ناوبژیوانه‌ كورده‌كه‌ی خولی ئیتاڵی بۆ یاریگا ده‌دوێـت

daro2

ئەنجامدانی: كامەران پاڵانی و بێدار عەلی

داراوان ڕەسوڵ, ناوبژیوانی خولی پلەی چواری ئیتاڵی لەم دیمانه‌یه‌دا لەگەڵ ماڵپەڕی یاریگا، وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری یاریگا دەداتەوە و هەروەها باس لە ئەزموونی خۆی لە كاری ناوبژیوانی لە خولەكانی ئیتاڵیا دەكات.

یاریگا: سەرەتا سوپاس بۆ بەخشینی كاتت بە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانمان, ناوی سیانی بەڕێزت؟

داراوان: داراوان ڕەمەزان ڕەسول.

یاریگا: شوێنی لە دایك بوونت؟

داراوان: شاری هەولێر.

یاریگا: لە كەیەوە لە وڵاتی ئیتاڵیا دەژیت؟

داراوان: نزیكەی 7 ساڵە لە ئیتاڵیا دەژیم.

یاریگا: لە كەیەوە دەستت كردووە بە كاری ناوبژیوانی؟

داراوان: لە زستانی ساڵی 2014 بروانامەی ناوژیوانیم پێ درا, ئەوەش پاش تەواوكردنی خولی ئەكادیمیای ناوبژویوانان.

یاریگا: ئێستا لە چی خولێكی ئیتاڵی ناوبژیوانی دەكەیت؟

داراوان: بەگوێرەی تەمەنی یاریزانان خولەكان جیاواز دەبن, ناوبژیوانی یاریەكانی خوار تەمەن 25 ساڵ بەڕیوە دەبەم. هەروەها دەتوانم یاریەكانی سێریا D  بەڕێوە ببەم, بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ناوبژیوانانەوە دەرفەتم پێ نادرێت, ان شا‌و الله لە داهاتوودا دەرفەتی بەڕێوەبردنی یاریەكانی سێریا D  پێ دەدەن.

daro1داراوان له‌ كاتی به‌ڕێوه‌بردنی یاریه‌كی خوار ته‌مه‌ن 25 ساڵ

یاریگا: ئەركی یەكەمی ناوبژیوان چییە لەنێو یاریگادا؟

داراوان: یەكەم شت دادپەروەریی, پاشان هاوسەنگیی و كۆنترۆلكردنی یاریگا, چونكە خۆی بریاردەری یەكەم و كۆتاییە لەسەر ڕووداوەكان, چونكە هەر ناوبژیوانە دەتوانێت یاری خۆش بكات هەر ئەویشە هەندیك جار خۆشی یاری ناهێڵێت.

یاریگا: لەش و لار تاچەند گرینگە بۆ ناوبژیوان؟

داراوان: بێگومان گرینگ و پیویستە بەتایبەت یارمەتیدەر دەبیت بۆ تەركیز كردنی باشتری حاڵەتەكان, بەڵام ته‌نها مەرج  نییە.

یاریگا: ئاستی ناوبژیوان لە خولی ئیتاڵی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

داراوان: ناوبژیوانی ئیتاڵی باشترین ناوبژیوانی جیهانن, لەبەرئەوەی:-

1- خولی ئیتاڵی زیاتر خولێكی بەرگریە, بۆیە ناوبژیوان تەركیزی زیاتر دەخاتە گەڕ.

2- كاری ناوبژیوانی لە ئیتاڵیا لە ئەكادیمیا دەست پێ دەكات, پاش خوێندنێكی زۆر و تاقیكردنەوەیەكی باش بریار لەسەر وەرگرتنی ناوبژیوان دەدەن, دواتر كە وەرگیرا بەردەوام دەبێت تاكو خولی پلە یەكی ئیتاڵیا و ئەمەش ئاستێكی باشی دەوێت.

