا ئێستا هیچ گۆڕانکاریەکی ئەنجامنەداوە و تەنها چاوەڕوان دەکرێت یاریزانی لاوی پیشەگەری عەرەب (ئەحمەد حەسەن) لە لیستی یاریزانان دەربهێنرێت و ناوی عەلی سەلمان لەشوێنی ئەو زیادبکرێت، یانەی زێڕەڤانیش لە لای خۆیەوە یاریزانێکی بەڕازیلی بەناوی ( دۆدۆ) تاقی دەکاتەوە و لە ئەگەری ڕازیبوونی ڕاهێنەر لەسەر ئاستی یاریزانەکە، بڕیارە یانەکە گرێبەستی فەرمی لەگەڵ واژۆ بکات.

تەنیا دووڕۆژ ماوە لەبەردەم یانەکانی کوردستان بۆ گواستنەوەی یاریزانان و یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو واتە 3/4/2018 ی دەستنیشانکردووە بۆ وادەی دەسپێکردنی قۆناغی دووەمی خولی نایابی کوردستان.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close