نیمار بۆ وادەکات، چی دەوێت؟

نووسینی:- هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

بینه‌ر داده‌نیشێت بۆ ئه‌وه‌ی چێژ له‌ بینین و فریودان و گۆڵ تۆماركردنی یارییه‌كان ببینێت، به‌ تایبه‌تی ته‌ماشاكردنی هونه‌ری ئه‌ستێره‌كان جێگای سه‌رنج و تێڕامانیانه‌، كه‌ (به‌ ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ یاریی تۆپی پێ) چونكه‌ هه‌ر نمایشێك هونه‌ر و ته‌كتیكی تاكه‌كه‌سی تێدا نه‌بوو، بینه‌ری تووشی هه‌ڵچوون و كاردانه‌وه‌ نه‌كرد، جوانی خۆی له‌ ده‌ستده‌دات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا هه‌موو ستاره‌كان پابه‌ندن به‌ یاریی به‌ كۆمه‌ڵ، به‌ڵام نیمار هێشتا نه‌چۆته‌ ئه‌و ڕیزه‌وه‌.

دوای شكسته‌كه‌ی پاریسان جێرمان به‌ یانه‌ی مێره‌نگی، سه‌رجه‌م نووكی ڕه‌خنه‌كان كه‌وتنه‌ سه‌ر نیمار داسیلڤای به‌ڕازیلی، به‌وه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌بوو له‌ شكستی یانه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌ودا ڕاهێنه‌ر (ئۆنای ئیمری) هیچ بژارده‌یه‌كی دروست و هه‌نگاوێكی ژیرانه‌ی بۆ گۆڕینی ڕێڕه‌وی یارییه‌كه‌ پێ‌ نه‌بوو، به‌ڵام لێردا پرسیارێكی لۆجیكی دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆچی نیمار به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌نیا له‌بیر و خه‌یاڵی خۆیدابوو، بۆ هاوڕێكانی په‌راوێز خستبوو، یان بۆچی هێنده‌ به‌ تووندی ڕووبه‌ڕووی به‌رگریكار و یاریزانه‌كانی ڕكابه‌ر ده‌بۆیه‌وه‌؟ من لێردا به‌ كورتی وه‌ڵامی ئه‌و چه‌ند پرسیاره‌ ده‌ده‌مه‌وه‌، كه‌ زۆربه‌مان پێمان خۆشه‌ بزانین نیمار بۆچی به‌ شێوه‌ یاریی پیشه‌گه‌رانه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌سا؟

یه‌كه‌م نوخته‌ نیمار شوێنی یاریكردنی خۆی له‌ یانه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ نابینێت، هه‌روه‌ها ده‌زانێت له‌ڕووی ڕاگه‌یاند و پێشكه‌وتنی توانا و قسه‌كردن به‌ ته‌واوی په‌راوێز خراوه‌، یاخود به‌كه‌می ده‌رفه‌تی ده‌ركه‌وتنی هه‌یه‌، چونكه‌ تا ئێستا نه‌ خولی فه‌ڕه‌نسی و نه‌ ئه‌ستێره‌ به‌ڕازیلییه‌كان وایاننه‌كردووه‌ بینه‌ر چاو بخه‌نه‌ سه‌ر یارییه‌كانی ئه‌وێ‌، كه‌ له‌ كۆتایی هه‌موو وه‌رزه‌كه‌ی خولی (لیگا ئۆن)دا به‌ پله‌ی گۆڵكار و ئه‌سێسته‌وه‌ خاڵ و پله‌كانی له‌ (فیفا و یوفا)دا هێنده‌ی گۆڵكارێكی ئیشبلیا نییه‌، هه‌روه‌ها نیمار به‌ باشی له‌وه‌ ده‌گات كه‌ ته‌نیا خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپایه‌ كه‌مێك ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیی تێدا نمایش بكات، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چڕ كردبۆوه‌ له‌ یاریی یانه‌ی ڕیاڵ به‌ ته‌نیا ئه‌سپه‌ شێی یارییه‌كه‌ بێت، بۆیه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ ڕیتمی پلانی ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌رده‌چوو و تۆپه‌كانی لای خۆی ده‌هێشته‌وه‌، یان زۆربه‌ی جار ده‌چووه‌ بۆسه‌ی به‌رگریكرانی ڕیاڵ و جار وابوو چه‌ند به‌رگریكارێكی فریووده‌دا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ ده‌بێت دواین له‌مس بدات به‌ هاوڕێكانی.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ نیمار خۆی ئه‌وه‌ ده‌زانێت شێوه‌ یاریكردنی (مارادۆنا) و به‌ ته‌نیا كه‌سێك له‌ یاریگادا حكوم بكات و فه‌ردێتی خۆی زاڵ بكات باوی نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئه‌و پێی وابوو له‌ یاریگای خه‌ونه‌كان بێرنابۆ یاریی ده‌كات، بۆیه‌ ده‌بێت ستاری یه‌كه‌م بێت، تا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ویش ڕیاڵ تاڵاوی شكست بچێژێت، كه‌ دواتر هه‌موو ڕۆژنامه‌ جیهانییه‌كان كه‌مه‌ندكێش كات له‌ ڕووماڵی تایبه‌تدا باسی ئه‌ستێره‌یی ئه‌و بكه‌ن، كه‌ هێشتا سه‌رده‌می میسی و ڕۆناڵدۆیه‌ و ده‌یه‌وێت ستێجی پاشایه‌تیان پێ‌ چۆڵبكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نیمار پلانی هه‌موو تیپه‌كه‌ی گۆڕی، به‌ڵام نه‌یتوانی هانده‌رانی ڕیاڵ ناچار بكات بێنه‌ سه‌ر هێڵی پێرێز، بۆ ئه‌وه‌ی گوشار بكه‌ن بیر له‌ كڕینی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و خوودی خه‌ونه‌كانی ته‌نیا له‌ شانۆكانی ڕیاڵ مه‌دریدا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌گینا نیمار كه‌سێك، یا یاریزانی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك نییه‌ نه‌زانێت قورسایی ڕاهێنه‌ران له‌ تیپ و یانه‌كاندا چییه‌.

ئه‌و نمایشه‌ی ناوبراو له‌ بێرنابۆ په‌یام و ده‌رخه‌ستی تواناكانی بوو، به‌ تایبه‌تی تر بۆ میسی و هاوڕێكانی له‌ بلوگرانه‌، كه‌ دوورنیه‌ وه‌كو ڕكابه‌ر له‌ وه‌رزه‌كانی داهاتوو له‌ قه‌ڵای سپی ململانێیان بكات، به‌ڵام پێم وایه‌ له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ نیمار به‌رپرسیارێتی و گه‌وره‌یی یارییه‌كه‌ ده‌خاته‌ سارشانی، وه‌كو خۆی دوای شكسته‌كه‌ وتی: “دۆخی یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ قورسه‌، به‌ڵام ئه‌سته‌م نییه‌، كه‌ پێشتر توانیمان به‌ پێكهاته‌یه‌كی خراپی به‌رشه‌لۆنه‌، وه‌رزی پێشوو له‌ یانه‌ی ڕیاڵ ببه‌ینه‌وه‌، له‌ كۆتاییدا سه‌رده‌كه‌وین به‌سه‌ر ڕووداوه‌كاندا، هیواردام یارییه‌كی نموونه‌یی پێشكه‌ش بكه‌ین”.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close