مانچێسته‌ر سیتی X مانچێسته‌ر یونایتد … ئاماره‌كانی پێش یاریه‌كه‌

19

یاریگا – ئه‌مرۆ كاتژمێر (10) شه‌و به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان، یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی له‌ یاریه‌كی دواخراوی گه‌ڕی (26)ی خولی نایابی ئینگلته‌رادا، له‌ نێو یاریگای (ئیتیحاد)ی تایبه‌ت به‌ خۆی، میوانداری یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد ده‌كات، ئه‌م یاریه‌ به‌ دێربی شاری مانچێسته‌ر داده‌نرێت و گرنگییه‌كی تایبه‌تی بۆ هه‌ردوو تیپ هه‌یه‌، هه‌ردوو یانه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌م یاریه‌ چانسی به‌شداری كردن له‌ پاڵاوتنه‌كانی چامپیۆنزلیگ به‌ده‌ست بهێنن. هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی یاریگا، چه‌ند ئامارێكی گرنگی پێش ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌كه‌یان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌:-

1- دواین دێربی شاری مانچێسته‌ر له‌ خولی نایابی ئینگلته‌رادا، كه‌ له‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ ئه‌نجام درابێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی (11)ی ساڵی (1994)، مانچێسته‌ر یونایتد به‌ ئه‌نجامی 5 گۆڵی بێ وه‌ڵام، له‌ مانچێسته‌ر سیتی برده‌وه‌.

2- جۆزێ مۆرینهۆ له‌ دوایین 4 یاری له‌ به‌رامبه‌ر مان سیتی له‌ پریمه‌رلیگدا، هیچ یاریه‌كی نه‌بردۆته‌وه‌، له‌ 2 یاریدا دۆڕاوه‌ و له‌ 2 یاریشدی یه‌كسان، ئه‌مه‌ش پاش 6 بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌كی له‌ مان سیتی له‌ نێوان مانگی (10)ی ساڵی (2005) بۆ مانگی (2)ی ساڵی (2014).

3- پیپ گواردیۆلا له‌ دوایین 18 یاری له‌ به‌رامبه‌ر جۆزێ مۆرینهۆدا، 8 یاری بردۆته‌وه‌ و مۆرینهۆش 4 یاری، له‌ 6 یاریشدا یه‌كسان بوون.

4- به‌ بردنه‌وه‌ی یاریه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و، پیپ گواردیۆلا ده‌بێت به‌ چواره‌مین ڕاهێنه‌ر له‌ مێژووی مان سیتی دا، كه‌ هه‌ردوو یاری چوون و هاتنی دێربی مانچێسته‌ری له‌ خولی ئینگلیزی بردبێته‌وه‌، پاش هه‌ر یه‌كه‌ له‌ (جۆن بێنتلی) و (سڤین گۆران ئێریكسۆن) و (مانوێل پلیگرینی).

5- واین رۆنی هێرشبه‌ری مان یونایتد، 11 گۆڵی له‌ دێربی مانچێسته‌ر له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتیه‌كاندا تۆماركردووه‌، به‌ڵام له‌ دوایین 5 یاری نه‌یتوانیوه‌ گۆڵ تۆماربكات.

6- سێرجیۆ ئه‌گویڕۆ له‌ دوایین 5 یاری پریمه‌رلیگ، گۆڵی تۆماركردووه‌، ئه‌مه‌ش دووه‌م باشترین زنجبره‌ی تۆماركردنی گۆڵیه‌تی له‌گه‌ڵ مان ستی دا، باشترین زنجیره‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێوان مانگی (4) و (5)ی ساڵی (2016)، كه‌ بۆ 6 یاری له‌سه‌ریه‌ك گۆڵی تۆماركرد.

7- مان یونایتد له‌ دوایین 23 یاری له‌ پریمه‌رلیگدا نه‌دۆڕاوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ یاریه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و نه‌دۆڕیت، ئه‌وا درێژترین زنجیره‌ی بردنه‌وه‌ی خۆی یه‌كسان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ وه‌رزی (2010 – 2011) بۆ 24 یاری له‌سه‌ر یه‌ك نه‌دۆڕا.

8- مان سیتی له‌ دوایین 15 یاری نێو یاریگای خۆی له‌ خولی نایابدا، ته‌نها له‌ 1 یاریدا دۆڕاوه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا مان یونایتد به‌ 9 یه‌كسانی، زۆرترین ڕێژه‌ی یه‌كسان بوونی هه‌یه‌ له‌ نێو یاریگای خۆی له‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگدا.

9- سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ  هێرشبه‌ری مان سیتی، 10 گۆڵی له‌ دێربی مانچێسته‌ر له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتیه‌كاندا تۆماركردووه‌، به‌ڵام له‌ دوایین 2 یاری نه‌یتوانیوه‌ گۆڵ تۆماربكات.

10- ئالان شیرار به‌ تۆماركردنی 260 گۆڵ، گۆڵكاری مێژوویی خولی نایابی ئینگلته‌رایه‌، واین رۆنیش به‌ تۆماركردنی 196 گۆڵ، له‌ پله‌ی دووه‌م دێت.

11- ئێستا مان سیتی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 64 خاڵ، له‌ پله‌ی 4 ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش سێرجیۆ ئه‌گویڕۆیه‌ به‌ تۆماركردنی 17 گۆڵ.

12- ئێستا مان یونایتد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 63 خاڵ، له‌ پله‌ی 5 ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچه‌ به‌ تۆماركردنی 17 گۆڵ.

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Back to top button
Close