له‌ پاریس ته‌نیا قورساییه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕۆناڵدۆیه‌

نوسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

بێگومان كاتێك یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌چێته‌ باخچه‌ی شازاده‌كان، ئه‌و نامۆ نییه‌ و پێی وایه‌ شازاده‌ی ئه‌وروپا له‌نێو ماڵی خۆیدا یاریی ده‌كات، هه‌روه‌ها یاریی پاریس سان جێرمان هه‌رچه‌نده‌ قورسبێت ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی مێره‌نگی زیاتره‌، به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی خاڵی لاوازی ڕیاڵه‌، چوارینه‌ی به‌رگری و قوڵایی ئه‌و بنكه‌یه‌یه‌، كه‌ له‌ وه‌رزی (2014)ه‌وه‌ درێژ بۆته‌وه‌ بۆ ئێره‌، كه‌ كه‌متر داهێنان و هه‌ماهه‌نگی له‌نێو ناوه‌ڕاستی به‌رگری و ئه‌وانه‌ی پشته‌وه‌ به‌دی ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی كاسمیرۆ تا ئێستا ئاستی به‌رز و نزم ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ وه‌رزی ئه‌مساڵ ئه‌و تیپه‌ له‌ سه‌ره‌تای گێمی یه‌كه‌م به‌ چڕی و ده‌رونێكی گشتیگر و جه‌سته‌یه‌كی به‌هێزه‌وه‌ هێرش ده‌به‌ن، به‌ڵام كاتێك گێمی دووه‌م دێت، له‌ژێر گوشاری به‌رامبه‌ر ئاستێكی مام ناوه‌ند پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش تا ئێستا له‌ یارییه‌ گه‌وره‌كان زێدانی ڕاهێنه‌ر نه‌یتوانیوه‌ ڕووبه‌ری یاریگا و گوشاره‌كانی ڕكابه‌ر كه‌م بكاته‌وه‌، یان هه‌ندێكجار هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی به‌رگریكار و ناوه‌ندكارانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، یاخود ئه‌ركی ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه‌یه‌ پێ‌ به‌ پێی به‌رامبه‌ر یاریی بكه‌ن و ڕێگربن له‌ به‌ ئاسان گه‌یشتنی تۆپه‌كان بۆسه‌ر ناڤاس، دیاره‌ هۆكاری چارسه‌ر نه‌كردنی ئه‌م نوخته‌یه‌ زۆره‌، به‌ڵام ته‌نیا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌م، تا ئه‌م ساته‌ زێدان به‌هۆی پێكانی شه‌ش ئه‌ستێره‌ی بنه‌ڕه‌تی تیپه‌كه‌، كه‌ خاوه‌نی ئه‌زموونی پچڕاندن و گلدانه‌وه‌ی تۆپن به‌ شێوه‌ی به‌ كۆمه‌ڵ و یه‌رمه‌تیدانی یه‌كتری یاریی نه‌كردووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پاریس یاریه‌كه‌ی دۆڕاندووه‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن ئۆنای ئیمری به‌ كراوه‌یی یاریی ده‌كات.

من ده‌ڵێم: “ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ ترسنۆكه‌ و هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌ یاریی پێشوو و یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی پار ساڵی به‌رشه‌لۆنه‌ باشتر نابێت، به‌ كورتی: تیپه‌كه‌ی ناسر خلێفی ڕاهێنه‌رێكی نییه‌ سوود له‌ كه‌وتن و نشووسته‌كانی ببینێت، به‌ڵكو هه‌میشه‌ چاوه‌ڕوانی به‌زه‌یی به‌رامبه‌ره‌كه‌یه‌تی، له‌ كاتێكدا نیماریشی ئاماده‌نییه‌ ده‌بێت حاڵی چی بێت؟”

له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌وه‌ی ڕاهێنه‌ری پاریس بیكات ته‌نیا یاریكردنه‌ به‌ دیماریا له‌ جێگای نیمار، بۆ ئه‌وه‌ی سیانه‌ی پێشه‌وه‌ به‌ بوونی كاڤانی و مباپی دروست بكات به‌ پاڵپشتی دراكسله‌ری ئه‌ڵمانی، كه‌ دوورنیه‌ هه‌موو هێزی تیپه‌كه‌ش له‌ قوڵایی ناوه‌ڕاستی یاریگاوه‌ بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ لاكانه‌وه‌ ده‌یتوانی بچێته‌ بۆكسی گۆڵی به‌رامبه‌ر نیمار بوو، هه‌روه‌ها توانای هه‌بوو ڕووبه‌ری یاریی و جیاوازی بۆ تیپه‌كه‌ی دروست بكات، به‌ڵام كاتێك ته‌ماشای چه‌ند یاریی پێشوو (كارڤاخال و مارسیلۆ) ده‌كه‌ی گومانت له‌وه‌ نابێت هیچ كام له‌و سیانه‌ی سانجێرمان ناتوانن به‌ سانایی له‌ لاباڵه‌كانه‌وه‌ دزه‌ بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ پێشم وایه‌ ئاستی یارییه‌كه‌ لایه‌نی به‌ كۆمه‌ڵی كه‌متر تێدابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌كانی هه‌ردوو یانه‌ ئاستی تاكیان باشتره‌، وه‌ك له‌وه‌ی به‌یه‌ك ده‌سته‌ یاریی بكه‌ن، به‌ تایبه‌تی ئاستی (BBC) له‌م وه‌رزه‌دا زۆر ناجێگیر و لاوازه‌ هه‌ندێكجار زێدان به‌ بوونی (ئاسینسۆ و فاسكویز) قه‌ره‌بووی داڕمانی هێرشی تیپه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌زموون و وته‌ی تایبه‌تی خۆیه‌تی له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ ته‌نیا ڕۆناڵدۆیه‌، كه‌ توانییه‌تی (10) گۆڵ و (6) ئه‌سێست به‌ به‌رامبه‌ر یانه‌كانی فه‌ڕه‌نسا ده‌سته‌به‌ر بكات، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌موو قورسایی ڕیاڵ له‌سه‌ر ڕۆناڵدۆ بێت.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close