قسه‌یه‌كی هونه‌ری له‌سه‌ر یۆڤانتۆس و تۆتنهام

نووسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی ئه‌مساڵه‌وه‌ یانه‌ی یۆڤانتۆس كێشه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ریه‌ككه‌وتنی كۆتایی تۆپه‌كاندا هه‌یه‌، واته‌ هێرشبه‌ره‌كانی زۆر به‌كه‌می ده‌توانن پێ بده‌نه‌ به‌ر دواین له‌مسی تۆپه‌كان و بیكه‌نه‌ گۆڵی ڕكابه‌ره‌وه‌، ڕاسته‌ ئه‌مشه‌و تیپه‌كه‌ نیو كاتژمێر به‌ ته‌واوی هێزی تۆتنهامیان داڕمان، به‌ڵام دواتر به‌هۆی په‌رت و بڵاوی ناوه‌ندكاره‌كان و پێكانی هه‌ندێك یاریزانی سه‌ره‌كی نموونه‌ی (كوادرادۆ، دیبالا) پاڵه‌په‌ستۆ كه‌وته‌سه‌ر به‌رگری یانه‌كه‌ی تۆرینۆ و ڕاده‌ستكردنی خۆیان ڕاگه‌یاند، ئه‌وه‌ی زیاتر خاڵی لاوازی تیپه‌كه‌ی ئیتاڵیابوو چوارینه‌ی به‌رگری و له‌سه‌رویانه‌وه‌ كلینی و بن عه‌تییه‌بوو، كه‌ بۆ ته‌نیا جارێك نه‌یانتوانی له‌ قۆڵایی ناوچه‌ی سزادا تۆپه‌كان بپچڕێنن، گۆڵی یه‌كه‌می كینیش به‌هۆی كیلینی و به‌جێهێشتن و چاودێرنه‌كردنی ئه‌و ستاره‌وه‌بوو، ئه‌وه‌ له‌ بوفۆن گه‌ڕێن به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌ یه‌ك تۆپی بۆ نه‌ده‌گیرا.

له‌ گێمی دووه‌م هیچ كاره‌كته‌رێكی ماسملیانۆ ئه‌لێگری نه‌بوو بۆ ته‌نیا جارێك له‌ ناوه‌ڕاستی یاریگا دوای ئه‌و هه‌موو گوشاره‌ زۆره‌ هێرشێكی هه‌ڵگڕاوه‌ی خێرا دروست بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕویبدایه‌ له‌ نیوه‌ی ڕێگا كۆتایی ده‌هات و یارمه‌تیده‌رێك نه‌بوو پاڵه‌په‌ستۆی به‌رز دروست بكاته‌وه‌، كه‌ مه‌به‌ست لێی وه‌رگرتنه‌وه‌ی تۆپه‌كانه‌ له‌وكاته‌ی له‌ ده‌ستیده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها به‌رگری یوڤی به‌ تایبه‌تی له‌ قوڵایی یاریگا هیچ ڕۆڵ و كاریگه‌ر و چاودێرییه‌كیان نه‌بوو بۆسه‌ر (هاری كین و ده‌یلی ئالی و ئه‌ریكسن)، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی زیاتری كرده‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ تۆپه‌كان بچنه‌ سه‌ر گۆڵی بوفۆن. ئه‌لێگری سه‌ره‌تا ویستی له‌ ڕێگای یاریزانان ماندزوكیچ و به‌ به‌شداری ستۆرارۆ یارمه‌تی هێڵی ناوه‌ند بدات، به‌ڵام لاوازی ئاستی خزێره‌ و لایه‌نی به‌رگری ئه‌لێكس ساندرۆ ته‌كتیكی یانه‌كه‌ی هه‌موو تێكدا، بێجگه‌ له‌وه‌ی ونكردنی شێوه‌ یاریی بنه‌ڕه‌تی و لاوازی جه‌سته‌یی زۆر به‌ ئه‌ستێره‌كانی یوڤییه‌وه‌ دیاربوو.

