یاریزانی یاری درووستکەر (پلەی مەیکەر) چی یە؟

18

 ئامادکردنی:- شاکار خدر عبدالله

زۆر جار ئێمە دەپرسین ئایا یاریزانی یاری درووستکەر (پلەی مەیکەر) کێیە؟ پێویستە لە ھەر تیمێک دا چەند یاریزانی یاری درووسکەر (پلەی مەیکەر) ھەبێت؟ پێوویستە ئەم جۆرە یاریزانە لە چ شوێنێکی یاریگا دا یاری بکات؟

لە تۆپی پێ دا یاریزانی یاری درووستکەر (پلەی مەیکەر) ئەو یاریزانەیە کە کۆنتڕۆڵی گواستنەوەکانی تۆپ دەکات بە ئاڕاستەی تیپی بەرامبەر بۆ بنیاتنانی ھێرش، پێویستە ئەم یاریزانە مایسترۆیەک بێت لە پاس و تەکنیکدا.

تایبەتمەندییەکانی یاریزانی یاری درووستکەر (پلەی مەیکەر):- یاریزانی یاری درووستکەر دەکرێت لە ھەر شوێنێکی ھێڵی ناوەڕاست یاری بکات، ھەندێکجار بەرگریکار یان ھێرشبەریش دەتوانێت ببێت بە یاری درووستکەر (پلەی مەیکەر)، زۆر گرینگیش نییە ئەم جۆرە یاریزانە کە لایەنی بەرگری باش بێت ئەوەی کە گرینگە پاس و تەکنیکە.

جۆرەکانی یاریزانی یاری درووستکەر(پلەی مەیکەر):- یاریزانی یاری درووستکەر (پلەی مەیکەر) چەندین جۆری ھەیە، لێرەدا ئێمە باسیان دەکەین، مەرجیش نییە ھەر یاریزانێک لەم ھێڵانە یاری دەکات بتووانێت ببێت بە یاریزانی یاری درووستکەر.

١- یاریزانی یاری درووستکەری پێشکەوتوو:- ئەم جۆرە یاریزانە ھەمیشە لە ناوەڕاستی یاریگا لە پشت ھێرشبەرانەوە یاری دەکات، واتە لە نێوان ھێڵی ناوەڕاست و ھێڵی ھێرشبەر، یان دەتوانین بڵێین یاریزانی ژمارە ١٠، چوونکە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەم جۆرە یاریزانانە درێسی ژمارە ١٠ دەپۆشن و کاریان گواستنەوەی تۆپ و گۆڵ درووست کردن و گۆڵ کردنە، جوانترین نموونەش دێگۆ ماڕادۆنا و زیکۆن وە لە ئێستاش دا پاوڵۆ دیباڵا و فیلیپی کۆتینھۆ ئەم ڕۆڵە دەگێڕن.

٢- ئیڕتیکازی یاری درووستکەر:- ئەم جۆرە یاریزانە خۆی یاریزانی ھێڵی ناوەڕاستی بەرگرییە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی وای کردووە کە وەکو یاریزانی یاری درووستکەر دەربکەوێت، ئەم یاریزانە لە پێش بەرگریکارەکان یاری دەکات، واتە لە نێوان بەرگریکارەکان و ناوەڕاستەکان، ئەم جۆرە یاریزانە لە پاڵ تایبەتمەندییەکانی پاس و بنیاتنانی ھێرشدا، لایەنی بەرگریشی تێدایە و دەبێت لە پاسی درێژ دا زۆر بە توانا بێت، جوانترین نموونەش چاپی ئەڵۆنسۆ و سێرجیۆ بۆسکێسن، زۆربەی کاتەکان ئاندریا پێرلۆش ئەم جۆرە ڕۆڵە دەگێڕێت.

٣- ناوەڕاستی قووڵی یاری درووستکەر:- ئەم جۆرە یاریزانە لە قووڵایی ھێڵی ناوەڕاستدا یاری دەکات، واتە له‌ ناوەڕاستی یاریگاوە گرینگترین شوێنە بۆ یاریزانی یاری درووستکەر، ئەم یاریزانە زۆر پێویست نییە کە توانای بڕینی یاریزانی ھەبێت یان توانای بەرگری کردنی ھەبێت ھاوشێوەی یاری درووستکەرەکانی تر، ئەمەی کە زۆر گرینگە ئەوەیە کە پاس و خوێندەوەی جوانی ھەبێت بۆ یارییەکە، دەبێت لە پاسی درێژ دا زۆر بە توانا بێت، زۆر جار بەم جۆرە یاریزانانە دەڵێن مایسترۆ، واتە کۆنتڕۆڵی یارییەکان ئەوان دەیکەن، جوانترین نموونەش ئاندریا پێرلۆ و مایکڵ باڵاک و چاڤی ھێرناندێز و ئاندرێس ئینێستان، لە ئێستادا لۆکا مۆدریچ و ماڕکۆ ڤێراتی ئەم ڕۆڵە دەگێڕن.

٤- یاری درووستکەری باڵەکان:- مەرج نییە یاری درووستکەر لە ھێڵی ناوەڕاست یاری بکات، زۆر جار ھێرشبەری باڵەکانیش دەتوانێت ببێت بە یاریزانی یاری درووستکەر، بە تایبەت لە داڕشتەی ٤-٢-٣-١ یان ٤-٣-٣، یاریزانی باڵی ھێرشبەر دەبێت بە یاری درووستکەر، کە ئەم یاریزانە دەبێت بتوانێت یاریزان ببڕێت و خێرا بێت و بتوانێت گۆڵ درووستبکات و گۆڵیش تۆمار بکات، جوانترین نموونەش فڕانک ڕێکارد و زەینەدین زێدانن، ھەندێک جار دەیڤێد بێکھام و ڕۆناڵدینھۆ ئەم ڕۆڵەیان دەگێڕا، لە ئێستاشدا لیۆنێل مێسی و لۆرێنزۆ ئینسینی ئەم ڕۆڵە دەگێڕن.