یاریگا: خولی ئیتالی ساڵانە زۆرترین تێچووی هەیە بۆ بواری ناوبژیوانان, كە دەگاتە 4,5 چوار ملیۆن و نیو, ئەمەش زۆرترینە لە لەئەوروپا. ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ پێت وایە كاریگەری ئەرێنی هەبووبیت؟

داراوان: بەڵێ, بێگومان, چونكە پاداشتی دارایی هۆكاریكی زۆر گرینگە بۆ خۆ ماندوو كردن و جدی بوون لە كاردا.

یاریگا: تا ئیستا ناوبژیوانانی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا بەهاوبەشی 3 جار یارییەكانی كۆتایی مۆندیالیان بەڕیِوەبردووە, ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

داراوان: یەكەم شت بۆ گرینگیدانیان بە بواری ناوبژیوانی بە شێوەیەكی نایاب, دانانی سیستەم و پەروەردە و پێگەیاندنی ناوبژیوانی بەشیوەیەكی ناوازە, هەڵبژاردنی ناوبژیوان بەپێوەری بەرز, لەسەر ئاستەكانی لایەنی دەروونی و لایەنی جەستەیی و لایەنی هونەری.

خاڵی دووەم بەهێزی خولەكانیان هۆكارە بۆ ئەمە, بێگومان بەهرەش هۆكاریكی تری سروشتییە.

یاریگا: بۆچی لە ئیتاڵیا هەمیشە یانەی یوڤێنتوس بە تیپی ناوبژیوان وەسف دەكرێت؟ ئایا لەبەر بێ هێزی یانەكانە یان ڕاستە؟

داراوان: ناتوانم هیچ لەو بارەیەوە بڵێم, چونكە بەڵگەی تەواوی دەوێت كە ناوبژیوان یارمەتی یوڤی دابێت, منیش هیچ بەڵگەم لە بەردەستدا نییە, لە هەمان كاتدا یوڤێنتوس لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاستی زۆر بەهێز بووە و شەش وەرزە لەسەر یەك ناسناوی خولی ئیتاڵی بەدەست دەهێنێت و لە دوایین سێ وەرزدا 2 جار گەیشتۆتە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ.

یاریگا: هیچت هەیە دەربارەی كالچیۆ پۆلی؟

داراوان: نەخێر.

یاریگا: بەكام ناوبژیوان سەرسامیت, دەتەوێت هەمیشە لاسایی بكەیتەوە؟

داراوان: نیكۆلا ڕیزۆلی ئیتاڵی.

daro3داراوان و نیكۆلا ریزۆرلی

یاریگا: نیكۆلا ڕیزۆلی لە 4 سالی ڕابردوو دوو جار بۆتە باشترین ناوبژیوانی جیهان و دوو جاریش پلەی دووەم, چیت هەیە بۆی؟

داراوان: بەڕاستی ئەو باشترینە, كەسایەتییەكەی زۆر بەرزی هەیە لەنێو یاریگا و لەدەرەوەی یاریگاشدا, زۆر هێمنە, لە بڕیاردان پەلە ناكات و هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناكات, ئەو بێ وێنەیە.

یاریگا: چی یاسایەك هەیە لەیاساكانی تۆپی پێدا كە تۆ بە زیادی دەزانی و پێت باشە هەموار بكریتەوە؟

داراوان: زۆر گۆڕانكاری كراوە لەیاساكان بۆیە لەئێستادا هیچ یاسایەك بەزیاد نازانم.

یاریگا: چی یاسایەك بەپێویست دەزانی زیاد بكریت بۆ یاساكانی تۆپی پی؟

داراوان: زیادكرنی ژمارەی گۆڕانكارییەكان بەتایبەت ئەگەر هاتوو یارییەكان گەیشتنە كاتی زیادكراوی 30 خولەك.

