با وەرزش بکەینە هەوێنی یەکڕیزی

یاریگا

ئاراس رواندزی

رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان و شەڕی زۆرەملێمان بەرامبەر بە حەشدی شەعبی، ھەرێمەکەمانی بەرەو دۆخێکی نالەبار برد، بە ئەندازەیەک بەشێکی زۆری خاکمان لە دەستدا، دەروونی خەڵکیش لە ئێستادا لەوپەڕی خراپیدایەو بێ ئومێدیش باڵی بەسەر کۆمەڵگەکەماندا کێشاوە، قڕکردن و ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی ھەزاران خانەوادەو سوتاندن و تەقاندنەوەی ژێرخانەکانی ژیانیان لە لایەن دوژمنان، بەشێکە لەو تراژیدیایەی کە ئێستا گەلەکەمان تووشی ھاتووە، سەرباری ئەو ھەموو نەھامەتیەش، لە جیاتی یەکڕیزی ناوماڵی کورد بپارێزین و بە یەکگرتوویی و یەک گوتاری نەتەوەیی رووبەڕووی ئاستەنگەکان و ھەڕەشەکانی داگیرکەران ببینەوە، کەچی خەریکە بەدەستی خۆمان کوردستان لەت و پەت و دابەش دەکەین، ئەوەش ئەو مەرامە گڵاوەیە کە چەندین ساڵە ناحەزانمان بە پیلانگێریش نەیانتوانتیوە بیھێننە دی.

 

لێرەدا ئەوەی گەرەکمە باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر، وەرزش و تۆپی پێیە کە بە بڕوای من چەکێکی کوشندەی بەرەنگاربوونەوەیەو دەتوانێ پەیامی ئاشتی و کلتوری یەکتر قەبوڵکردن بڵاوبکاتەوە، دیارە لە نێو ئەو پەرتبوون و شەڕە نالۆژیکیەی میدیاو ھەڵوەشاندنەوەی بناغەكانی پێکەوە ژیان و شیرازەی كۆمەڵگا، وەرزش کاریگەرترین چەکە بۆ ئەوەی بتوانین بەشێک لەو ھەڕەشانەی سەرەوە پوچەڵ بکەینەوەو لە جیاتی رق، تۆی خۆشەویستی بچێنین، لە ساڵانی پێشووش چالاکیە وەزشیەکان باشترین فاکتەر بوونە بۆ ھێوردکردنەوەی لاوان و دوورخستنەوەیان لە کۆچ و تووندڕەوی و ماددەی ھۆشبەر، بۆیە پێویستە یەکیەتی تۆپی پێی کوردستان وەک چالاکترین فیدراسیۆنی وەرزشی بە بڕیاری ھەڵپەساردنی چالاکیەکانیدا بچێتەوەو بە زووترین کات بڕیاری دەستپێکردنەوەی خولەکانی کوردستان بدات، چونکە تۆپی پێ سەرباری ئەوەی پڕ جەماوەرترین وەرزشەو تەواوی گەنجانی وابەستەو شەیدای خۆی کردووە، لە ئێستادا رەنگە ببێتە ھەوێنی ھێنانەکایەی ژینگەیەکی تەندروست بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان، ھەروەھا تاکە فاکتەریشە بۆ ئەوەی پەیامی ئاشتی و یەکڕیزی بە تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بڵاوبکاتەوە.

 

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

وەڵامێک بنووسە

Back to top button
Close