٥- ھێرشبەری دووەمی یاری درووستکەر:- ئەم جۆرە یاریزانە وەکو ھێرشبەری دووەم یاری دەکات یان ھێرشبەری یاریدەدەر، کە ڕاستەوخۆ لە پشت ھێرشبەری سەری ڕم یاری دەکات، بە زۆری ئەم جۆرە یاریزانە لە داڕشتەی ٤-٢-٤ یان ٤-٤-٢ بەکار دەھێندرێت، ئەم جۆرە یاریزانانە زۆربەی کاتەکان درێسی ژمارە ٩ وە درێسی ژمارە ١٠ دەپۆشن، ئەم یاریزانە دەبێت تایبەتمەندی ھێرشبەری تەواوی تێدا بێت لەگەڵ پاس و خوێندنەوەی وورد بۆ یارییەکە، کە دەبێت یاریزان ببڕێت، گۆڵ درووست بکات و گۆڵیش تۆمار بکات، جووانترین نموونەش میشێڵ پلاتینی و ڕۆبێرتۆ باجیۆن، بەڵام لە ئێستا دا ئەم جۆرە یاریزانانە زۆر کەم بوونەتەوە، فڕانچیسکۆ تۆتی و ئەلیساندرۆ دێل پێرۆ زۆرجا ئەم ڕۆڵەیان دەگێڕا.

٦- ھێرشبەری سەری ڕمی یاری درووستکەر:- ئەم جۆرە یاریزانە لە ھێڵی پێشەوە یاری دەکات، واتە سەری ڕمی ھێرشبەر، ئەم جۆرە یاریزانانە زۆربەی کاتەکان درێسی ژمارە ٩ دەپۆشن. لەگەڵ ھەموو داڕشتەیەکدا دەگوونجێت، بەڵام زۆر بە کەمی بوونیان ھەیە کە لە سەری ڕمەوە دەگەڕێنەوە و یاری درووست دەکەن، جووانترین نموونەش فڕانچیسکۆ تۆتییە لە ژێر دەستی ڕاھێنەران لوچیانۆ سپالێتی و ڕۆدی گارسیا و لیۆنێل مێسی لە ژێر دەستی ڕاھێنەر پێپ گواردیۆلا.

٧- ھێرشبەری وەھمی یاری درووستکەر:- ئەم جۆرە یاریزانە زۆربەی کات لە کاتێکدا دەردەکەوێت، کە ڕاھێنەر بە بێ ھێرشبەر یاری دەکات، جووانترین نموونەش وێسڵی شنایدەر و تۆماس مۆلەرن.

٨- بەرگریکاری سوویپەڕ یان لیبێرۆی یاری درووستکەر:- زۆربەی کاتەکان بەرگریکاری سوویپەڕ یان لیبێرۆ دەتوانێت ببێت بە یاریزانی سوویپەڕ یان لیبێرۆی یاری درووستکەر، بەتایبەت لە داڕشتەی ٣ بەرگریکاریدا یەکێکیان دەبێت بە یاریزانی یاری درووستکەر، واتە لە ھەندێک کاتدا ئەم یاریزانە دەچێتە پێشەوە ڕۆڵی یاریزانی ھێڵی ناوەڕاستی ئیڕتیکاز دەبینێت و ھێرشەکان بنیات دەنێت، کە لە ڕابردوو دا وەکو یاریزانی سوویپەڕ یان لیبێرۆ بەکار دەھات، جووانترین نموونەش فڕانس پیکێنپاوەر و گایتانۆ شێریا و فڕانکۆ بارێسی و فێرناندۆ ھێرۆن، بەڵام لە ئێستا دا بە ھۆی یاسای نوێی ئۆفسایدەوە ڕۆڵی یاریزانی سویپەر یان لیبێرۆ کەم بۆتەوە، ھەندێک جار دانێڵی دێ ڕۆسی و جۆرجیۆ کیلینی و لیۆناردۆ بۆنۆچی و داڤید لویز ئەم ڕۆڵە دەگێڕن.

٩- بەرگریکاری یاری درووستکەر:- ئەم جۆرە یاریزانە لە زۆربەی داڕشتەکاندا بوونی ھەیە لە ھێڵی بەرگریەوە یاری درووست دەکات و بەشداری دەکات لە بنیاتنانی ھێرشدا، جوانترین نموونەش سێرجیۆ ڕامۆس و لیۆناردۆ بۆنۆچین، داڤید لویز و سیزاری ئەزپێلیکوێتا دەتووانن ئەم ڕۆڵە بگێڕن.

١٠-گۆڵ پارێزی یاری درووستکەر:- بە ھۆی پێشکەوتنی تاکتیکی (تۆپی پێ)وە زۆر جار پێویستە گۆڵپارێزیش یاری درووست بکات و ھێرش بنیات بنێت، پێوویستە پاس و خوێندنەوەی بۆ یارییەکان ھەبێت، جوانترین نموونەش مانوێڵ نۆیەرە.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

وەڵامێک بنووسە

Back to top button
Close