ئەگەر باسی دورخستنەوەی زیدان كرا!

نووسینی: چێنه‌ر عه‌بدولقادر (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

مۆرینیۆ 300 ملیۆن پاوەندی لە مانچستەر یونایتد خەرجكردوە هێشتا گلەیی هەیە، سیتی نزیكەی 150 ملیۆن یۆرۆی تەنها لەكڕینی سێ بەرگریكاردا لەم وەرزە خەرجكرد، پاریس سان جێرمان گرانترین بۆندەكانی مێژووی تۆپی پێی كردوە تەنها بۆ ئەوەی چامپیۆنس لیگ ببات، زۆرترین رەخنە لە ئارسن ڤینگەر دەگیرێت كە پارە زۆر خەرجناكات بۆیە ئەنجامی نیە، سەیری ئەی سی میلان بكەن دوای خەرجكردنی 200 ملیۆن یۆرۆ لەكوێدایە، بە كورتی و كوردی ئەمە بارودۆخی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانە، بەڵام لەم سەردەمەدا ریاڵ مەدرید و زیدان بە پێچەوانەی هەموو ئەوروپاوە پارەیان خەرجنەكرد و نازناوی گەورەشیان بردوە، به‌ردەوامبن لەگەڵمدا.

دوای رۆیشتنی فێرگسۆن مانچستەر یونایتد 600 ملیۆن پاوەندی لە كڕینی 22 یاریزاندا خەرجكردوەو 3 راهێنەریشی گۆڕیوە نەیتوانیوە خولی ناوخۆ یان چامپیۆنس لیگ ببات، مانگی 1 ی 2016 زیدان بوە راهێنەری ریاڵ مەدرید و توانی دوای كەمتر لە 5 مانگ چامپیۆنس لیگ ببات! دواتر لە گواستنەوەی هاوینەدا تەنها یاریزانی ناودار كە كڕی مۆراتا بوو، بەڵام توانی خولی ئیسپانی و چامپیۆنس لیگیش بۆ دووەم جار لەسەر یەك بباتەوە، كەس پێشتر ئەمەی نەكردبوو.

بەبێ ئەنجامدانی گرێبەستی گەورەو ئەوەی زیدان ئەم دوو ساڵە كردی لەم سەردەمەی تۆپی پێ دا زۆر زەحمەتە، لەوانەیە تۆ پێتوابێت زیدان هیچ فەلسەفەیەكی تازەی نەهێناوەتە تۆپی پێ وە، یان بڵێن بەخت یاوەری بوە، بەس ئەوەی دەمێنێتەوە نازناوەكەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە زیدان لە 2017 دا 5 نازناوی بۆ ریاڵ مەدرید بردوە.

پێش چێڵسی و مان سیتی و پاریس و یانەكانی تر ریاڵ مەدرید تاكە یانەبوو كە زۆترین پارەی خەرجدەكرد، بەڵام هێندەی ئێستا نازناوی نەدەبرد! لە سەردەمی زیداندا ریاڵ مەدرید بوەتە یانەیەك كە باشترین بارودۆخی دارایی هەیە.

رەنگە زیدان و ریاڵ مەدرید لەم وەرزەدا زیادەڕۆییان كردبێت كە یاریزانیان نەهێناو یاریزانیشیان فرۆشت، بەڵام شتێكی ئاساییە ئەگەر نازناو نەبەن و دەبێت هەل بە زیدان بدرێت كە بازاڕێكی بەهێز لە هاویندا بكات تاكو كێشەكانی تیپەكەی چارەسەر بكات، لە كۆتاییدا كاری هەموو راهێنەرێك ئەكرێت رەخنەی لێبگیرێت، بەڵام ئەگەر هەر كەسێك باسی دورخستنەوەی زیدانی كرد، لێی بپرسە باشترین راهێنەرەكانی ئێستای تۆپی پێ كێن؟ ئینجا بزانە چەندیان خەرجركردوە! پاشان ئەنجامەكانیان بەرامبەر زیدان بەراوردبكە و هیچ تر مەڵێ!

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

وەڵامێک بنووسە

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close