ریاڵ مه‌درید X پاریس سان جێرمان … ئاماره‌كانی پێش یاریه‌كه‌

یاریگا – كاتژمێر (10:45) خوله‌كی ئه‌مشه‌و به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان، له‌ قۆناغی (16)ی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپادا، یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی ئیسپانی له‌ نێو یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆ)ی تایبه‌ت به‌ خۆی، میوانداری یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فه‌ره‌نسی ده‌كات، وه‌ك هه‌میشه‌ ئێمه‌ له‌ یاریگانێت، چه‌ند ئامارێكی گرنگی پێش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌یان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌:-

1- پێش ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ویان، ریاڵ مه‌درید و پاریس سان جێرمان 6 جار ڕوبه‌ڕوی یه‌كدی بونه‌ته‌وه‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ ئه‌وروپیه‌كاندا، ریاڵ 2 یاری بردۆته‌وه‌ و پاریسیش 2 یاری، له‌ 2 یاریشدا یه‌كسان بوون.

2- پاریس سان جێرمان توانیویه‌تی (2) جار ریاڵ مه‌درید له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ ئه‌وروپیه‌كاندا بكاته‌ ده‌ره‌وه‌، یه‌كه‌میان له‌ وه‌رزی (1992-1993) بوو له‌ جامی یه‌كێتی ئه‌وروپادا، دووه‌میانیش له‌ وه‌رزی (1993-1994) بوو له‌ جامی جامه‌كانی ئه‌وروپا، هه‌ردوو جاره‌كه‌ش له‌ قۆناغی هه‌شته‌مدا بوو.

3- یاڵ مه‌درید و پاریس سان جێرمان 2 یاریان له‌ چامپیۆنزلیگدا ئه‌نجامداوه‌، ئه‌ویش له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی وه‌رزی (2015 – 2016) بوو، ریاڵ یاریه‌كیانی برده‌وه‌ و له‌ یاریه‌كه‌ی تریشدا یه‌كسان بوون.

4- ریاڵ مه‌درید به‌ ڕاهێنه‌رایه‌تی زیدان، 14 یاری له‌ قۆناغی كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ ئه‌نجام داوه‌، 10 یاری بردۆته‌وه‌ و 2 یاریشی دۆراندووه‌، له‌ 2 یاریشدا یه‌كسان بووه‌.

5- باشترین ئه‌نجامی یانه‌ی پاریس سان جێرمان له‌ چامپیۆنزلیگدا، گه‌یشتنیه‌تی به‌ قۆناغی نیوه‌ی كۆتایی وه‌رزی (1994-1995)، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی یانه‌ی ئه‌ی سی میلان كرایه‌ ده‌ره‌وه‌.

6- ریاڵ مه‌درید بۆ جاری 21 به‌شداری چامپیۆنزلیگ ده‌كات، هه‌ر 21 جاره‌كه‌ش گه‌یشتۆته‌ قۆناغی كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌.

7- پاریس سان جێرمان له‌ دوایین 6 یاری كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ی چامپیۆنزلیگدا، 4 یاری دۆراندووه‌ و 1 یاریشی بردۆته‌وه‌، له‌ 1 یاریشدا یه‌كسان بووه‌.

8- ریاڵ مه‌درید له‌ دوایین 7 وه‌رزی چامپیۆنزلیگدا، گه‌یشتۆته‌ قۆناغی نیوه‌ی كۆتایی، كه‌ ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا.

9- پاریس سان جێرمان 25 گۆڵی له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی چامپیۆنزلیگ تۆماركردووه‌، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا.

10- كیلیان مباپی لاوترین یاریزانه‌ له‌ مێژووی چامپیۆنزلیگدا 10 گۆڵی تۆماركردبێت، ئه‌ویش له‌و كاته‌ی كه‌ ته‌مه‌نی (18) ساڵ و (11) مانگ بوو.

11- گاریس به‌یڵ به‌ به‌شداری كردنی له‌ یاریه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ودا، یاری ژماره‌ (50)ی له‌ چامپیۆنزلیگ ئه‌نجام ده‌دات، به‌مه‌ش پاش رایان گیگز ده‌بێته‌ دووه‌م یاریزانی وێڵزی كه‌ زۆرترین یاری له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ ئه‌نجام بدات.

12- كریستیانۆ رۆناڵدۆی گۆڵكاری مێژووی چامپیۆنزلیگ له‌ دوایین 11 یاری له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا، 19 گۆڵی تۆماركردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ سه‌رجه‌م یاریه‌كانی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ گۆڵی تۆمار كردووه‌، كه‌ ژماره‌ییه‌كی پێوانه‌ییه‌.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close