یاریزانه‌كانی بۆچه‌تینۆ ئه‌زموونی زۆریان له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كاندا نییه‌، بۆیه‌ نیو كاتژمێری یه‌كه‌م لاواز و سست ده‌ستیان به‌ یاریكردنكرد، كه‌ دواتر به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری گه‌وره‌ به‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای یارییه‌كه‌دا زاڵبوون، كه‌ توانیان سوود له‌ هاویشتنی تۆپی به‌رز، یان كورته‌ و خێر ببینن، كه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ یانه‌ی یوڤیان ماندوكرد، كه‌ كه‌مجار یاریزانه‌كانی ئه‌لێگری مه‌زه‌نده‌ی هێرشه‌كانیان بۆ ده‌كرا چۆن ده‌كرێته‌ سه‌ریان، چونكه‌ یاریزانه‌كانی ڕكابه‌ر لێوه‌شاوانه‌ به‌ هه‌مه‌ڕه‌نگی گوشاریان ده‌برد، ئه‌وه‌ش وایكرد یاریزان هاری كین گۆڵی یه‌كه‌م به‌بێ‌ چاودێری تۆمار بكات، هه‌روه‌ها دایلی ئالی له‌ نیوه‌ی كۆتایی به‌ ته‌واوی چه‌پی یاریگای خسته‌ ژێر پێیه‌كانی.

سه‌ره‌تا یانه‌ی تۆتهام گوشاره‌كانی به‌پێی پێوست ئه‌نجامده‌دا، تا وایلێهات ڕێكخراویه‌كی گه‌وره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌یدان بۆ تیپه‌كه‌ی ئینگلته‌را دروستبوو، كریستیان ئه‌ریكسن داهێنه‌ری یارییه‌كه‌بوو، هه‌روه‌ها هاری كین به‌بێ‌ تۆپ و به‌ جوڵه‌كانی سه‌رقاڵی زۆری له‌نێو به‌رگری تیپی دژدا دروستكردبوو، هه‌رچی دایلی ئالی و موسا دیمبلییه‌ به‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر بیانیچ توانیان پێگه‌ و دروستكردنی هێرشی یۆڤانتۆس تا كۆتایی له‌ گێمی دووه‌م ڕابگرن، كه‌ ئه‌وه‌ش شۆكێكی گه‌وره‌ی بۆ یانه‌ی یۆڤانتۆس به‌رهه‌م هێنا.

بوفۆن له‌ ژیانی وه‌رزشی خۆیدا ڕووبه‌ڕووی زۆرێك له‌ هێرشبه‌ره‌ باش و گه‌وره‌كان بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها توانیه‌تی زۆربه‌یان له‌ خراپترین ساته‌كانی گۆڵكردن ڕابگرێت، به‌ڵام ئه‌مشه‌و ئه‌مانه‌ هه‌موو پێچه‌وانه‌كه‌ی بۆ كین ڕاستبوو، چونكه‌ ئه‌و هێرشبه‌رێكی ساده‌ی كلاسیكییه‌، یان به‌ڕێكردنه‌كانی كوشنده‌یه‌ بۆ گۆڵپارێزه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ توانای هه‌یه‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌رگری به‌رامبه‌ر بێزار بكات كاتێك تۆپه‌كان ده‌خاته‌ سه‌ریان، هه‌روه‌ها توانای دروستكردن و بۆشایی و جیاوازی زۆری له‌گه‌ڵ به‌رگریكاراندا هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ به‌هۆی جه‌مپ و هه‌ڵسانه‌كانی سوود له‌ تۆپه‌ ئاسمانییه‌كان وه‌رده‌گرێت، كه‌چی نه‌مان بینی به‌رگری یوڤی به‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌یی ئه‌م هێرشبه‌ره‌، ته‌نیا جارێك له‌ هه‌ڵكشانی بۆ ناوچه‌ی سزا ڕایبگرن، كه‌ ئه‌مانه‌ش ده‌ریده‌خات نه‌قسێكی ته‌ركیزی گه‌وره‌ له‌ به‌رگری یۆڤانتۆس و پلانه‌كانی ڕاهێنه‌ره‌كه‌یدا هه‌یه‌.

هه‌رچی ڕاهێنه‌ر بۆچه‌تینۆیه‌ ئه‌گه‌رچی كه‌متر گوێی به‌ ته‌كتیكی به‌ كۆمه‌ڵی یارییه‌كه‌ده‌دا، به‌ڵام له‌ كۆتایدا ده‌ركه‌وت ئه‌و له‌ ڕێگای شێوه‌ فه‌ردی یاریكردانی ستاره‌كانییه‌وه‌ توانی به‌ یه‌كسانبوون خۆی له‌ تیپه‌ پیره‌كه‌ی ئیتاڵیا قوتار بكات، كه‌ گه‌شتی دووه‌می ئه‌م دوو یانه‌یه‌ هه‌روا به‌ ئاسانی بۆ یانه‌ی یۆڤانتۆس كۆتایی نایه‌ت، چونكه‌ له‌ له‌نده‌ن حساباتی ته‌كتیكی ورد ئێستا بوونی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو ته‌ماشای كاتژمێری (بیگ بین) بكه‌ین بزانین كه‌ی قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ واده‌ی دێت.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close