یاریگا: چیت هەیە لەسەر بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا؟ پێت باشە هەبیت یاخود نا؟

داراوان: ئەگەر چی زۆر جار هەڵەی كوشندە دەبینین لەیارییەكاندا, زۆرجاریش هەڵەكان بوونەتە هۆكاری دوورخستنەوەی تیپێك و سەرخستنی یەكێكی تر, بەڵام لەگەل هەموو ئەوانەشدا من لەگەڵ ئەوەدا نیم تەكنەلۆژیا بەكاربهینریت, چونكە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی تاموچێژی یارییەكان و ڕۆڵی ناوبژیوانیش كەم دەكاتەوە. دەكرێت ڕێگە چارەسەریكی تر بگیرێتە بەر بۆ كەمكردنەوەی هەڵەكانی ناوبژیوان.

یاریگا: ئەگەر  لەكوردستان بەفەرمی داوات لێبكەن بگەڕێیتەوە ئەوا دەگەڕێیتەوە؟

داراوان: ناتوانم بڵێم بەڵێ یاخود نەخێر, چونكە خزمەتكردنی من لێرە وەك كوڕە كوردێك لەژێر ناوی كوردستان هیچ جیاوازی نییە لەوەی لە كوردستان خزمەت بكەم بگرە زیاتر دەبێتە هۆی ناساندنی كورد . بۆیە ناتوانم جاری بڕیار بدەم, ئەگەر بابەتە بووە فەرمی ئەوكات بیری تەواوی لیدەكەمەوە و باشترین بڕیار دەدەم.

یاریگا: هیچ پرۆژەیەكت هەیە لەكوردستان ئەنجامی بدەیت؟

داراوان: بێگومان, لەوانە : ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار, هەروەها گواستنەوەی ئەو شتانەی لێرە فیربووم و لەكوردستان نین, تا ئاستی ناوبژیوانیی لەكوردستان پێشكەوتوو تربیت.

یاریگا: خۆزگە و ئاواتت چییە؟

داراوان: حەزدەكەم زیاتر بەرەو پیش بچم لەكارەكەم بتوانم ئەوەی لە خەیاڵمە بەدی بێنم و ئامادەم هەموو قوربانییەك بدەم لەپێناو گەیشتن بە خەونەكانم, دەشمەویت زیاتر كورد بەدنیا بناسینم لەڕێگای پیشەكەمەوە.

یاریگا: قەت بیرت لەوە كردۆتەوە واز لەكارەكەت بهینی؟

داراوان: نەخێر, هەرگیز, بەڵام ناشزانم لەداهاتوودا چی ڕوودەدات ئەگەر هیچ شتیكی نەخوازراو نەهاتە پێش بێگومان من بەردەوام دەبم.

یاریگا: پەیوەندیت چۆنە لەگەل ئەو كەسانەی لەدەوروبەرتن لەوێ؟ كاتیك دەزانن تۆ كوردی چۆن ڕەفتار دەكەن بەرامبەرت؟

داراوان: باشترین پەیوەندیمان هەیە

یاریگا: ئەم پەیوەندیە باشە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

داراوان: من وەكو خۆم كەسێكی تێكەڵ و ڕووخۆشم ئەوەیان هۆكارە و دووەم ئەوانیش ڕێزی تەواوم دەگرن بگرە زیاتر لەوانی تریش ڕێزم دەگرم.

یاریگا: دوا پەیڤت چییە؟

داراوان: دەمەویت زۆر سوپاسی ماڵپەری یاریگا بكەم بۆ ئەم دیمانه‌یه‌, سوپاسی بێ پایانی هەردوو بەڕیزان (كامەران پاڵانی  و بێدار عەلی) دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم دیمانه‌یه‌. لێرەشەوە دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم كە پشتیوان و یارمەتیدەرم بوون. یەكە یەك بێ جیاوازی ژمارەیان گەلێك زۆرن ناتوانم ناویان بهینم. سوپاسی ئەندامانی خیزانەكەم دەكەم بۆ پشتگیری نەبڕاوەیان.

چه‌ند وێنه‌یه‌كی داراوان له‌ كاتی به‌ڕێوه‌بردنی یاریه‌كاندا

daro4 daro5 daro6 daro7 daro8 daro9 daro10 daro11 daro12

بابه‌تی هاوشێوه‌

وەڵامێک بنووسە

Back to top button
Close