ئەمشەو یانەی شاهانە بۆ یازدەهەمین و ئاتلەتیکۆ بۆ تۆڵە و یەکەمین چامپیۆنزلیگ دەجەنگن

ڕۆناڵدۆ، گریزمان ..کامیان جامەکە بەرز دەکەنەوە
ڕۆناڵدۆ، گریزمان ..کامیان جامەکە بەرز دەکەنەوە

یاریگا

چەند کاتژمێرێکی دیکە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان یانەی ڕیاڵ مەدرید و ئاتلەتیکۆ مەدرید لە شاری میلانۆ ی ئیتاڵیا دەستپێدەکات.

سەعات 9.45 یاریگای سان سیرۆ لە شاری میلانۆ ی ئیتاڵیا، میوانداری هەردوو جەمسەرەکەی شاری مەدرید دەکات، کە بریتین لە یانەی ڕیال مەدرید و ئاتلەتیکۆ مەدرید، ڕاهێنەرانی هەردوو، یانە لە دوایین پرێس کۆنفرانسی بەر لە یارییەکە لەسەر زەحمەتی ئەو یارییە ڕووبەڕووبووتەوە کۆک بوون.

سەرەتا سمیۆنی راهێنەری ئاتلەتیکۆ مەدرید ئامادەیی یانەکەی ڕاگەیاند گوتی” شێوازی یاریکردنی خۆمان ناگۆڕێت، ئێمە تەنها بە بردنەوە دڵخۆش دەبین، هیچ شتێکی دیکە دلخۆشمان ناکات، یارییەکە زۆر زەحمەتە بەڵام شانسی بردنەوەمان هەیە، و دواتر زۆر ستایشی کاسیمێرۆی کرد و بە کلیلی ڕیاڵ مەدریدی وەسف کرد.

لە لایەن خۆیەوە، زێدان راهێنەری ڕیاڵ مەدرید متمانەی خۆی بە یاریزانان دووبارە کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەگەر بیانەوێت 11 هەمین چامپیۆنزلیگ دەستەبەر بکەن دەبێت، ئازار بچێژن و مەینتەتی ببینن، هەروەها گوتی ئەو جامە بە ئاسانی بە دەست نایەت، سەبارەت بە چاودێری کردنی ئەستێرەکانی ئاتلەتیکۆ مەدرید، زیزۆ گوتی” چاودێری هەموو یاریزانان دەکەین، چاودێری کردنی تایبەت بۆ کەس دیاری نەکراوە”، سەبارەت بە ئامادەیی ڕۆناڵدۆ ئاماژەی کرد کە ئەو 100% ئامادەیە، تەنها ڤاران بە هۆی پێکانەوە دور خراوەتەوە.

سێیەمین یاری کۆتایی یە کە هەردوو یانەکەی ئیسپانی بن

ئەو یارییەکەی ئەمشەو سێیەمین یارییە کە دوو یانەی ئیسپانی لە یاری کۆتایی لە خۆوە بگرێت، پێشتر لە سالی 2000 یانەی ڕیاڵ مەدرید و ڤالەنسیا بەیەک گەیشتن و یانەی شاهانە 3-0 یارییەکەی بردەوە، دووەم جار لە ساڵی 2014 هەردوو یانەی ڕیاڵ و ئاتلەتیکۆ بەیەک گەیشتن، ئەم جارەش ڕیاڵ مەدرید بەئەنجامی 4-1 لەکاتی زیادکراو یارییەکەی بردەوە، یاری ئەمشەویش سێیەمین یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگە کە لە نێوان یانەکانی ئیسپانیا ئەنجام بدرێت.

یارییەکە چۆن دەبێت؟

بە گوێرەی چاودێران و شارەزایانی بواری تۆپی پێ یارییەکەی ئەمشەو زیاتر تاکتیکی دەبێت و یانەی ئاتلەتیکۆ هەوڵ دەدات هەموو بۆشاییەکان لەبەرانبەر ڕۆناڵدۆ و هاوڕێیانی کەم بکاتەوە، هەروەها سیمیۆنی هەوڵ دەدات بە پشت بەستن بە دروست کردنی فشاری بەرز بۆ سەر یاریزانانی ڕیاڵ و ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانەی خیرا و لێدانە ڕاستەو خۆ و نا ڕاستەوخۆکان گۆڵ تۆمار بکات، لە لایەن یانەی ڕیاڵ مەدریدش زیزۆ ئاگادارە کە ئەگەر بە درێژایی ڕۆیشتنی کات گۆڵ تۆمار نەکات ئەوا فشاری دەروونی بۆ سەر یاریزانانی زیاتر دەبێت و متمانەی یانەی بەرامبەر زیاد دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات هەلەکان بقۆزێتەوە و هیچ هەڵەیەک لە لایەن یاریزانان ئەنجام نەدرێت.

لە ڕووی مێژوویی ڕیاڵ مەدرید باشترە

لە ڕووی مێژووییەوە، تا ئێستا ئەو دوو یانەیە لە 158 یاری بەیەک گەیشتوون، یانەی شاهانە لە 85 یاریدا سەرکەوتنی تۆمار کردووە، یانەی ئاتلەتیکۆش 34 یاری بردووەتەوە، هەردوو یانەش لە 39 یاریدا یەکسانبوون، یانەی شاهانە توانیویەتی 281 گۆڵ تۆمار بکات، یانەی ئاتلەتیکۆ مەدریدیش 213 گۆڵی تۆمار کردووە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا، هەردوو یانەکە 6 یارییان ئەنجام داوە، یانەی ڕیاڵ لە 4 سەرکەوتوو بووە، لە یەک یاریش دۆڕاوە و یارییەکیش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.

Tags
Show More

بابه‌تی هاوشێوه‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Back to top button
Close